مەرگی نەوشیروان و گریانی خەڵك

عومەر عەلی محەمەد - 25-05-2017 - 7585 جار خوێندراوەتەوە

دەنگۆی بڵاوبوونەوەی مەرگی نەوشیروان مستەفا، هەواڵێكی لەناكاوو كاریگەر و جەرگ بڕبوو بۆ بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیانی كوردستان، چونكە لەكاتێكدا كە كوردستان یەك پارچە بوەتە فەوزای سیاسی و پەرلەمان لەكار خراوەو حكومەت لەوپەڕی لاوازیدایە و بازاڕ وێران بووەو گرفتی ئابوری و سەختی بارودۆخی ژیان تەنگیان بەزۆربەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەڵچنیوە.

خەڵكی تروسكایەك و هیوایەكی رونیان لەبەرچاو نەماوە، زۆربەی گەنجان رەشبین بوون و بیر لە سەرهەڵگرتن و بەجێهێشتنی كوردستان دەكەنەوە، سیاسەتەكانی حكومەتیش رۆژ بەرۆژ زیاتر فشار لەسەر هاوڵاتیان دروست دەكات و پرۆژەیەكی رون و ئاشكرای پێ‌ نیە بۆ چارەسەری قەیرانەكان.

لەولاشەوە رۆژ بەرۆژ گەندەڵی پەرە دەسەنێت و دەزگایەكی چاودێر نەماوە بەسەر حكومەت و بەرپرسان، هەتا سنورێك بۆ گەندەڵیەكان دابنێت یان بیانداتە دادگا و مافی خوراوی رەش و روتی خەڵكی كوردوستانیان لێ‌ بسەنێتەوە.

لەلایەكی تریشەوە كەرتی پەروەردە و تەندروستی رۆژ بەرۆژ وێرانتر دەبێت و بەردەوام خەڵك دەبنە قوربانی و هیچ كەسێك نیە بەر بەم حاڵەتانە بگرێت و رۆژانە هاوڵاتیان بەرەو مەرگ و نەخۆشی دەچن، ئەمە و دەیان گرفتی تر كە رۆژانە بوونەتە دێوەزمەیەك هەڕەشە لە ژیانی تاك و كۆمەڵگە دەكەن.

لەم بارودۆخە ناهەموارەدا زۆربەی هاوڵاتیان نیگەران بوون لەوەی كە لەم كاتە هەستیارەدا نەوشیروان مستەفا بەجێیان دەهێڵێت و دەیانداتە دەست ئەو دەستە و تاقمانه‌ی‌ كە تۆزقاڵێك هەستی مرۆڤ دۆستی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتیان تێدا نەماوە بەرامبەر بە خاك و نەتەوەو نیشتمان و لەسەر ئەو هەموو كارەساتانەی كە هەن ئەوان لە كەیف و خۆشی و سەفای خۆیان ناكەون.

 ئەوان دەیانوت ئێمە بۆیە دەنگمان بە كاك نەوشیروان دا هەتا بەرگریان لێ‌ بكات و لەسەریان بێتە دەنگ و قەڵغانێك دژ بە گەندەڵی دروست بكات. بۆئەوەی لەگەڵ ئازارەكانیاندا بژی و بە هەموو شێوازە مەدەنیە بەردەستەكان فشار بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە دروست بكات كە بە تەنگ هیچ شتێكی ئەم وڵاتەوە نیە و تەنها بە گاڵتە و پێكەنینەوە دەڕوانینە ناڕەزایی و خۆپیشاندان و مانگرتن و نەهامەتیەكانی خەڵك.

 خەڵك لە ڕوانگەی ئەوە سەیری نەوشیروان مستەفایان دەكرد بۆیە بۆ كۆچەكەی ئەوەندە دڵتەنگ و چاو پڕ لە گریان و خەفەتبار بوون، ئەوان وەك فریادرەسێك سەیری ئەو پیاوەیان دەكرد و تەنانەت نەك لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڵكو توێژێكی زۆر لە لایەنگرانی یەكێتی و پارتی و پارتەكانی تریش هیوای گەورەیان لەسەر ئەو بوو، كە بەدەمیانەوە بێت و لەبەردەم ئەم دەسەڵاتە دڵ رەقەدا بوەستێت و لەخاڵێكدا رایان بگرێت، چونكە ئەمانە هەموو بەربەستەكان و كامێراكان و دەزگاكانی چاودێریان شكاندووە و میدیای ئازاد و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیان گەمارۆداوەو دەمی ئازادیخوازانیان داخستووەو بەنیازنین بگەڕێنەوە بۆ یاسا و بگەڕێنەوە بۆ بەرەی خەڵك. 

نەوشیروان مستەفا چونكە بۆ خۆی هەر لە سەرەتاوە بەشێك بوە لە شۆڕش و خەبات و هەرخۆشی رابەرایەتی بەشێكی بەرچاوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردی كردوەو لەهەمانكاتدا شارەزای وردی سایكۆلۆژیای بەرپرسە گەندەڵەكانی ئێستا و خەباتگێڕانی رابردووە، لەبەرئەوە ئەو خۆی پێشمەرگە بوو بەرپرس بوو ، نەیدەتوانی تەخوینی بكات. لە ئێستاشدا بەبێ‌ كاریگەری سەروەت و سامان و دەسەڵات هاتە بەرەی گەلەوە، لە وتەیەكیدا كە لەگەڵا چەند رۆژنامەنووسێك سەردانمان كرد وتی: ئەوەی من دەربارەی ئەم گەندەڵكارانە دەیزانم كەس نایزانێت، لەبەرئەوە ئەوەندەی لەمن دەترسن لەكەسی تر ناترسن.

ئەوانەی كە تەرمەكەیان هەڵگرتبوو بۆ گۆڕستان زۆربەیان دەگریان و هاواریان دەكرد، چونكە دەیانزانی ئێستا رابەری چاكسازێكی گەورە بەرەو گۆڕستان دەبەن و لەدوای ئەویش فریادڕەسێكی تر بەدی ناكرێت، ئەوان چاوەڕوان بوون كە كاك نەوشیروان لە هەڵوێستێكی نوێدا جارێكی تر بەرەی گەندەڵكاران بە لەرزە بخات و شۆڕشێكی نوێ‌ بۆ ئەم دۆخە چەقبەستووە دەست پێ‌ بكات و غاندی ئاسا رابەرایەتی خەڵك بكات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و عەدالەت و چەسپاندنی دیموكراسی، بەڵام سەدمەخابن بە مەرگی ئەو پیاوە تووشی شۆك و تاسان بوون، لە بەرامبەر ئەم تاسانەشدا هەموویان دەستیان كرد بە گریان.

بەڵام لەراستیدا خەڵك ئێستا لە چاوەڕوانی قۆناغی دووەمی گۆڕان و بەرەوڕوبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازیدان بەو هیوایەی كە پارتە سیاسیەكان و بەرپرسەكانی گۆڕان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدابن و گریانی خەڵك بگۆڕێ‌ بۆ خەندەیەكی هەمیشەیی.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP