هەواڵی ئەمڕۆ

یەكێتی دەیەوێت قەرەبووی كاك نەوشیروان بكاتەوە

سلێمان عەبدوڵا یونس - 26-05-2017 - 48243 جار خوێندراوەتەوە


بەنەخۆشكەوتنی مام جەلال و كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، سەردەمی كارێزما لەقەڵەمڕەوی سەوزدا كۆتایی دێت. لەوەش زیاتر، ئەو مۆدیلە ستونییەی حزبایەش بەكۆتایی دێت، كەئەو دوو زاتە، لەمێژووی زیاتر لەنیو سەدەی تێكۆشانیان، لەناو دڵی گەلەكەیاندا بەتەمەن و خوێن و خەبات، دروستیان كرد.

لەگەڵ نەخۆشكەوتنی مام جەلال گەورەترین هەڵەی یەكێتی پرسی شوێنگرتنەوەی بوو. ئەوەش لەبەرئەوەی شوێنی مام جەلال لەبنەڕەتدا، هەر بۆ مام خۆی بوو. بێگومان هەمانشتیش بۆ شوێنی كاك نەوشیروان ڕاستە. بۆیە ئەگەر سەركردەكانی گۆڕان وریا نەبن، هەڵەكانی یەكێتی دووبارە دەكەنەوە و قاچیان دەكەوێتە ناو هەمان زەلكاوی خۆخۆرییەوە و لەوەش زیاتر خۆیان و بزوتنەوەكەیان دەكەن بەپۆڕی خوراو.

جگەلەوەش گۆڕانی دوای كاك نەوشیروان، هەروەك یەكێتی داوی مام جەلال دەبێت. ئەوەش نەك چارەی هیچ ناكات، بەڵكو نائومێدی لێدەكەوێتەوە. ئاخر دوای مام، یەكێتی هەر نیوەی ڕێگای بڕی و بەدێگەڵەش نەگەیشتەوە، گۆڕانیش لەپردێ گەڕایەوە، لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕوانی بڕینی هەموو ڕێگاكەیە. 

بۆیە وەزیفەكە گەورەترە لەهوتاف كێشانی عاتفی بۆ بەردەوامكردنی ڕێبازی مام جەلال و كاك نەوشیروان، چونكە ڕێبازی ئەو زاتانە، پێویستی بەنوێبوونەوە و سەردەمی ئەڵتەرناتیڤە. هەروەك ئەو سمارت فۆنەی لەبەردەستمانە؛  ئاخر سەیركە، ئەگەر تۆ بەردەوام مۆبایلە زیرەكەكەت نوێ نەكەیتەوە، چ بەهایەكی هەیە، مۆبایلەكەت بەرهەمی ئەپڵە یان گاڵاكسی؟ یان چەندە گران بەهایە؟

لێرەدا، پرسی یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتی، لەو گەرماوگەرمییەی كۆچی دوایی كاك نەوشیروان، پرسێكی بێ مانا و بێ هودەیە. چونكە ئەگەر وادابنێین  ئەو دوو هێزە یەكیان بەئای ئۆ ئێس كاردەكات و ئەوی تریان بە ئەندرۆید، ئەوا تێكەڵ كردنیان كارێكی پێچەوانەی لۆجیكە دیجیتاڵیەكەیە. بەڵام بەئاكام گەیاندنی ڕێككەوتنێك، لەنێوان كۆمپانیاكانی (ئەپڵ و سامسۆنگ) كارێكی كردەییە. 

بۆیە ئەگەر یەكێتی دەیەوێت سەركردایەتی ڕێككەوتنەكە بكات و قەرەبووی كەموكورتییەكانی بەرامبەر بەكاك نەوشیروان بكاتەوە، باشترە دوور لەڕیاكاری و خۆبەپاڵەوانكردنی سەركردەكانی، ڕێككەوتنی دەباشان جێبەجێ بكات؛ وە گۆڕان، وەك هاوبەشی ڕاستەقینە قبوڵ بكات و ڕێز لەئیرادەی دەنگدەران و دیموكراسی بگرێت و بوونی ئەرز و هێز و مێژوو، نەكات بەپاساو بۆ پەڕاوێزخستنی گۆڕان. ئاخر پەڕاوێزخستن یان قبوڵنەكردنی گۆڕان لێرەوە، پەڕاوێزخستن و قبوڵنەكردنی ئەو بزوتنەوەی بەدوادا هات لەهەولێرەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP