لێپرسینەوە،لە قوباد تاڵەبانی بكەین یان لە میم سین؟

کاوسێن بابەکر - 4-06-2017 - 4813 جار خوێندراوەتەوە

كاوسێن بابەكر

واژووكردنی رێككەوتننامەی نێوان كۆمپانیای روسنەفت وحكومەتی هەرێم لە سانپترسبورگی روسیا، بەئاگاداری خودی پۆتین و بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی وقوباد تاڵەبانی،لەكاتێكدا هێشتا ناوەرۆكی ئەم رێككەوتنە بەتەواوی ڕوون نەكراوەتەوەو هێشتا نازانرێ جەدوای ئەم ڕێككەوتنە لەڕووی سیاسی وئابوریەوە بۆ خەڵكی كوردستان چییە،لایەنگیرانی واژووكە بەدەهۆڵ وزووڕنا پێشوازیان لێكردوو بە سەركەوتنێكی بێ وێنەو كۆتایی قەیرانەكانیان لەقەڵەمدا،ودژەكانیش بە شكست و داڕوخانی  حكومەت.

كادیران ولایەنگیرانی یەكێتیش وەك خەڵكی تر دابەش بوون بەسەر لایەنگرودژداو هێندێكیان داوای دادگایی ولێپرسینەوە دەكەن لە قوباد تاڵەبانی كە جێگری سەرۆكی حكومەتەلەسەر بەشی یەكێتی، وئامادەبووی ڕێوڕەسمی واژووكردنەكە بوو.

لەكاتێكدا هێشتا دەیان پرسیاری بێ وەڵام لەسەر دارایی هەرێم وگرێبەستە نەوتیەكان و بەتایبەتی گرێبەستی ٥٠ساڵەی لەگەڵ توركیا وناشەفافی وقەیران هەیەو پەرلەمان لەكارخراوە تا چاودێری بكات ودەزگاكانی تری چاودێریش لەئاستی پێویستدا نین، ئەم رێككەوتننامەیەشی بەدوادادێت، بێمتمانەیی وایكردووە هەر بەناوهێنانی گرێبەست بێ ئەوەی بزانن ناوەرۆكەكەی چییە دژی بوەستنەوەو كادیرانی یەكێتیش داوای لێپرسینەوە لە قوباد تاڵەبانی بكەن.

قوباد تاڵەبانی كادیرێكی یەكێتیەو لەلایەن میم سینەوە كاندیدكراوە بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت وبەپێی یاساوسەڵاحیاتەكانی خۆی ئەركەكانی ڕادەپەڕێنێ، وەزیرەكانیش بەهەمانشێوە،ئەوە میم سینە دەبێ چاودێری ئەوو وەزیرو فەرمانبەرەكانی خۆی لەحكومەتدا بكات وبەشێوەی دەوری وبەردەوام كۆبوونەوەیان لەگەڵ بكات و لەكارەكانیان بپرسێتەوەو ڕێنوینیان پێبدات، میم سینە نەخشەدارێژەری سیاسی وئابوری وڕوناكبیری حزبە لەوێشەوە لەڕێگەی كادیرەكانیەوە لەحكومەت دا شۆڕیان بكاتەوە، بەرنامەو دروشمەكانی ڕەنگ پێبداتەوەو لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بەخەڵكی داون جێبەجێیان بكات، بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان، ئەگەر كەم وكوڕییەك لەواندا هەبێ، دەبێ لێپرسینەوە لەمیم سین و سەركردایەتی بكرێ نەك قوبادو وەزیرەكان، ئەگەر ئەم رێككەوتنە زەرەر بە خەڵكی كوردستان دەگەیەنێ دەبێ میم سین بێتە جواب ودەستی قوباد بگرێ وواژووی نەكات، ئەگەر وەك دەڵێن سەركەوتنێكی گەورەشەو قەیرانی كوردستان بەم ڕێككەوتنە كۆتایی دیت دەبێ هەر میم سین بۆ هەموانی ڕوونكاتەوە،سەركەوتن وقازانجەكەمان لەكوێدایەو دەستخۆشیش لەقوبادو ستافەكە بكات بەم سەركەوتنە گرنگ وچارەنوس سازە.

بۆیە قوباد جگە لەئەركی خۆی شتێكی تری نەكردووە وئەوەی كردووشیەتی بە پێی سەڵاحیەتەكانی وڕێنوێنی میم سین بووە، هەروەك خۆی جارێكیان ووتی ئەگەر بەكارەكانم ڕازی نین بۆچی میم سین داوام لێناكات دەست لەكارەكەم بكێشمەوە؟دیارە میم سینی بەڕێز بەكارەكانی قوبادو وەزیرەكانمان ڕازیە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP