كاك نەوشیروان مەرگێكی جوان مرد مەیشەمزێنن!

کاوسێن بابەکر - 28-05-2017 - 3069 جار خوێندراوەتەوە

  كاوسێن بابەكر
   
 مێژووی شۆڕش وڕاپەڕینەكانی كورد پڕە لەپەڵەی ڕەش وپەڵەی گەش، پڕە لەسەركەوتن وشكان دیارە مێژووی سەركردەكانیش بەشێكە لەم مێژووە،ئەوانیش هەڵوێستی جوامێرانەو شەرم ئاوەریشیان هەبووە، دەستیان چووەتە خوێنی براكان ولەزۆر حالەتیشدا سیاسەت وهەڵوێستی شێوێنراویان لێ بەجێماوە، بەڵام لەیەكێك لەقۆناغەكاندا خۆیان وبزووتنەوەكانیان كڕیوەتەوە، سمكۆ دوای چەندان شەڕو كاری جوامیرانەو هەڵەنگوتن بەمەرگی خۆی هەڵەنگوتنەكانی ڕاستكردەوە، شێخی نەمر بەمەرگێكی دوورەدەست دوای ئەوەی زانی هەل ومەرجەكە لایەنگیری نیییە پێشگیری لە شەڕێك كرد كەبەمەرگی ڕۆڵەكانی گەلەكەی تەواودەبوو، بۆیە لەگوندێكی دوورەدەست سەری نایەوە، پێشەوا مەرگی لەباوەشی گەلەكەیدا پێ باشتر بوو لەبەرنگاریەكی دۆڕاو، مامی گەورە مەڵۆی سەروەریاكانی هەرگیز بەجێنەهێشت، هەموو ڕێگایەكی گرتەبەر بۆسەر خستنی دۆزەكەو پاراستنی دەستكەوتەكان.

ئەم وێنانە پێشانمان دەدەن كە سەركردەكان لەكۆتاییدا ڕێگە ڕاستەكەیان هەڵبژاردووە ومەرگیان لەلوتكەدا پێ باشتر بووە لەژیانی ڕێسوایی و نزمایی، بەداخەوە لە شۆڕشی ئەم دواییەدا كە حكومەت وپەرلەمانی خۆمان دامەزراند، ئەو سەركردانە زۆر كەمن كە سەروەریەكانیان پاراستووەو لەمەرگیاندا بەرەو بەرزایی دەچن.

كاك نەوشیروان یەكێك بوو لەوانە وبەدوای ڕێبازی پێشەوادا ڕۆیشت، مەرگێكی جوانی هەڵبژارد، مەرگێك لەباوەشی پڕ سۆزی گەلەكەیدا بەتایبەت هەژاران ونەدارانی كوردستان،ئەودوای بەشداریەكی كاریگەرانە لەشۆڕشی نوێدا، شۆڕشێك بەناچاری دوای دەیان داستانی سەروەری  دەیان هەڵەوپەڵەشی بەجێهێشت، ئەو دێت وداوای دادو سیستەم وژیانی ئازادو خۆشگوزەران بۆ گەلەكەی دەكات ، دێت وسەروەت وسامان ودەستەڵات فڕێ دەداو لایەنگیری چەوساوان وهەژاران دەگرێ وئەوانیش لەهەموو نوچدانێك وپەڵەیەكی دەبوورن و مەرگێكی جوان وشایانی پێشكەشدەكەن، بەڵام كەسانێك خەریكن لەڕوانگەی پەرۆشیانەوە بێ یان نەزانی، ئەو مەرگە جوانە دەگەچڵێنن ودەیشەمزێنن!.

لەلایەك گۆڕەكەی دەكەنە مەرقەدی پیرۆزوومریدو دەروێشی بۆ كۆدەكەنەوەو شەوانی ڕەمەزان دێن ولەسەری كۆدەبنەوە !لەلایەكی تر بەهاهوكێشان، میوانان لەسەر پرسەكەی راودەنێن!واش كەسانێك هەن لەجیاتی لێبوردن وڕاستكردنەوەی دێن و پاساوی بۆ دێننەوە، تكایە لێی گەڕێن با ئەو مەرگە جوانە ببێتە نمونەیەك بۆ هەموو ئەوسەركردانەی لەكاك نۆشیروان كەمتریان نەكردووە، بەڵام ئازایەتی ئەویان نەبوو واز لەخۆشیەكانیان وژیانی فیرعەونانەیان بێنن وبگەڕێنەوە ڕیزی هەژارانی گەلەكەیان،وازلەو ڕێچكانە بێنن كە بەرەو ڕیسواییان دەبا، بگەڕێنەوە سەروەریەكانیان،تا درەنگ نەبووە!ئەوەی لەگەڵ ژیانی هەژاران وبەشمەینەتانی گەلەكەیدا نەبێ چیدی سەروەریەكانی ڕابردوو دادی ناداوبەخەونیش مەرگێكی ئاوا جوانی دەست ناكەوێ كە دەست كاك نۆشیروان كەوت!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP