ئاستەنگەكانی بەردەم ڕیفراندۆم

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 10-06-2017 - 3304 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح

بە ڕای پسپۆڕانی بواری دەستور ویاساناسان، پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان پێویستی بە چەندین لێكۆڵینەوەو توێژینەوە و كۆنفرانسی زانستی یاسایی هەیە، تابتوانرێت ڕێگا چارەیەك بدۆزرێتەوە،بۆ زاڵبوون  بەسەر هەموو ئەوكۆسپ وئاستەنگانەدا كە دێتە پێش لەكاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا،هەڵبەتە ئاستەنگەكان زۆرن بەڵام گرنگترینیان بریتین لە: 
 
- ئاستەنگی یاسایی..  

لە رووی یاساییەوە دەبێت لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە ریفراندۆم هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە پێشتر لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەك گەڵاڵە كرابوو، بەڵام تائێستاش چاوەڕێی نووسینی راپۆرتی لیژنەی كاروباری یاسایی و پەسەندكردنیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە كەلە ئیستادا بەداخەوە بەبڕیارێكی حیزبی  ئەودەزگا شەرعیە پەكخراوە.  

بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ بەدەستهێنانی ئەومافەی خەڵكی كوردستان بۆسەربەخۆیی، پرۆسەیەكی یاساییە نەك تەنها سیاسی ، دەبێت لە دەستوورو ‌دەقە یاسایی یەكاندا ئەو مافە بە ڕاشكاوی ناوی هاتبێت وئاماژەی پێكرابێت. 

هەرچەندە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمان مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان، بەڵام بەگوێرەی یاسا بەركارەكانی تایبەت بە دەسەڵاتەكان لە هەرێم، هیچ یەكێك لە دەسەڵاتەكان (پەرلەمان ، سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت) رانەسپێردراون بە مومارەسەكردنی دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆم ،جگە لەوە بەگوێرەی بڕگەكانی (یەكەم و دووەم وسێیەم و چوارەم)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان عێراق ، تەنها دەسەڵاتی سەرپەرشتی و رێكخستن و دەركردنی رێنمایی تایبەت بە یاساكانی هەڵبژاردنی پێداون ، بۆیە لەسەرەتاوە دەبێـت لە رووی یاساییەوە ئەو لایەنە دیاری بكرێت كە دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆمی هەیە لەگەڵ دیاری كردنی وردەكاری ریفراندۆم.

هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە تەنها پەیماننامەو ڕێككەوتننامەو جاڕنامە نێودەوڵەتیەكان بەس نین -هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە ئەو بڕیارو ڕێككەوتننامانەی نەتەوە یەكگرتووەكان هێزی پابەندێتی (‌‌الزامی)یان نیە-‌ بۆ ئەوەی گەل، نەتەوە، هەرێم یا هەر پارچەیەك لە دەوڵەت ئارەزووی جیابونەوە بكات‌و ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجامبدات، بەڵكو پێویستە دەستورو ڕێساو یاسای ئەو دەوڵەته  ئەو مافەی پێ بەخشیێت. بۆ نمونە لەدەستوری هەمیشەیی 2005ی عێراقدا بەم جۆرە باس لەم بابەتە كراوە:

1. عێراق پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی‌ و ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیی‌ و كارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا.

2. عێراق هەردوو "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی‌و سیاسییەكان" لە 16/كانونی یەكەمی 1966، و "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و كەلتورییەكان" لە 16/كانونی یەكەمی 1966. بە بێ هیچ خۆگرییەك (تحفڤ) واژۆ كردووە.

3. لە دەستوری عێراقدا هیچ دەقێكی ناچاری بۆ یەكێتی خاكی عێراق بەڕاشكاوی نەهاتووە. بەڵكو ئەوە لە دیباجەی دەستوردا هاتووە، پابەندبوون بەم دەستورەوە‌ یەكێتی خاكی عێراق دەپارێزێت.

4. لە كۆتایی دیباجەی دەستوری هەمیشەیی ساڵی (2005)ی عێراقدا هاتووە "پێكهاتەو لایەنەكان بەئارەزوومەندانە چارەنوسی خۆیان بە عێراقەوە گرێداوە..."، ئەم دەقە یاساییە ئەو هەلەش دەرەخسێنت كە هەرێم بە ئارەزوومەندانە لە عێراق جیا ببێتەوە.

ریفراندۆم ، وەك هەر كارێكی یاسایی و سیاسی، وەك شێوازێكی تێكۆشان بۆ بڕیاردانی چارەنووس ، بۆ ئەوەی ببێتە واقیع ، پێویستیی بە ئاوێتەبوون و كارلێكی هۆكارە بابەتی و خۆییەكان هەیە تا رادەی پێگەیشتن . دیارە پێگەیشتنی ئەو هۆكارانەشە كە لە "خەون " و " سۆز " و" خەیاڵ "  ، بە گوتەی بەرامبەر ، دەگۆڕێت و دەبێتە واقیعێكی زیندوو و بەرچاو .

- ئاستەنگی نێوخۆیی ...

لەبەر ئەوەی ریفراندۆم وەك هەنگاوێكی چارەنووسساز بەر لە بڕیاردان پێویستی بە زەمینەسازی وكۆدەنگی و ئاشتەوایی سیاسی و رێگای یاسایی هەیە، دیارە بۆ ئەوەی كارێك یان دیاردەیەك  بەم پڕۆسەیەدا بڕوات ، دەبێت بنەمای لە زەمینەی واقیعدا هەبێت ، بارودۆخ و هۆكاری زیندووی بۆ رەخسابێت . بەبێ ئەوانە گەشەكردنی یان پێگەیشتنی بۆ وەرچەرخان  بە یەك واقیع نایەتەدی.  كەواتە دەروازەی یەكەم بۆ ڕاگەیاندنی ریفراندۆم دەبێت بەر لە هەر شتێك ئاشتەوایی سیاسی بەدی بێت و پەرلەمان رۆڵی بۆ بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت یاسایەك پەسەند بكات بۆ دیاریكردنی میكانیزمی ریفراندۆمەكە و پێدانی دەسەڵات بۆ راگەیاندنی ریفراندۆم.

 دەبێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێگەی بە واقیع بونی هەبێت ،وەكاری واقیعی وەها پێناسە دەكرێت كە كارێكە لە زەمینەی واقیعدا بوونی هەیەو ، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان  ، هەلومەرجی لەباری بۆ رەخساوە. واتە كارێكە لە توانادایە بكرێت وببێتە واقیعێكی بەرچاو . ئەم كارە سەرەتا  لە سنووری مومكین و ئەگەرێكدایەو ، بە یارمەتی كۆمەڵێك هۆكارو لە جووڵانەوەی خۆیدا بەرەو پێشەوە ، مەرجەكانی پێدەگات و  ، لە چركەساتی هەماهەنگی هەموو مەرجەكاندا پێكەوە ، دەگاتە مەبەست و ئامانجەكانی و ، ئەوەی مومكین و ئەگەر بوو بە واقیعێكی هەستپێكراو دەگۆڕێت .

دیارە بۆ ئەوەی كارێك یان دیاردەیەك  بەم پڕۆسەیەدا بڕوات ، دەبێت بنەمای لە زەمینەی واقیعدا هەبێت،  بارودۆخ و هۆكاری زیندووی بۆ رەخسابێت . بەبێ ئەوانە گەشەكردنی یان پێگەیشتنی بۆ وەرچەرخان  بە یەك واقیع نایەتەدی . كەواتە پێگەیشتنی بارودۆخێكی گونجاو یەكێكە لە بنەماكانی گەیشتن بە واقیعێكی نوێ.

- ئاستەنگی نێودەوڵەتی ...

‌هەرلەگەڵ وروژاندنی بابەتی ڕیفراندوم وسەربەخۆیی كوردستان كە هەروەك پێشبینی كرابوو هەریەك لە حكوموتی عێراق،ووڵاتانی دراوسێی وەك ئێران،توركیا سوریا،زۆرینەی ووڵاتانی عەرەبی  دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندووە.

دەوڵەتە زلهێزەكانی دونیاش وەك ڕووسیا لەڕێی نوێنەرەكەیانەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش بەئاشكرا ڕایگەیاند كە ئەوان لەگەڵ یەك پارچەیی خاكی عێراقن.

ئەمەریكاش تائێستا هەڵوێستێكی ڕونی نیە،بەڵام،بەشێوەی نافەرمی لەچەند شوێنێك ئاماژە بەوەدەكەن كە  یەكپارچەیی خاكی عێراقیان بەلاوەگرنگترە.

هەروەها هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ‌ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ستیڤان دواریك وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەئەنجامی پرسیارێكی كەناڵی NRT ڕایگەیاند "ئێمە ‌تێبینی ئەو ڕاگەیەندراوەمان كرد كە ‌لەلایەن دەسەڵاتدارانی كوردستانەوە سەبارەت بە ‌ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاشكراكرا، هەڵوێستی ئێمە لەو بارەیەوە ‌ڕوونە كە ‌ئەویش هاوتەریبە لەگەڵ دەستوور".

وتیشی "لەكاتێكدا ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە ‌بە (‌بەڵێ) بوو و كوردستانیش ویستی ببێتە ‌ئەندام لە ‌نەتەوە ‌یەكگرتووەكان وەكو دەوڵەتانی تر، ئەوا دەبێت ئەوكاتە ‌ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری لەسەر بدات و بە ‌فلتەری ئەنجوومەنی ئاسایشدا بڕوات بۆ یەكلاكردنەوەی".
لەبارەی ئەوەی ئایا نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیە چاودێری ڕیفراندۆم بكات؟ وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی "سیاسەتی ئێمە بەو شێوەیەیە ‌كە ‌بەڵێ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەكەین و چاودێری دەكەین، بەو مەرجەی حكومەتی ناوەندی عێراقی داوامان لێبكات".

لە كۆتایی دا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەلومەرجی بابەتی بۆ بەرپاكردنی ریفراندۆم بەم هەموو كەموو كورتیەوە چی بە هۆی  نەگونجانی هێزو لایەنە سیاسیەكان و بەبرسی كردنی خەڵك وتۆرانیان لەدەسەڵات و ناشەفافی لە گرێبەستە نەوتیەكان ودیارنەمانی وشاردنەوەی قوتی خەڵك،كۆمەڵێك وەك پاشاو مەلیك بژین و خەڵكە ڕەشووڕووتەكەش ژیانێكی كولەمەرگی بژین، ئایا بەم هەموو كەموو كورتیەوە تاچەند ئەم هەلومەرجە لەبارە بۆ ئەنجام دانی ڕیفراندۆم‌!؟ وەڵامێكی لۆژیكی  راست ودروست بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە نەك وەڵامێكی چەواشە یی وبێبنەما بەڵكو‌ وەڵامێكی ئەرێیانەی درووست بۆ ئەم پرسیارە هەیە ئێمە نەمانزانیبێت. ؟!

بێگومان بوونی ئەم هەموو ئاستەنگانە لەبەردەم بەڕێوە چوونی گشتپرسی ئەوەمان پێ دەڵێت كە هەنگاوێكی لەم چەشنە خۆكوژیەو هیچیتر!!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP