هەواڵی ئەمڕۆ

یه‌كێتیه‌كان وه‌رن بۆ قاوه‌ خواردنه‌وه‌!

سلێمان عەبدوڵا یونس - 15-09-2016 - 8345 جار خوێندراوەتەوە


سلێمان عه‌بدوڵا یونس

كه‌ركوك ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌مام جه‌لال ناوی نا، قودسی كوردستان، كه‌چی وێڕاش، واخه‌ریكه‌ ئه‌ویش له‌نێوان به‌رداشی باڵه‌كان‌و ململانێكانی ناوه‌نده‌كانی به‌رژه‌وه‌ندیی‌و هه‌ژموون، وه‌كو سلێمانی لێ دێت‌و پێگه‌كه‌ی سفر ده‌كرێته‌وه‌. 

پارتی به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆو جیابونه‌وه‌ی گۆڕان‌و لاوازبونی یه‌كێتی، ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌ولێردا گرت‌و به‌ته‌واوه‌تی كردی به‌پایته‌ختی حكومه‌تی زه‌رد. پێده‌چێت گۆڕانیش سه‌یری ئه‌زموونی پارتی بكات‌و ململانێیكانی ناو یه‌كێتی به‌ده‌رفه‌تی زێڕینی خۆی بزانێت‌و له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی پارتی، سه‌رگه‌رمی كۆنتڕۆڵكردنی سلێمانی بێت‌و گوێی له‌وه‌ نه‌بێت له‌هه‌ولێرو كه‌ركوك چ باسه‌!

له‌وكاته‌دا براده‌ران سه‌رقاڵی قاوه‌ خواردنه‌وه‌ن، پارتی خه‌ریكی كۆنتڕۆڵكردنی كه‌ركوكه‌، گۆڕانیش هه‌موو خه‌ون‌و خه‌یاڵی له‌دنیای سلێمانیدا بچوك كردۆته‌وه‌. له‌وه‌ش خراپتر ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ باڵی زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی (كه‌حزب‌و حكومه‌تی كه‌ركوكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌)، له‌ناو خۆیاندا له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی نه‌وت‌و داهات كه‌وتبێتنه‌ ململانێی خۆبه‌خۆ، له‌و شاره‌دا، به‌مه‌ش یه‌كێتی گرفتی هه‌ولێری هه‌بوو هی سلێمانیشی هاته‌ سه‌ر، هێشتا فریای چاره‌ی هیچ كامیان نه‌كه‌وتووه‌، خه‌ریكه‌ به‌كه‌ركویش قه‌رزدار ده‌بێته‌وه‌. یه‌كێتیه‌كان وه‌رن بۆ قاوه‌ خواردنه‌وه‌!
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP