پێڵاو، قۆنەرە، کەوش

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 8-05-2017 - 2925 جار خوێندراوەتەوە


یەکێک لە وچەکانەی ڕەگ و ریشەیەکی کولتوری و کۆمەڵایەتی بێگانەی  هەیەو دەرخەری ئاستی عەقڵی کۆمەڵایەتی و هۆشیاری فەرهەنگی گەل و نەتەوەیەک و تاکی کۆمەڵگەیە و لە کاتی ناکۆکی و سەغلەت بوون و تووڕەیی و دەمارگیری و دیماگۆگیەت و پیشان دانی ڕق و قین بەرامبەر بەوانیتر و ئەوی تر بەکار دەهێنرێت، پێڵاوە.
ئەوەندەی من سرنجم دابێ پێڵاو وەک ئامرازێک و چەکێکی کوشندە و ( وێرانکەری سایکۆلۆژی) لەجیهانی عەرەبیدا پێگەیەکی بەهێزو دیارو بەرچاوی لە ناو فەرهەنگی عەرەبدا هەیە و لە کاتی درووست بوونی ناکۆکی و تەقینەوەی ڕق وقین وتوورەیی پەنگ خوادوو و ڕووبەرووبوونەوەی یەکتر و یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان، زۆر بە بەربڵاوی و لە ئاستێکی باڵادا بەکار دەهێنرێت. 

قۆنەرە هەم ئامرازێکە بۆ دابین کردنی یەکێک لە پێداویستیە سەرەکیەکانی هاتو چۆ کردن و پاراستنی پێ لە گەرمی و ساردیەو  وهەم لە زۆر کولتوری وڵاتانی جیهاندا رووێکی سایکۆلۆژی هەیە.

 لە هەمان کاتیشدا زۆر جار مرۆڤ بۆ جووتێک پێڵاوی مارکەی درووست کراو لە پێستی تیمساح، مار، ئاسک و گاو ....و هتد ئامادەیە هەزاران دۆلار بدات. ئەمەش تا ڕادەیەک پەیوەندی بە ئاستی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و دۆخی ئابوری کەسەکەوە هەیە. 

پێلاو لە زۆر کولتوردا ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواری و کلاس و پێگە و سەلیقەی جوان و ناشرینی تاک لە ناو کۆمەڵگەدا پیشان دەدات، و لەهەندێ کۆمەڵگەشدا تاکەکان بە تایبەتی چینی هەژاران تەنیا بۆ پڕ کردنەوەی پێداویستیەکی ژیان و خۆ پاراستن لە گەرماو سەرماوهاتوچۆ کردنی ڕۆژانە سوودی لێ وەردەگرن و لە لایەن گوند نشینانی هەندی وڵاتی هەژاری ئەفریقیی بە هیچ شێوەیەک بەکار ناهێنرێت. 

بەکورتی:
ئەگەر کەسانێک هەبن ئامادە بن پارەیەکی خەیاڵی بۆ جووتێک پێڵاوی مارکە تەرخان بکەن و خۆی پێوە بابدەن و کەسایەتی خۆیانی پێ دەربخەن، ئەی بۆ وەک چەکێکی ( کوشندە) و کەسایەتی وێرانکەر و سووکایەتی کردن بە یەکتر و سووک و ڕیسوا کردن، لە لایەن هەندێ لە تاکەکانی کۆمەڵ بە شانازیەوە بەکار دەهێنرێت؟  

ئەگەر هەر کام لە ئێمەمانان بۆ هەر بۆنەو موناسەبەتێکی دیاری کراوەوە جوتێک پێڵاوی تایبەتی تەرخان دەکەین، ئەی بۆ لە کاتی بە یەکدا هەڵپژان و پەلاماردانی یەکترو سووک و ریسواکردن، وەک ڕەگەزێکی فەرهەنگیی بێزراوو قیزەوەن و ناشرینی فەرهەنگی بێگانە، بەکاری دەهێنین؟
کەوابێ پێڵاو سێ ڕەهەندی کۆمەڵایەتی لە خۆ دەگرێ.
 
هەم ئامرازێکە بۆ ڕووخاندنی باری دەروونی لە کاتی دەمەقاڵی و ناکۆکیەکانمان، هەم دەکڕێ ببێتە هێماو ئاماژەیەکی گرینگ بۆ دەرخستنی کەسایەتیمان و هەم وەک ئامرازێک و پێدواویستیەک بۆ خۆ پاراستن سوودی لێ وەردەگیڕێ.

ئێمە کە داوای ڕزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی نەتەوەیی و سەرفیرازی و دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی بەهێز و دەوڵەتی کوردی دەکەین و کۆی هەوڵ و کۆششەکانمان لە پێناوی ئازادیدا تەرخان کردووەو لەوەتەی نەخشەی سیاسی و جۆغرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە لایەن زلهێز و براوەکانی یەکەم جەنگی جیهانیەوە کێشراوە، هەمیشە و بەردەوام زیانی ژیانی سەپێنراو لە نێو قەوارە جیا جیاکانی نەتەوە سەردەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان بە چاوی خۆمان بینیوە، کەی دەروون( تەعریب کراو) و هۆشیاریمان لە دەرەنجام و کاریگەریە نەرێنیەکانی داگیرکاری و پاشماوەی عەقڵ و و هزر و باکگراوند و خووی ناشرینی فەرهەنگی جنێودانی بێگانە ی ستەمکاروپاک دەکەینەوە؟

بەڵام بە دڵنیاییەوە هاویشتنی ئەم هەنگاوە، پێویستی بە دامەزراندنی هیچ جۆرە کۆمیسیۆن و لێژنە و کۆمیتەیەکی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی و کات بە فیرۆدانەوە نیە!  بە ڵکو پێویستی بە بەخۆداچوونەوەیکی فەرهەنگی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیە بە ئاراستەی پاک کردنەوەی فەرهەنگمان لە ڕەگەزە ناشرینەکانی سەردەمی ژێر دەستی و ستەمی نەتەوە سەردەستە ستەمکارەکانەوە. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP