xendan ads

با ئیتر جیا بینه‌وه‌

سەباح شێخانی - 13-05-2017 - 1362 جار خوێندراوەتەوە

سه‌باح شێخانی‌

دونیا پێویستی به‌ شۆڕشێكی مه‌زن هه‌یه‌، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش له‌ سه‌روبه‌ندی گۆڕانكارییه‌كی خێرادایه‌، له‌ناو ئه‌م بارودۆخه‌دا، كوردستان ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی مێژوویی بۆ هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌. هاوكات هاوسۆزییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیش بۆ باشووری كوردستان بوونی هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ سه‌رۆك بارزانی داوای كردووه‌ ئاماده‌باشی بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بكرێت، به‌ڵام وێڕای ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه‌ ڕووبه‌ڕووی كوردستان بووه‌ته‌وه‌ و ده‌بێت ئاماده‌كاری بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یان بكرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پرسی كورد له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كوردستان جۆرێك له‌ جووڵه‌ و ئه‌كتیڤبوونی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێرینه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردستان ئاماژه‌ی پێده‌كات، ده‌رفه‌تێكی له‌باره‌، خۆزگه‌ هه‌موو كوردستانی گه‌وره‌ی‌ ده‌گرته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ته‌نیا بۆ باشووری كوردستانه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی بارودۆخی كوردستان بده‌ین به‌ روونی‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین و ده‌بینین سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕابه‌رایه‌تی پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات و كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر به‌نێوده‌وڵه‌تی بوونی پرسی كورد هه‌یه‌، 

 له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانیش هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی كورد نییه‌، هێنده‌ی جه‌نابی مسعود بارزانی له‌ سه‌ر ئاستی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی به‌هێز بێت، ده‌كرێت بڵێین وجوودی به‌ڕێز مسعود بارزانی فاكته‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ ئه‌كتیڤبوونی پرسی كورد، لێدوان و هه‌وڵه‌كانی جه‌نابی سه‌رۆك مسعود بارزانی‌، له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی كوردستان خوێندنه‌وه‌یه‌كی واقیعییانه‌یه‌ بۆ ڕه‌وشی سیاسی كوردستان، عێراق، ناوچه‌كه‌ و خستنه‌ڕووی چاره‌سه‌ری گونجاوه‌ بۆ پرسه‌كان، به‌ تایبه‌ت پرسی ڕیفراندۆم بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ئه‌م هه‌وڵانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌م كاته‌دا بایه‌خی زۆری هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ كه‌ به‌ سه‌رده‌می ڕزگاری و ئازادیی نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌كان له‌ ژێرده‌سته‌یی و دیكتاتۆریه‌ت ناسراوه‌، كاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌ شێوازێكی‌ ئاشتیانه‌،

 دوور له‌ هه‌موو ئاریشه‌ و كێشه‌یه‌ك، جیابوونه‌وه‌ ڕابگه‌ینین، به‌ جیابوونه‌وه‌مان له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ پرسی كورد ده‌چێته‌ قۆناخێكی دیكه‌وه‌، نابێت پرۆسه‌كه‌ له‌به‌ر هیچ هۆكار و بیانووێك دوابخرێت، هه‌نووكه‌ هه‌لومه‌رجێكی هه‌رێمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی، هاوكات ده‌رفه‌تێكی گرنگ بۆ كورد دروست بووه‌ و نابێت له‌ده‌ست بدرێت. من له‌وه‌ نیگه‌رانم ئه‌گه‌ر پێش كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌رنه‌گرین، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد و شه‌قامی كوردی له‌هه‌مبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌ینوێنن مافێكی یاسایی و ده‌ستووری  تاك به‌تاكی كوردستانیانه‌، مانه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ ڕێز له‌ مافی هاونیشتیمانیانی نه‌گرێت و پارێزگاریان لێ نه‌كات، شایه‌نی مانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو جیابونه‌وه‌ لێی، به‌ر له‌وه‌ی‌ ماف بێت، ئه‌ركێكی‌ ئایینی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌، وه‌ك كورد هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ (1921) تا ئێستا، مێژوویه‌كی‌ تاڵ و ڕابردوویه‌كی‌ پڕ له‌ ناخۆشیمان له‌سه‌ر خاكی‌ عێراقدا هه‌یه‌، وا باشتره‌ ببینه‌ دوو دراوسێی باش،  لێره‌ به‌ولاوه‌ ئیتر كاتی سه‌ربه‌خۆیی و دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌. ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP