هاوارنامەیەكی تر
دزینی سامانی نەوەكانی داهاتوو لەسایەی شكستەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە

سالار مه‌حمود - 30-05-2017 - 3411 جار خوێندراوەتەوە


هەرێمی كوردستان سامانێكی سروشتی زۆری هەیە، تەنیا لە رێگەی یاسای نەوت و غازی كوردستانەوە ژمارە(۲۲)ی ساڵی ۲٠٠۷ پێویستە وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی سەر بە حزب و كەسانی مشەخۆر بەنایاسایی سودمەند نەبن و پارەی مۆڵیان دەست بكەوێت، حكومەت بەگشتی و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەرفەتی داوە مۆڵەتی پرۆژە بەپێی یاسای وەبەرهێنان بدرێ! ئەمەش لە پێناو بەخشینی كۆمپانیاكان لە باج و رسومات كە بەملیار دۆلار پارەی گشتی لەو رێگەوە بەخشراوە.

 تەنیا بەپێی ئەم كارەو بەدەقی یاسایی دەیسەلمێنم كە ئەگەر یاساو دادگا و داواكاری گشتی و پەرلەمان رۆڵی هەبێ ژیانی خەڵك بەو بەهەدەردانانە باش دەبێ و وەزیری سامانە سروشتیەكانیش چەندین ساڵ حوكمی سزادان دەدرێت. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەم بڕواننە ئەم پێشێلكاریە یاساییانەی كە بۆ ئامانجی گەندەڵكاری كراوە.

بەپێی یاسای نەوت و گازی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 كە بەڕێوەبردنی پرۆسەكانی نەوتی دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتەنیا. بەڵام وەبەرهێنان لەم كەیسەدا كراوەو پرۆژە جێبەجێكراوە لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنان و بەپەنابردن بۆ یاسای وەبەرهێنان!!!! ئەمە لە كاتێكدا بەدەق.

یەكەم: لە بڕگەی دووەم لە مادەی 59ی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستاندا هاتووە: حوكمەكانی یاسای وەبەرهێنان بەسەر پرۆسەكانی نەوتیدا جێبەجێ ناكرێن.

دووەم: لە بڕگەی 18ی مادەی یەكەمی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، كەرتی پاڵاوتن بە پرۆسەی نەوتی دانراوە. كەواتە پاڵاوتگە و پاڵاوتن، پرۆسەی نەوتییە كە نابێت حوكمەكانی یاسای وەبەرهێنان بیگرێتەوە.

سێیەم: لە مادەی دووەمی یاسای نەوت و گازدا، جارێكی تر دووپات لەوە كراوەتەوە كە حوكمەكانی ئەم یاسایە، بەسەر پرۆسەكانی نەوتیدا جێبەجێ دەكرێن. پرۆسەكانی نەوتیش بەپێی ناوەڕۆكی یاسای نەوت و گازی كوردستان، هەموو چالاكییەكانی نەوتی دەگرێتەوە بە گواستنەوەشەوە.

پرسیارە جەوهەریەكە لێرەدا ئەمەیە ئایا چۆن؟ مۆڵەت دراوە بە پاڵاوگەیەك بەناوی كەڵەك  لە دەستەی وەبەرهێنان لە كانوونی یەكەمی 2015. لەكاتێكدا ئەم بڕیارو مۆڵەتە پاش ئەوە دێت كە لە 19ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەندەرێكی بۆ دروستكردنی سێ پاڵاوگەی ستانداردی نەوت لە كوردستان راگەیاندووە و لە راگەیەنراوی تەندەرەكەدا هاتووە: (حكومەتی هەرێم تەندەرێك بۆ دروستكردن و خاوەندارێتی كردن و كارپێكردنی سێ پاڵاوتگە رادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستە كۆمپانیا ئارەزوومەندەكان بانگهێشت دەكات بۆ پێشكەش كردنی داواكارییەكانیان). 

هەر لەگەڵ ئەو راگەیەنراوەشدا، لە فۆرمێكی تایبەتدا مەرج و رێنماییەكانی تایبەت بەو سێ پاڵاوتگەیەی بڵاوكردووەتەوە. ئەو راگەیاندنەی تایبەت بە دروستكردنی پاڵاوتگەی نەوت لەلایەن وەزارەتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەیە كە مۆڵەتی پاڵاوتگە لە دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە و پاڵپشت بە یاسای نەوت و گازی كوردستان دەدرێت. جێگەی سەرسوڕمانە كە چۆن دەستەی وەبەرهێنان پاش سێ مانگ لەو راگەیەنراوەی وەزارەت لەلایەن خۆیەوە مۆڵەتی ئەو پاڵاوگەی بە كۆمپانیای كارگرووپ داوە؟!!.

مەبەست لە ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە زۆن و لایەن و شوێن و ئاراستەی سیاسیەوە نییە لەم هاوارنامەیەدا.

پرسیارێكی جەوهەری تر دەستەی وەبەرهێنان ئەگەر بیەوێ مۆڵەتی پرۆژەیەكی تایبەت بە پرۆسەكانی نەوتی بدات، پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نیە؟ بێگومان بەڵێ چونكە دەستەی وەبەرهێنان بۆ خۆی لایەنی تایبەتمەند نییە لەو بوارەدا. 

باشە بۆ پرۆژەكە لە رێگەی رەزامەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان مۆڵەت وەرنەگرێت، بۆچی هەر راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتەوە مۆڵەتی پێ نادرێت و بۆچی دەخرێتە ژێر فلتەری دەستەی وەبەرهێنانەوە؟.

ئەگەر تەنیا بابەتەكە پەیوەست نییە بە بەخشین لە باج و رسوماتی گومرگی كە بەپشتبەستن بە مۆڵەتەكەی دەستەی وەبەرهێنان بۆ پاڵاوتگەی كەڵەك كراوە، كۆمپانیای كارگرووپ تا 10 ساڵی تر لە پێدانی هەر باجێك دەبەخشرێت و تا پێنج ساڵیش لە پێدانی هەر رسوماتێكی گومرگی دەبەخشرێت بۆ ئەو كەلوپەلانەی بەناو ئەو پاڵاوتگەیەوە هاوردەی كوردستانی دەكات. ئەوەش لەكاتێدایە كە فشارێكی گەورە دەستی پێكردووە بۆ سەپاندنی باج بەسەر كۆمپانیاكان بەگشتی و كۆمپانیاكانی نەوت بەتایبەت. 

بەڵام مۆڵەتەكەی دەستەی وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیای كارگرووپ، ئەو كۆمپانیایە لە پێدانی باج و رسومات بەدەر دەكات.

ئەم بەخشینە پشت بەستوە! بە مادەی پێنجەم بڕگە یەك و دوو سێ لە یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ۲٠٠٦ی یاسای وەبەرهێنان.

لەكاتێكدا بەدەق هاتووە بوارەكانی وەبەرهێنان كامانەن بەپێی یاسای وەبەرهێنان مۆڵەتیان دەدرێتێ بەكوردی و بەكورتی دیاریكراوە، بەڵام لە هیچ بڕگەیەكدا نەهاتووە مۆڵەت بدرێ بە پرۆسەكانی نەوت و غازیی!.

ئایا تەنیا مۆڵەت بۆ ئەم پرۆژەیە دراوە؟ یان هی تریش هەیە، ئایا تەنیا لە هەلێر ئەم كارە نایاساییانە كراوە یان لە شوێنی تریش؟.

پەكخستنی پەرلەمان و شەلەل پێهێنانی جیهازی چاودێری و دادگاكان بۆ رێگەگرتن بووە لە لێپێچینەوە لەم رەفتارە خوێنساردیەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەسەر حیسابی خەڵك و یاساو ئەزموونی دیموكراسی و خوێنی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP