xendan ads

ساڵێک دوای رێکەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان

سالار مه‌حمود - 17-05-2017 - 1867 جار خوێندراوەتەوە

سالار مەحمود

لەساتەوەختێکی هەستیارو گرنگدا رێکەوتن لە نێوان دوو هێزی رکابەردا هاتە کایەوە. ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خەڵک و پرۆسەی سیاسیی و ئایندەی کوردستان لە رووی ناوەڕۆکەوە گرنگ بوو،بەو مانایەی هەر خاڵێک لەو بیست و پێنج خاڵە لەگەڵ پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و بەدیهێنانی ئاشتی راستەقینەو ئۆقرەیی لەهەمان کاتدا پشت بەستن بەسەروەریی یاساو پرەنسیپەکانی دیموکراسی نەک هەر کۆک بوو بەڵکو گەشەپێدەریش بوو. 


 بۆ خودی یەکێتیەکان و گۆڕانەکانیش دوای حەوت ساڵ لەشەڕی ساردو یەکتر تەخوینکردن و پەرتکردن و سڕینەوە  ساتەوەختێکی  گرنگ بوو، بۆ  رەخساندنی زەمینەی رەواندنەوەی ئەو هەموو  خەتی چەپ و راست بەسەریەکدا هێنانە.  ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە هەنگاوێک بوو بۆ دروستکرنی فۆرمێکی نوێ لە یەکڕیزی ناو  ماڵی کوردستان .

 

بە ڕای من مانەوەی رێکەوتنەکەو گەشەپێدانی بەمیکانیزمی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بۆ ئەم قۆناغە گرنگی زۆری هەیە بەتایبەتی  لەم ساتەوەختەدا کە کوردستان پێویستی بە خۆ کۆکردنەوەو بەدیهێنانی تەبایی و ئاشتی سەرتاسەریی هەیە لە نێوان هەردوو لایەن و لایەنەکانی تریش بەتایبەتی لەگەڵ پارتی.  چونکە ئە قۆناغەش پێویستی بە سازان و  پێکەوە کارکردن هەیە لە جیاتی ترازان و پەرتبوونی ناوخۆیی، لە ترازاندا دوژمنانی کورد سودمەند دەبن  دەرفەتیان دەداتێ بۆ دەستخستنە ناو کوردستان لە دەرگای ترازاوی ماڵی کورد خۆیەوە، ئەمە سەرەڕای بوونی ئاماژەی راستەقینە بۆ گۆڕانی نەخشەی سیاسیی و جوگرافی لە ناوچەکەدا ئەویش بەهاتنەوەی زهێزەکانی دونیا بۆ ناوچەکە ئەمجارەیان لە پەنجەرەوە بەتایبەتی ئەمریکا کە پێشبینی دەکرێ ئاکامەکەی کەمکردنەوەی هەیمەنەی وڵاتانی ئیقلیمی بێ بەتایبەتی تورکیاو ئێران کە هێشتا سیادەی سنور نازانن و سنوری خۆیان دەبەزێنن. راستە رێکەوتنەکە هێشتا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز ماوەتەوەو زۆر لە خاڵەکانی جێبەجێ نەبوونە بەڵام وەک  نەخشە رێگا بۆ هەردوو لایەن و بۆ کوردستان بایەخی تایبەتی هەیە.

 

خۆ ئەگەر هەندێ لە خاڵەکانی ئاستەنگی گەورەیانلەبەردەم بێ خۆ دەکرێ لەسەر چەند خاڵێکی جدیەت پیشان بدرێت و کار لەسەر جێبەجێکردنی بکرێ. لەبەر ئەوە هەر تێڕوانینێک بۆ هەڵوەشانەوەی رێکەوتنەکە یا هەڵپەساردنی دەبێت بە وردی بیر لە ئاکامە نێگەتیڤەکانیشی بکرێتەوە! بەدروستی نابینم لەسەر بنەمای هەڵچوون و پەرچە کردار هەوڵ بۆ هەڵوەشانەوەی بدرێ.وەک چۆن پێویستە پابەند بوون پێیەوە بۆ کاتکوشتن و خۆ دزینەوە نەبێ.


مەبەستمە بڵێم دوای ساڵێک لەو رێکەوتنە لەجەوهەردا یەکێتی و گۆڕانی لێک نزیکنەکردەوە وەک پێویست و نێوانی لایەنەکانیشی پەرتتر کرد، بەتایبەتی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی تەعقیدتر کرد کە پارتی لایەنی سەرەکی و بکەری ئەساسیە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان وەک چۆن بەبڕیارێکی حزبی لەکاری خست لەکاتێکدا پارتی فراکسیۆنەکەی زۆرینەشە لەپەرلەمان. گوزەرانی خەڵکیش بەگشتی باش نەبوو بەتایبەتیش هەر هیچ نەبێ لەو دەڤەرەی کە هەردوو لایەن تێیدا باڵا دەستن.


چارەسەر چیە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ دوای ئەو ماوە زەمەنییە ببێتە بابەتی گفتوگۆی راشکاوانەو دوور لە دەستی دەستپێکردن. گرنگە  گفتوگۆکان بەردەوام بن و میکانیزمی کرداریی دابنرێت بۆ  هەنگاو بەهەنگاو بۆ جێبەجێکردنی و دۆزینەوەی رێوشوێنی پێکهاتنی هەردوو لایەن لەگەڵ پارتی لەسەر بنەماکانی ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە، چونکە بەشێک لە خاڵەکانی رێکەوتنەکە بە یەکێتی و گۆڕان بەتەنیا جێبەجێ نابن.  لەو رووەشەوە پێویستە بەرچاو روونی و بەڕاشکاوی بنکەی جەماوەری هەردوو  لایەن وردتر تێبگەیەنرێت. 


بەدیدی نوسەر پێویستە  زۆرتر کار بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو رێکەوتنە بکرێت و ببێتە بەرنامەی کرداریی هەردوو لایەن، راستە گەنجەکانی هەردوو لایەن وکادرە پێشکەوتووەکانی  مەبەستیانە زۆر بەخێرایی ئەوە ببێ کە پێویستە لەبەرامبەریشدا زۆرینەی ئەرکەکە لە ئەستۆی سەرکردە دێرینەکانی هەردوو لا هەیە بەلەبەرچاوگرتنی هاوسەنگەریی و هاوخەباتی دێرینەیان  ئەو وزەیەی ماویانە بۆ بەرەو پێشەوە بردنی کاروانە هابەشەکە بینێن نەک زیندوو کردنەوەی گرێ مێژوویەکانی نێوانیان لە شاخ و لەناو ململانێکانی رابردوویان لەناو یەکێتی، ئەمە بەرپرسیارێتیە مێژوویەکەیە کە لە قۆغەدا لەئەستۆیاندایە.


گرفت و کێشە کەسیەکان نابێ وێنە گەورەکەیان لا بچووک بکاتەوە ئەگینا دەرفەتەکان لەدەستیان دەردەچێت و ئەو گرێیەی ئێستا دەتوانرێت بەدەست بکرێتەوە ئەو کاتە بەتێپەڕبوونی کات بە دەمیش ناکرێتەوەو مێژوو کەمو زۆر ئۆباڵی لەدەستدەرچوون توند دەخاتە گەردنیان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP