دیموكراسی كوژەكانی‌ كورد

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 10-06-2017 - 3764 جار خوێندراوەتەوە

عومەر عەلی محەمەد

دەسەڵاتە تاكڕەوەكانی‌ رۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست بەردەوام سودیان لە هەڕەشە و مەترسیەكانی‌ تیرۆر وەرگرتووە بۆئەوەی‌ ئازادی‌ لە وڵاتەكانیاندا سنوردار بكەن و گەشەی‌ دیموكراسی‌ بوەستێنن و باسكی‌ عەسكەرتاریانەیان بەهێز بكەن و سنورێك بۆ میدیای‌ ئازاد و كۆمەڵگەی‌ مەدەنی‌ دابنێن.

 لەبەرئەوە زۆرجار ئەم رژێمانە هەر خۆیان بەجۆرێك لە جۆرەكان رۆڵیان هەبوە لە بەردەوامی‌ گەشەی‌ تیرۆر و گروپە تیرۆریستیەكان، لەهەمانكاتدا بۆ بێ‌ دەنگ كردنی‌ رۆژئاواییەكان و هەڵوێستی‌ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان دێن و مەترسی‌ تیرۆر گەورە دەكەن و وەك هەڕەشەیەك لەسەر ئاسایشی‌ گشتی‌ جیهان لە قەڵەمی‌ دەدەن، ئەم جۆرە هەڵوێستانەش لە ساڵانی‌ رابردوودا لە سەر  قاعیدە و بوكوحەرام و ئەنسارولئیسلام و دەیان گروپی‌ تری‌ توندڕەو پیادە كراوە ، ،وڵاتە زلهێزەكانیش زۆر جار لە بەرامبەر پشتیوانی‌ پەیداكردن بۆ شەڕی تیرۆر ،چاویان نوقاندوە لە رژێمە سیاسیەكان كە رەفتاری‌ دژە دیموكراسیان ئەنجامداوە، بەنمونەش پشتیوانی‌ لە كودەتا سەربازیەكەی‌ میسرو بێدەنگیان لە ئاست ئیفلیجكردنی‌ پەڕلەمانی‌ كوردوستان و پێشێلكردنی‌ ئازادیەكانی‌ تاك و گەندەلیەكانی‌ حكومەتی‌ كوردوستان و عێراق.  

لە كوردستانیشدا لەوكاتەوە كە هەڕەشەی‌ داعش سەری‌ هەڵداوە دەسەتەڵاتی‌ كوردی‌ لەكاتێكدا كە روبەڕووی‌ هەڕەشەكانی‌ داعش بوەتەوەو وەك هێزێكی‌ كاریگەر توانی‌ مەترسیەكان لەسەر سنوری‌ كوردستان دور بخاتەوە، بەڵام بە دیوێكی‌ تردا نەیتوانی‌ هاوسەنگی‌ لە نێوان درێژەدان بە جەنگی‌ داعش و گەشەپێدانی‌ دیموكراسی‌ بپارێزێت، هاوشێوەی‌ رژێمە عەرەبیەكان چۆن مەترسیەكانی‌ ئیسرائیل لەسەر وڵاتەكانیان گەورە دەكەن و بە بیانوی‌ روبەڕوبوونەوەی‌ هەڕەشەكانی‌ ئیسرائیل دریًژە دەدەن بە باری‌ نائاسایی‌ و سەركوتكردنی‌ گەل و سنورداركردنی‌ ئازادیەكان و بەرتەسك كردنەوەی‌ ئازادی‌ سیاسی‌ لە بەردەم پارتەكان و لاوازكردنی‌ دیموكراسی‌ بەشێوەیەكی‌ گشتی.

 ئەمانیش هاوشێوەی‌ ئەوان رەفتار دەكەن ، راستە بەرەو روبوونەوەی‌ داعش و گروپە تیرۆریستیەكان بەرپرسیاریەتێكی‌ نیشتمانی‌ گشتیە، بەڵام لە بەرامبەردا نابێت ئەمە كاریگەری‌ هەبێت بۆ لاوازكردنی‌ گەشەپێدانی‌ دیموكراسی‌، چونكە هەتا دیموكراسی‌ بەهێز بێت ئینتیمای‌ تاكەكان بۆ نیشتمان باشتر دەبێت و ریزەكانی‌ ناوخۆ پتەوتر دەبێت و نەسیجی‌ كۆمەڵایەتی‌ لەڕووی‌ هێزەوە زیاتر بە یەك پارچەیی‌ دەردەكەوێت، راستە دەسەڵاتی‌ كوردی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان بەرامبەر بە داعش سەركەوتوو بوو، بەڵام دەبێت ئەو راستیەش بڵێین كە پەیوەندی‌ نێوان هێزە سیاسیەكان و دامەزراوە شەرعیە دیموكراسیەكان بەرەو لاوازی‌ رۆیشتن و تەنانەت دامەزراوەیەكی‌ شەرعی‌ وەك پەرلەمان كە بەدەنگی‌ خەڵك هەڵبژێردرا بە تەواوی‌ ئیفلیج كرا.

كارن روس لە كتێبی‌ (شۆرشِ بەبێ‌ سەركردەكان) باس لەوە دەكات كە لە ئێستادا سیاسیەكان لەگەڵ‌ كۆمپانیا زەبەلاحەكان دەستیان تێكەڵ‌ كردووە و سیاسیەكان لە جیاتی‌ گەڕان بە شوێن چارەسەری‌ گرفتەكانی‌ خەڵكدا كەوتوونە گەڕان بەشوێن قازانجدا، ئەندام پەرلەمانەكان لە جیاتی‌ ئەوەی‌ هەست بەو بەرپرسیارێتیە بكەن كە لە ئەستۆیاندایە، دێن هەریەكەیان لەبیری‌ بەرژەوەندی‌ خۆیاندان و لەگەڵ‌ كۆمپانیا و پارتە سشیاسیە دەسەڵاتدارەكاندا دەست تێكەڵاو دەكەن و ئەوانیش دەكەونە شوێن بەرژەوەندی‌ تایبەتی‌ خۆیان.ئەو دەلێت نابێت دلمان بە دیموكراسی‌ خۆش بێت بۆ چارەسەری‌ گرفتەكان ،ئەو باس لە پۆست دیموكراسی دەكات .

ئەو دیموكراسیەی‌ كە ئێستا لە كوردستاندا هەیە بەتاڵ‌ كراوەتەوە لە هەموو مانا راستەقینەكەی‌ خۆی‌ ، بەڵكو بە ئاڕاستەیەكی‌ ترسناك هەنگاوی‌ ناوە، كە ئەویش بە بیانووی‌ قەیران و شەڕی‌ تیرۆر ، هەموو قورسایی‌ و باجەكە خراوەتە سەر شانی‌ هاوڵاتی‌ و دەبێت ئەو باجەكەی‌ بدات، قەرزی‌ كۆمپانیاكان قەرزی‌ بەڵێندەران، دۆڕاندنەكانی‌ حكومەتی‌ هەرێم بەرامبەر بە دانا گاز، هەموو ئەو شكست و قەیرانانە دەهێنن و دەبێت هاوڵاتی‌ باجەكەی‌ بدات.

لەبەرئەوە ئەوەی‌ ئێستا لە كوردستاندا دەبینرێت ئاراستەیەكی‌ دژە دیموكراسیە و دروستكردنی‌ وێنەیەكی‌ ترە كە ئەویش هەمووی‌ بە ئاڕاستەیەكدا دەبرێت كە بەهێزكردنی‌ هەژموونی‌ دوو پارتی‌ دیاریكراوە بەسەر تەواوی‌ جومگەكانی‌ دەسەڵات و سەرچاوەكانی‌ هێز، لەم رێگەیەشەوە تەواوی‌ كۆمەڵگە و پارتە سیاسیەكان و رێكخراوەكانی‌ كۆمەڵگەی‌ مەدەنی‌ و میدیاكان دەخرێنە ژێر فشار ، هەتا پابەندبن بە سیاسەتەكانیانەوە، لەم رێگەیەشەوە هەموو ئەو كەناڵانەیان بێدەنگ كردووە كە رۆڵی‌ چاودێری‌ دەبینن بەسەر دەسەڵاتەوە، هەر لە پەرلەمانەوە بیگرە هەتا كۆمەڵگەی‌ مەدەنی‌ و میدیای‌ ئازاد.

لەلایەكی‌ تریشەوە نا هۆشیاری‌ كۆمەڵگا بەرامبەر مافە مەدەنیەكانیانیان ئیستغلال كردوە. بۆئەوەی‌ كە بەكاریان بهێنن بۆ هەر سیناریۆیەك كە دروستی‌ دەكەن هەتا زیاتر درێژە بە دەسەڵاتی‌ سیاسیان بدەن، تەنانەت لە دەنگادانەكانیشدا ئەوان بۆیان دیاری دەكەن كە كەی‌ دەنگ بدەن و كەی‌ بێ‌ دەنگ بن، چونكە بە سیاسەتێك دەسەڵاتی‌ كوردی‌ نەیهێشت كوردستان ببێت بە خاوەنی‌ دەستور، لەبەرئەوە تا هەنوكەش مەرجەعیەتی‌ باڵای‌ یاساكان و دادگاكان بریتیە لە مەكتەبی‌ سیاسی‌ حیزبە باڵادەستەكان، بۆ ئەم مەبەستەش ئەوان دەبنە سەرچاوەی‌ سەرەكی‌ بڕیارە سیاسیەكان ،لەبەرئەوە دەبینین كە پەرلەمان پەك دەخەن كە گرنگترین دامەزراوەی‌ دیموكراسیە، بەڵام لەلایەكی‌ ترەوە داوای‌ ریفراندۆم دەكەن و دەڵێن بۆ ئەم پرسە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خەڵك.

راستە ریفراندۆم پرسێكی‌ نیشتمانیە و پێویستە جەماوەر دەنگی‌ لەسەر بدات ،بەڵام خۆ پەرلەمان گرنگتر و شەرعی ترە، ئەی‌ بۆچی‌ رێزێك بۆ رای‌ دەنگەكانی‌ خەڵك دانانرێت و هەر لەو دەزگایەوە ئەو بڕیارە نادرێت؟ كەواتە لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین دیموكراسی‌ لە كوردستاندا بەرەولێژ بوونەوە هەنگاوی‌ ناوە، ئەگەر پارتە سیاسیەكان و دەسەڵات بەری‌ پێ‌ نەگرن و بە دیدگایەكی‌ نوێ‌ مامەڵە لەگەڵ‌ ئەم دۆخەدا نەكەن وەك كارن روس دەڵێت مەرگی‌ دیموكراسی‌ بەچاوی‌ خۆمان دەبینین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP