كاتێ به‌رپرس خۆی ده‌ناسێت! كاتێ جه‌ماوه‌ر ده‌بێت به‌خاوه‌نی شووناس!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 15-09-2016 - 3980 جار خوێندراوەتەوە

عه‌تا قه‌ره‌داخی


گۆرباشۆف دوای پیرۆستریكا له‌گفتوگۆیه‌كیدا ده‌ڵێت: منیش ده‌متوانی له‌سه‌ر كوردسی ده‌سه‌ڵات دابنیشم‌و تامردنم سه‌رۆك بم‌و ره‌نگه‌ دوایش په‌یكه‌ریان بۆ درووست بكردمایه‌. به‌ڵام من گه‌یشتمه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ ناكرێت ئیتر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، به‌ڵكو ده‌بێ شتێك بكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ ده‌شمزانی ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نه‌بێت، به‌ڵام نه‌ده‌كرا فه‌رمانڕه‌وایی ئێمه‌ له‌وه‌ زیاتر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت).

 دیاره‌ پیرۆستریكا ده‌رئه‌نجامی ئه‌و بۆچوون‌و تێڕوانینه‌ی گورباشۆف بوو. سه‌رئه‌نجامیش خۆی وه‌كو پیاوێكی گه‌وره‌ له‌كورسی فه‌رمان هاته‌ خواره‌وه‌و بوو به‌ئه‌ندامی پاراستنی ژینگه‌و سه‌وزكردنی ژینگه‌. هه‌روه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا تۆنی بلێر له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه‌ بۆچی به‌گه‌نجی ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌و سكرتێری پارتی له‌یبه‌ر بوو، ده‌ڵێت: من هه‌موو تواناكانی خۆمم خسته‌ كاره‌وه‌ ئه‌وه‌ی پێمكرا كردم‌و گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ له‌هیچ كام له‌و دوو بواره‌دا له‌وه‌ زیاترم پێناكرێت، بۆیه‌ له‌ڕووی راستیه‌وه‌ ده‌بوو من جێگا چۆڵ بكه‌م بۆ كه‌سانی تر، به‌ڵكو ئه‌وان له‌من زیاتریان پێبكرێت).

 كه‌واته‌ ئه‌ی له‌كوردستان كار چییه‌؟ ئایا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی هه‌رگیز ده‌گاته‌ ئه‌و بۆچوونه‌ی گورباشۆف یان تۆنی بلێر؟ ئایا چاكسازی ریشه‌یی لێره‌ پێویستی به‌لاچوون‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی هه‌یه‌؟ یان پێویستی به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ی كه‌سه‌ دیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌؟ یان پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سه‌ دیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ خودی خۆیانه‌وه‌ بوێرانه‌ ده‌ستبكه‌نه‌ چاكسازی ریشه‌یی‌و پێش هه‌موو كه‌سیش له‌خۆیان بپرسن (ئه‌مه‌م له‌كوێ بوو؟) ئایا ئه‌مه‌ به‌ڕاستی هی خۆمه‌ یان به‌نامه‌شروع په‌یدام كردووه‌؟ ئه‌گه‌ر به‌نامه‌شروع په‌یدام كردووه‌ ئایا هی بێگانه‌یه‌ یان هی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمه‌؟ ئایا چۆن به‌رپرسیارێتیم به‌كارهێناوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی خۆم؟ ئایا به‌رپرسانی ئێره‌ بۆ تاكه‌ جارێك ده‌توانن له‌خۆیان بپرسن ئه‌مان تا چ ئاستێك له‌ئازاره‌كانی خه‌ڵك تێده‌گه‌ن یان ئه‌سڵه‌ن ئایا ئاگایان له‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك چۆن ده‌ژی؟ ئایا تاكه‌ به‌رپرسێك له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌دا جارێك به‌خۆیی گوتووه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ به‌من جێبه‌جێ ناكرێت، بۆیه‌ باشتروایه‌ بوار چۆڵ بكه‌م بۆ كه‌سانێك كه‌ ده‌شێ توانای ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركه‌یان هه‌بێت.

ئه‌ی له‌م بواره‌دا كۆمه‌ڵگه‌ یان جه‌ماوه‌ر ئه‌ركی چییه‌؟ ئایا به‌و ئه‌ندازه‌ی توخبه‌ی سیاسی‌و ره‌مزه‌كانی ده‌سه‌ڵات توانای سه‌یركردنی خۆینیان نیه‌، توانای خۆناسینیان نیه‌، بوێری ئه‌وه‌یان نیه‌ بیر له‌بوون‌و مانه‌وه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی پۆست‌و پله‌و پایه‌، ئایا جه‌ماوه‌ر هیچ رۆڵ‌و كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه‌ بۆ فشاردانان له‌سه‌ر نوخبه‌ی سیاسی‌و ده‌سه‌ڵات تا ناچاری تێڕامان‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌یان بكات؟ ئایا جه‌ماوه‌ر بووه‌ته‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی شووناسی جه‌ماوه‌ری هه‌بێت‌و له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بوون‌و ئاماده‌بوونی هه‌بێت؟
واته‌ ئایا جه‌ماوه‌ری ئێمه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی هوشیاری كه‌ بتوانێت له‌ڕێگای ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌م حیزب یان ئه‌و حیزب په‌سه‌ند بكات‌و ئه‌ویتر ئه‌فه‌رۆز بكات؟ واته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای كارو خزمه‌ت پێشكه‌شكردن لایه‌ك هه‌ڵبژێرێت‌و لایه‌كی تر پاسیڤ بكات، یان له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌لائی كوێرانه‌ ده‌نگ ده‌دات؟ ئایا به‌و ئه‌ندازه‌ی نوخبه‌ی سیاسی‌و ده‌سه‌ڵات له‌سزادانی ئه‌وی خه‌ڵك یان جه‌ماوه‌ردان، ئه‌وی جه‌ماوه‌ر ده‌توانێت ده‌سه‌ڵات یان لایه‌نێك له‌ڕێگای ده‌نگ‌و فشاره‌وه‌ سزا بدات‌و لایه‌نێكی تر پاداشت بكات كه‌ بێگومان سزاو پاداشت ده‌بێت به‌پێوانه‌ی خزمه‌ت پێشكه‌شكردن بێت نه‌ك وه‌لائی كوێرانه‌ی حیزبی یان ناوچه‌گه‌ری و...

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP