بەپەلە

ئەوروپاو ئایندەی كوردستان

سالار مه‌حمود - 3-05-2017 - 4278 جار خوێندراوەتەوە

سالار مەحمود- فەرەنسا

بەمەبەستی گەیاندنى ژان و داواو مەترسیەكانی سەر كوردو كوردستان لەبۆتەی رووداوو گۆڕانكاریە چاوەڕوانكراوەكانی ناوچەكە، سەردانی پەرلەمانی ئەوروپاو چەند ناوەندێكی سیاسیی و دیبلۆماسیمان كرد. هەندێك لە دیدارەكان بەبەرچاوی میدیاكانەوە بوو، هەندێكیش دوور لە چاوی راگەیاندن و میدیا.


 ئەوەی گرنگەو لێرە تیشك بخەینە سەر (بەیتی قەسید) هەموو لایەك بەوردی چاودێری رەوش و رووداوەكانی كوردستان و دەوروبەری دەكەن لە روانگەی كاریگەریی رووداوەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی لەسەر رۆژئاواش هەیە، تەنانەت پارتە سیاسیەكان لە ناو پەرلەمانی ئەوروپاو لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا یەك جۆر بیر ناكەنەوەو هەڵوێست وەرناگرن. بەڵام هەموو ئەو لایەن و كەسانەی بینیمانن گرەنتی سەركەوتنی كوردستان لە هاوكێشەی گۆڕانكاریەكاندا دەبەستنەوە بە رادەی رێزگرتن لە دیموكراسی لە ناوخۆدا. هەرچەندە ئەوان لەهەموو حاڵەتەكاندا مامەڵە لەگەڵ حكومەتەكاندا دەكەن! بەڵام بەلایانەوە گرنگە فشارو خەبات و كاركردن بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا بە پرەنسیپی دیموكراسیانەی خەڵك بێت.

ئەوان بەگرنگیەوە دەڕواننە كەمبونەوەی فشاری پەناهەندە لەسەریان و راسپاردەیان بۆ حكومەتەكان رێزگرتنە لە رای خەڵك و یاسا. 

لە گرنگترین دیداردا لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا (ئۆلریك لۆناچیك)كە رۆژی ۲۷/٤/۲٠۱۷ لەگەڵیدا ئەنجاممان داو چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە ناو پەرلەمانی ئەوروپا بینیمان و داواكاریەكانی خۆمان دایە دەستی، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی و پشتیوانی، لە گرنگترین وتەكانی بۆ ئێمە باسی لە گرنگی پشت بەستن بوو بە هێزی دیموكراسی ناوخۆ، راسپاردنی ئۆفیسەكەی بۆ چاودێریكردنی بارودۆخی كوردستان بە گرنگیەوە، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئازادكردنی پەرلەمانتارانی باكوور لە رێگەی فشاری پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر توركیا.

سەبارەت بە پارتە كوردستانیەكان لە ئەوروپا كە كۆبوونەوەمان لەگەڵ كردن لە بارەگای كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە برۆكسل جگە لە نوێنەری پارتی چەندان حزبی چوار پارچەی كوردستان ئامادەی بوون، نەبوونی یەك تیمی و نەبوونی پلان و كاری هاوبەش هەست پێ كرا، سود وەرنەگرتن لەو كەشەی لە دەرەوە هەیە بۆ كاری دیبلۆماسیی لەلایەن نوێنەرایەتی حزبە كوردیەكانەوە، بەڵام هەمووان یەك دەنگ بوون لەوەی بارودۆخی كوردستان ئیحراجی بۆ ئەمان لەدەرەوە دروست كردوەو، تانەیان لێ دەدرێت لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و خۆ نەگونجاندن لەگەڵ راسپاردە نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ كۆمەڵی نێودەوڵەتی. سەرباری قوربانیدانێكی زۆر لەشەڕی تیرۆردا لەلایەن پێشمەرگەو خەڵكی كوردستانەوە.

 سەبارەت بە رەوەندی كوردیش بەهەمان شێوە نیگەرانی و توڕەیی و دڵتەگیەكی زۆر پیشاندرا لە و دابڕان و ترازانە سیاسیی و كۆمەڵایەتیەی لە كوردستاندا هەیەو پارتەكانی كوردستان وا كاردەكەن لێرەش رەوەندی كوردیی پەرت و دابەشبێ بەسەر لایەنە سیاسیەكاندا. 

حكومەتی هەرێم وەك چۆن لە ناوخۆی كوردستان نەیتوانیوە خزمەتی خەڵكەكەی بكات لە دەرەوەش نوێنەرایەتیەكانی لە گرفتی پەنابەران بەگشتی و رەوەندی كوردیی ناپرسنەوە. تەنانەت نەیانتوانیوە سود لە تواناكانی ئەو هەزاران خوێندەوارو گەنجە ببینن كە چونەتە ناو دامودەزگاكانی فەرمی ئەو وڵاتانەوە.

لەدەرەوە توانایەكی گەورەی مرۆیی كوردستانی هەیە حزبەكانی باشوور بەتایبەتی نەیانتوانیوە سەرمایەگوزاریی و رێكخستنی تێدا بكەن، بیریان لای ئەم توانا گەورەیەی رەوەندی كوردیی نیە كە هێزێكی گەورەی گۆڕانكارییە.

لە هۆڵەندا رەوەندی كوردی بە چەپكە گوڵ پێشوازیان لە پەرلەمانتارانی كوردستان كرد! هەستێكی خەمناك و شادومان دایگرتم هەستی شادی رێزگرتن لە نوێنەرانی گەل لەدەرەوە و هەستێكی دڵتەنگ لە سوكایەتیكردن بەپەرلەمان و پەرلەمانتاران لەلایەن حزبەكان لەناوەوە..

لەم سەفەرەدا وێڕای سەرنجێكی زۆری نەوتراو دەمەوێت بڵێم پەیامی ئەوروپاییەكان بۆ كوردو كوردستان رێزگرتنە لە دیموكراسی و حوكمی یاسا ئەوان زۆر بایەخ بە وردەكاریی كێشە ناوخۆییەكان نادەن هەرچەندە زۆر نیگەرانن بە داخستنی پەرلەمان و هەموو رادەی دیموكراتیزەی وڵات و كۆمەڵگاكان لە روانگەی چالاكی و كاری پەرلەمانەوە دەبینن، لەهەمانكاتدا ئەوان دەڵێن پشت بەخۆتان ببەستن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانتان و خۆتان دەتوانن گۆڕانكاریی پۆزەتیڤ ئەنجام بدەن.

 بەم هەنگاوەش دەرئەنجام پشتیوانی بەكرداری ئێمە مسۆگەر دەكەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP