ڕیفراندۆم و میلەت لەنێو بەرداشی فرەحیزبیدا

دانا مەنمی - 8-06-2017 - 3426 جار خوێندراوەتەوە


ڕیفراندۆم چەتری کوردایەتی یە خوانێکە بۆ هەموومان، گرنگە تا ۲٥ ی ۹ی ۲۰۱۷ نێوماڵی کوردیمان یەکبخەینەوە و متمانە بگەڕێتەوە بۆ نێو پرۆسەی سیاسی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی بنیات بنێینەوە ، سازشکردن بۆ یەکتر نەنگی نییە ڕێکەوتنی سیاسی لایەنەکان شکست و دۆڕان نییە بۆ هیچ کەس و لایەنێک ، گەلەکەمان پێویستی بە کلتوری پێکەوە ژیان و سازان و یەکتر قبوڵکردنە ، پێویستی بە بیناکردنی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازییە ، پێویستی بەدادپەروەری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسیەت و ڕێزگرتنە لە ئیرادەی بەرامبەر ، نیەتی خێر هەمیشە سەردەکەوێت ، نیەتی خراپ و شەڕەنگێزیش هیچ جوانیەکی نییە شانازی پێوە بکات. 

پەرتەوازەی نێوماڵی کورد خاڵی لاوازی دۆزی کورد بووە کە دوژمنان کەڵکیان لێوەرگرتووە ، لەمیرە کوردییەکانەوە بیگرە بۆ بەرلەجەنگی جیهانی یەکەم و سەرەتاکانی شۆڕشی نوێی چەکداری و سیاسی کورد لەدوای جەنگی جیهانی دووەم دەستپێکی پارتی سیاسی هاوچەرخ بیگرە بۆ ململانێکانی ناوزەنگ و ڕاژان ، لەوێشەوە بۆ بەرەی جود و جوقد ، پاشانیش بۆ شەڕی براکوژی لەساڵی ۱۹۹٤ ، مێژوو ململانێیەکی خوێناوی خیانەت لەخۆیان و لەنیشتیمان و لەخەڵکیش جگە شەرمەزاری لە ماڵوێرانی بۆکورد کەزیانی زۆری بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گەیاندووە ، هیچی جوانی لە پاش خۆی بەجێنەهێشت ، سەرباری ئەوەی دوژمنان کەڵکیان لەولێکترازانەی نێوان لایەنەکان وەرگرتووە بۆ سەرکوتکردنی میلەتەکەمان.

تەبایی و پێکەوە بوون و یەکڕیزی لایەنەکان بەرەی کوردستانی و ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ کردە دەستکەوت و ڕژێمێکی خوێنمژی مرۆڤکوژی دیکتاتۆری ڕاماڵی ، یەکڕیزی نێوماڵی کورد هەڵبژاردن و دروستکردنی دام و دەزگای یاسایی خۆماڵی بنیات نا ، دیسانەوە هەر بەیەکڕیزی و یەکێتی و یەکبوون بەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی و ئەمریکا لەساڵی ۲۰۰۳ بەیەکجاری حوکمی بەعسیزم ڕیشەکێشکرا ، دواجاریش هەر بە تەبایی و یەکبوون و یەکڕیزی لەساڵی ۲۰۱٤ وە کورد شەڕی وەحشیترین هێزی تیرۆریستی بەناو داعش دەکات و ئەندامی بەرەی هاوپەیمانیەتی حەفتا ووڵاتە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم .

بەدرێژایی مێژوو یەکڕیزی و تەبایی هێزە سیاسییەکان خاڵی بەهێزو سەرکەوتنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بووە وهەوڵی سەرەکی دوژمنان خاپورکردنی ئەو تەبایی و یەکڕیزییە سیاسیی یە بووە کە کورد دەستکەوتی باشی تێدا بەدەستهێناوە ، پێویستە ئێستا جیاوازی و ناکۆکییەکانمان وەلابنێین وخاڵەهاوبەشەکانمان یەکبخەین ، هەموو هێزە سیاسییەکان بەبزوتنەوەی گۆڕان کۆمەڵی ئیسلامیشەوە هاوڕان کە سود لەدەرفەتەکان وەربگیرێت و ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت ، بەڵام جیاوازییەکە تەنها میکانیزمەکانییەتی کە ڕیفراندۆم چۆن ئەنجام بدرێت ؟

گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێک لەیەکێتی کاراکردنەوەی پەڕلەمان بە مەرج دادەنێن و پارتی دیموکراتی کوردستانیش کاراکردنەوەی پەڕلەمانی کوردستانی بەستووەتەوە بە گۆڕینی سەرۆکایەتی پەڕلەمان ، دیارە پارتی دیموکرات مەبەستی لەدەستەی سەرۆکایەتی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان بەتایبەت بەڕێز دکتۆر یوسف محەمەدە و بزوتنەوەی گۆڕانیش سەرۆکی ئێستای پەڕلەمان بەڕێز دکتۆر یوسف محەمەد بەهێڵی سوور دەبینێت و دەستکاریکردنی بڤەیە !
بەدیوێکدا ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان سازش لەسەر سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان دکتۆر یوسف محەمەد بکات و لەپێناوی بەرژەوەندی میلەتەکەمان ئەم ململانێ و کێشانە هەڵبگرێت بۆ دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم و قۆناغەکانی دەوڵەتداری کوردی ئەگەری سەرکەوتنی زیاتری لەئێستا لێ چاوەڕوان دەکرێت. 

دیوەکەی تریش پەیوەستە بەپارتی دیموکراتی کوردستان، مادام پارتی دیموکرات لەئێستادا دەستپێشخەرو خاوەنداریەتی مەشروعی ڕیفراندۆم و هەنگاوەکانی سەربەخۆی سیاسی کوردستان دەکات ، پێویستە زیاتر لێبوردەتر و دەستپێشخەرو دەستکراوەتر بێت بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی کە ئەویش پرۆسەی ڕیفراندۆم و هەنگاوەکانی سەربەخۆی کوردستانە ، گرنگە پارتی دیموکرات لەپێناو قەزییەی گەورەدا شتی گەورە ببەخشێت و لەپێناو بەرژەوەندی میلەت و پرۆسەی مافی چارەنووسدا پەڕلەمان کارا بکاتەوەو سوریش بێت لە شەڕی پەڕلەمانی کە سیمای دیموکراسیەت و شارستانیەتە .

ڕۆڵی هێزە سیاسیەکانی تر ئەوەنییە بینەرو تەماشاکەر بن ، بەڵکو ڕۆڵی یەکێتی و یەکگرتوو بزوتنەوەی ئیسلامی و کەمایەتییەکان زیاتر نەبێت کەمتر نییە لە ڕۆڵی پارتی و گۆڕان ، بەڵام ئەم هێزانەی تریش لەترسی لەدەستدانی جەماوەرەکەیان گۆشەیەک لە بێدەگیان هەڵبژاردووە و موجامەلەی یەکتر و خەڵکیش دەکەن ، لاقێکیان لە دەسەڵاتدایەو لاقەکەی تریان لە ئۆپۆزسیۆن ، بەشێکن لە کۆنسەرڤاتیڤ و دیموکراسیەت ، سیمای ڕاستەقینەی خۆیان شاردوەتەوەو لەگەڵ مەڕدا شیوەن دەگێڕن و لەگەڵ گورگیشدا ئاو دەخۆنەوە ، زیانمەندی سەرەکیش خەڵکی کوردستانە کە لەنێو بەرداشی فرەحیزبیدا شیش و کەبابی سوتاوە !!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP