xendan ads

هه‌ڵه‌بجه‌؛ له‌نێوان خه‌مساردی یه‌كێتی‌، بێباكی پارتی‌، ملهوری گۆڕان-دا

هاوكار محه‌مه‌د - 18-05-2017 - 1796 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌، په‌روه‌رده‌كه‌ی‌، رۆشنبیرییه‌كه‌ی‌،كشتوكاڵه‌كه‌ی‌،شاره‌وانییه‌كه‌ی‌، ئه‌وقافه‌كه‌ی‌، هه‌موو ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ی‌ كه‌ دوای‌ پارێزگابون كراونه‌ته‌وه‌، سه‌رجه‌میان به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن!

له‌ئێستادا پارێزگاره‌ وه‌كاله‌ته‌كه‌ی‌ وه‌ك پارێزگار توانای‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاری نییه‌ و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆش واژووی‌ هیچ بریارێكی‌ پارێزگاره‌ وه‌كاله‌كه‌ ناكات، پارێزگاری پێشوویش كه‌له‌سه‌ر پشكی گۆران بوو، هێشتا ده‌ستی له‌كارنه‌كێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌ستی‌ له‌كارهه‌ڵگرتووه‌ و هیچ بریارێك ده‌رناكات، له‌ئێستادا پارێزگاری وه‌كاله‌ت كه‌ له‌سه‌ركاره‌ ناتوانێ وه‌ك پارێزگار بڕیاره‌كانی‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ ناوحۆ و حكومه‌ت جێگیربكات، پارێزگاری پێشوو ئیعتراف به‌ئیمزاكانی‌ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و بِریارنادات چونكه‌ به‌هۆی رێككه‌وتنی‌ یه‌كێتی‌ وگۆرانه‌وه‌ ده‌ستی‌ له‌كارهه‌ڵگرتووه‌!

به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ نوێكانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌موو یه‌ك پاكێجه‌، به‌ڵام گۆران ئاماده‌نییه‌ مه‌رسوومی هه‌رێمی‌ قبوڵ بكات به‌هۆی  ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم پۆسته‌كه‌ی‌ كێشه‌یی یاسایی له‌سه‌ره‌، لێره‌دا كێ باجی ئه‌م فه‌وزا و بێسه‌روبه‌رییه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌دات؟ هاوكێشه‌ ئیداره‌ییه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌، جگه‌ له‌یارییه‌كی‌ سوریالی له‌هیچی ترناچن!

یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، ئه‌گه‌ر خه‌مساردیش نه‌بێت ره‌نگه‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بیت ئه‌م پۆستانه‌ ساغ ببنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ئێستادا به‌رێوه‌به‌ری هه‌مووی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، پارتی‌ بێكانه‌ له‌زۆنی سه‌وز چی ده‌قه‌ومێت، به‌جۆرێك مافی لایه‌نگرو ده‌نگده‌رانی‌ خۆشیان ژێرپێ خستووه‌، گۆرانیش گومڕاوملهورن، ته‌نیا له‌پێناو بردنه‌سه‌ری قسه‌ی خۆیان، چاره‌نوسی شاره‌كه‌ و ئیداره‌ ناوچه‌كه‌ و خه‌لكیان به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌( شیرازه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌ به‌جۆرێك تێكچووه‌، ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌ جگه‌ له‌ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ مانگای‌ به‌ره‌لا و غه‌رامه‌كردنی‌ خاوه‌نه‌كانی‌ هیچی تریان پێناكرێت)! پرۆژه‌كانی‌ رێگاوبان، بیناسازی، خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، به‌ته‌واوه‌تی‌ پشتگوێخراون؟

به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی‌ دواین هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌30ی‌ نیسانی‌ 2014ئه‌نجامدرا، له‌نیوان پێنج هێزه‌ براوه‌كه‌دا، پارتی‌ له‌دوای‌ دواوه‌یه‌، واته‌ هێزی‌ پێنجه‌می قه‌زای مه‌ركه‌زی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، به‌ڵام له‌و رۆژه‌وه‌ تائه‌مرۆ پارتی‌ دیموكرات داوای‌ پۆستی‌ قائیمقام ده‌كه‌ن كه‌لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌لاتی‌ ناوه‌ندی قه‌زاكه‌یه‌،وه‌رنه‌گرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌شیان كردووه‌ به‌بیانویه‌ك بۆ رانه‌په‌راندن و سه‌رپێنه‌خستن ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌، ئینجا:

ئه‌گه‌ر پارتی‌ نایه‌وێت ئیداره‌ی‌ ناوچه‌كه‌ ئیفلیج ببێت، به‌چ حه‌قێك داوای‌ لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ شارێك ده‌كات، كه‌ له‌هه‌ڵبژاردندا، قڕه‌ بوبێت تیایدا؟!

ئه‌گه‌ر بێده‌نگییه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ مانای (قبوڵكردنی‌ دۆخه‌كه‌ نییه‌) ئه‌دی به‌شداربوون و شه‌راكه‌ته‌ی‌ له‌حكومه‌تدا چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟

ئه‌گه‌ر گۆڕان دان به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا نانێت بۆچی ده‌ست له‌هه‌موو ئیمتیازاتێكی خۆی له‌شاره‌كه‌ هه‌ڵناگرێت تا نه‌فه‌سێك بۆ ئیداره‌ی‌ شاره‌كه‌ بگه‌رێته‌وه‌، خۆ هه‌موو پۆست و حه‌قبه‌شه‌كانیان ئیلا پێویستی‌ به‌ ئیمزای‌ سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌پۆسته‌كه‌ی‌ كێشه‌یی یاسایی له‌سه‌ره‌ و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ هه‌یه‌ كه‌هه‌ردوكیان لای پارتین؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP