تۆی رەخنەگریش هەر هەمان ئەوی رەخنەلێگیراویت!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 23-05-2017 - 2390 جار خوێندراوەتەوە

دیارە مێژوو ئاسایی رەوتی خۆی دەكات، بەڵام ناكرێت رۆڵ‌و كاریگەری هێزو عەقڵ‌و روانینی دەستەو گروپ‌و نوخبەی پێشەنگی كۆمەڵگە پشت گۆێ بخرێت، كە زۆرجار رۆڵی ئەمان گرنگ‌و پڕبایەخ دەبێت لە چالاككردنی هێزی گۆڕانكاری‌و بەرەوپێشەوە جوڵاندنی كۆمەڵگەدا. دیارە هەمیشەش ئەم هێزانە لە ململانێدا دەبن لەبەرامبەر هێزی كۆنەپارێزی كۆمەڵگەدا كە عەقڵ‌و داب‌و نەریت‌و عورف‌و ئەخلاقی رابردوو پاڵنەرو بزوێنەرێتی. هەروەك كاتێك رووبەری حیزبیش لە كوردستاندا فراوان بوو، هەمان ململانێكانی نێوان كۆن‌و نوێ لەو رووبەرەشدا رەنگی دایەوەو ئامادەبوونی خۆیی نواند.

 دەشێ زۆرێكی كێشەكانی ناو دامەزراوەی حیزب لە كوردستاندا پەیوەندی بە ناكۆكی نێوان كۆن‌و نوێوە هەبێت نەك بەرنامەو ئایدیۆلۆجیا‌و ستراتیژ. بۆنموونە ئەگەر لە رووی راستیەوە سەیری ئەو ململانێ‌و ناكۆكیانە بكەین كە لە ساڵانی شەستەكاندا جەستەی پارتی دیموكراتی كوردستانی گرتەوە ئەوا ناتوانین بیسەلمێنین كە جیاوازی بیرو بۆچوون‌و ئایدیۆلۆجیاو ستراتیژی كاركردن هۆكار بووە بۆ ئەو ناكۆكی‌و ململانێیە كە دواجار دابەشبوونی لێكەوتەوە، بەڵكو لە راستیدا هۆكارێك هەمیشە لە ململانێكانی نێو خۆی حیزبی كوردیدا ئامادەیە ئەویش ناكۆكی‌و ململانێی نێوان نەوەی كۆن‌و نەوەی نوێیە. 

نەوەی كۆن پێی وایە خۆی رەوایەتی ئەوەی هەیە تا لە ژیاندا بێت دەبێ ئەو خاوەنی هەموو دەسەڵات‌و بڕیارێك بێت‌و ناتوانێت دان بە بوونی نەوەی نوێدا بنێت، نەوەی نوێش پێی وایە سەردەمی نەوەی كۆن بەسەرچووەو ئەو ناتوانێت لە پێداویستیەكانی سەردەمی نوێ تێبگات‌و ناتوانێت بە پێی پێداویستیەكانی ژیانی نوێ‌و سەردەمی نوێ كاربكات‌و حیزب‌و تەنانەت كۆمەڵگەش بەڕێوەببات.

دیارە نەوەی كۆن رەگ‌و ریشەی لە خاكدایەو ئەزموون‌و هێزو هەژموونێكی جێگیرو پتەوتری هەیە لە چاو نەوەی نوێداو ئەوەش زۆرجار وادەكات لە ململانێكانی نێوان دامەزراوەی كۆمەڵگەو حیزبیشدا لە كوردستاندا هەژموونی نەوەی كۆن باڵادەستتر دەربكەوێت‌و زۆربەی كات بوار بۆ نەوەی نوێ نەكاتەوە كە بوونی خۆی بسەلمێنێت، نەوەی نوێش لەبەر كەم ئەزموونی و لاوازی تواناو ئاستی تێگەیشتن و نەتوانینی لێكدانەوەو خوێندنەوەی واقیع وەكو ئەوەی كە هەیە، زۆربەی كات لەبەردەم نەوەی پێشتردا وەكو بەزیو یان پاشەكشەكردوو دەردەكەوێت. ئەمەش وایكردووە زۆربەی كات سەربای ململانێی سەختی نێوان ئەو دوو نەوەیە نەوەی نوێ لەگەڵ هەژموونی سەختی نەوەی كۆندا رابێت‌و هەڵبكات‌و بە جۆرێك خۆی بداتە دەستەوە. دەشێ ئەمەش یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی لاوازی ئاستی نوێبوونەوەو گۆڕانكاری بێت لە كوردستاندا چ لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی‌و چ لەسەر ئاستی سیاسی.

 ئەو نەوە نوێیەی كە لە شەستەكاندا لە سەركردایەتی بارزانی جیابوونەوە پاشان بە ناچاری هاتنەوە ژێر سایەی هەژموون‌و دەسەڵاتی ئەو. ئەو نەوە نوێیەی كە لە یەكێتی نیشتیمانیدا چەندجار یاخی بوون‌و لە شێوازی دەسەڵاتی باوكسالاری‌و ئیلهام وەرگرتوو لە داب‌ونەریت‌و عەقڵی باوی كۆمەڵگەی كوردی سەركردایەتی تاڵەبانی بێزاربوون، نەك هەر هاتوونەتەوە ژێر سایەی ئەو هەژموون‌و دەسەڵات‌و عەقڵەوە بەڵكو لەگەڵ رۆیشتنی كاتدا خۆیشیان بوونەتە بەشێك لەو عەقڵ‌و میتۆدی كاركردنەی كە پێشتر لێی یاخی بوون.

 ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت لە كۆمەڵگەیەكی تەقلیدی وەكو ئێمەدا یاخی بوون لە دەسەڵاتی باوك‌و یاخی بوون لە داب‌و نەریت‌و عورف‌و عەقڵی داخراوی ئەم كۆمەڵگەیە ئاسان نیەو ئەوانەشی كە درووشمی خەباتیان بۆ گۆڕینی ریشەیی ئەو كەلتورو داب‌و نەریتە هەڵگرتووە، خۆیان لە چوارچێوەی ئەو یاساو رێسایانەدا دەجوڵێن كە بەرهەمی ئەو داب‌و نەریت‌و كەلتوورو عورف‌و عەقڵەیە. هەر ئەوەش وادەكات لە كاتێكدا كە ئێمە رەخنە لە عەقڵی پێش خۆمان دەگرین بەوەی كە نەریت پەرستەو نەریت و عورف پیرۆز دەكات و تاك پەرستەو هەندێ لە تاكەكەسەكان بەرزدەكاتەوەو  پیرۆزییان پێ دەبەخشێت، بەجۆرێك كە نەوەی پێش خۆمان بە كوێر و ناهوشیار و ملكەچ ناودەبەین بەوەی كە توانای رەخنەگرتنی نیەو توانای لەسەر پێی خۆڕاوەستاندنی نیەو هەمیشە ئەویتری سەرخێڵ، سەرۆك عەشیرەت ، بەگ و ئاغاو شێخ و مەلاو بەرپرسیی حیزبی بەرزكردووەتەوەو  چاوی لە هەموو كەمووكورتیەكانیان پۆشیووەو پیرۆزیی بە باڵایان بڕیووە، كەچی خۆیشمان هەمان هەنگاوەكانی ئەوانی پێش خۆمان لەبەر دەگرین و ئەوەی رەخنەمان لێگرتووەو بە خراپ باسمان كردووە، خۆیشمان هەر هەمان شت دووبارە دەكەینەوە.

 كەواتە ئەگەر ئەمە خۆنەناسین نیە ئەی چیە؟ ئینگلیز دەڵێن: كاتێ مافی رەخنەت هەیە كە خۆت ئەو شتەت تێدا نەبێت كە رەخنەی لێ دەگریت، بەڵام ئەگەر رەخنەت لە شتێك گرت و خۆیشت هەمان ئەو شتەت كرد، یان ئەو شتەت تێدا بوو، مانای وایە تۆ نە خۆت دەبینیت نە خۆت دەناسیت".


كەواتە دەگەڕێمەوە بۆ سەرەتای باسەكە، ئێمە چەندێ ئیدیعای نوێبوونەوەو گۆڕانكاری‌و رووخاندنی بنەما تەقلیدیەكانی كۆمەڵگەو داب‌ونەریت‌و عەقڵی باو و باڵادەستی كۆمەڵگە بكەین ، دەربازبوونمان لە هەژموونی ئەو خاسێتانەی كۆمەڵگە هەروا ئاسان نییە چونكە ئێمە لە رووی نەستەوە ئامادەیی خۆگۆڕین‌و گۆڕانكاری ریشەیمان نیەو دەتوانم بڵێم لە بارێكی تردا هەموومان بە جۆرێك خۆپارێزو كۆن پارێزین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP