هەرێمی سلێمانی و بژاردەی بارزانی

سلێمان عەبدوڵا یونس - 3-06-2017 - 36845 جار خوێندراوەتەوە


ئاكامی تاكڕەوی پارتی و جۆری حكومڕانیەتی ئەو لەگەڵ یەكێتی، كوشتی جیاوازیەكان، شكستخواردنی گەورە لەزۆربەی كایەكان، چونە ناو سەردەمی پۆست مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، مەترسیدارتر و قوڵترن لەسەر ئایندە و سەربەخۆیی كوردستان، وەك لەوەی لەئێستادا پێشبینی لێكەوتە و دەركەوتەكانی دەكرێت.

وادەردەكەوێت بارزانی بەهەموو ئیمانییەوە، خەریكی دروستكردنی دەوڵەت بێت؛ كەچی پارتی بەهەموو توانستە جۆربەجۆرەكانییەوە، خەریكی پارچە پارچەكردنیەتی. ئاخر هەتا بارزانی ئومێدێكی زارەكی سەوز دەكات، پارتی دەیان خەونی ڕسكاو توشی هەڵوەرین دەكات. ئەوە بەجۆرێكە، هەتا بادینان لەگەڵ بارزانی هەنگاوێك بەرەو دەوڵەت دەهاوێت، سلێمانی و خەڵك و خواكەی، وەك پەرچەكردار لەسیاسەتی پارتی، دە هەنگاو دوور دەكەونەوە.

ئایا بارزانی دەزانێت، هەرگیز بەئەندازەی ئێستا، بەهەرێمكردنی سلێمانی، پێشوازی لێنەكراوە؟! ئایا دەشزانێت ئەوە لەبەرئەوە نیە خەڵك لەم ناوچەیە خواستی سەربەخۆیی كوردستان لەخوێنیاندا نیە، بەڵكو لەبەرئەوەیە دەترسن بەرهەمی سەربەخۆیی كوردستان، لەبەرهەمی قەوارە فیدڕاڵیەكە خراپتر بێت، كەشكستخواردوترین جۆری حوكمڕانی لێكەوتووەتەوە و مەترسی لەدەستچونی كەركوكی هێناوەتە پێش و خەسڵەتە زیندوەكانی هەڵمەت و قوربانیشی لەسلێمانی وەرگرتووەتەوە. بەچەشنێ، هەر دەڵێی خۆڵی نائومێدیەكی قوڵ و زەبوونیەتێكی ئەبەدیت كردووە بەسەر شار بەشار و دێ بەدێدا.

هەرێمی سلێمانی دەرد و دەوایە. دەردە؛ ئەگەر بمانەوێت كۆپی حوكمڕانی هەولێر بكەین و بەماركەی سلێمانی پاشا و شاژن و میر دروست بكەین و بنەماكان لەسەر نیپۆتیزم بێت و شەڕ بێت بۆ خاوەندارێتی پیسخۆری و گەندەڵی و هەوڵێك بێت دنیای شتە ناشیرینەكان بكات بەدوو بەشەوە، دەواشە؛ ئەگەر پێشەنگایەتی بداتەوە بەسلێمانی و زەبوونی گەلی ئەم ناوچەیە بەكۆتایی بهێنێت و هێزی حزب و دەستەبژێر و ڕێبازی ڕێبەرە سیاسییەكانی بۆ گۆڕینی فۆڕمی حزب و حوكمڕانی و بەدیهێنانی دادپەروەی و دێموكراسی تاو بدات بەبێ خوێنڕشتن، بتوانێت مۆدیلی حزب و حوكمڕانی سلێمانییەكی جیاواز و بەهێز بەشوناسێكی میللییەوە بەرهەم بهێنێت. مۆدیلێك؛ وەك تاكتیك و وەك قۆناغی ڕاگوزەر- لەڕووی بەڕێوەبردنەوە- كوردستانی فیدڕاڵ دوولەت دەكات، بەڵام لەڕووی ستراتیژییەوە، فۆڕمی دوو ئیدارەیی سلبی و فیدڕاڵیەتی جەلالی و مەلایی دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی كۆنفیدڕاڵی كوردستان.

ڕەنگە بارزانی بتوانێت بژاردەیەكی باشتری هەبێت و ڕێگاكە كورت بكاتەوە، بەڵام دەیكات؟

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP