ئاوڕێك له‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌

دانا مەنمی - 22-04-2017 - 4432 جار خوێندراوەتەوە

ڤۆڵتێر ده‌ڵێت "ڕۆژنامه‌نوسی‌ ده‌زگایه‌كه‌ به‌ كه‌س ناشكێ، به‌ڵام خۆی‌ دونیای‌ كۆن ده‌روخێنێ ، تا دونیای‌ نوێ دامه‌زرێنێت".

له‌به‌ر  ڕۆشنایی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ڕژیمه‌ دیكتاتۆره‌كان له‌ ڕۆژنامه‌و ڕۆژنامه‌نوسان ترساون، هه‌وڵیان داوه‌ به‌هه‌ر نرخێك بێت به‌ خه‌ڵات و پاداشت  ڕۆژنامه‌كان و ڕۆژنامه‌نووسان بكڕن و ده‌مچه‌وریان بكه‌ن، خۆئه‌گه‌ر نه‌گونجا به‌لای‌ كه‌مه‌وه‌ دۆست بن، هه‌ر ملیان نه‌دایه‌ خه‌ت چاویان لێ سووربكه‌نه‌وه‌، ڕاویان بنێن، زیندانیان بكه‌ن، پاكتاویان بكه‌ن، دواجاریش تیرۆریان بكه‌ن، له‌ ئێستای‌ فه‌زای‌  زه‌برو زه‌نگ و سانسۆری‌ كورده‌واریدا، ڕۆژنامه‌نووس له‌ سه‌دو یه‌ك لاوه‌ گه‌مارۆ دراوه‌ گوشاری‌ خراوه‌ته‌ سه‌رو ده‌رفه‌تی‌ حه‌قیقه‌ت بێژی‌ لێ ته‌نگ ده‌كرێ و ده‌گیرێ، بۆیه‌ یان ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ بێت و ده‌ست به‌ كڵاوی‌ خۆیه‌وه‌ بگرێ، یانیش ببێته‌ بوكه‌ڵه‌ی‌ حزب و به‌ ئاوازی‌ حزب هه‌ڵپه‌رێ و ئه‌و ده‌هۆڵه‌ بكوتێ كه‌ حزب ده‌یكوتێ و ئه‌و عه‌قڵه‌یش به‌ گه‌ر بخات كه‌ له‌كه‌لله‌ی‌ حزبدایه‌، وه‌كو تووتی‌ هه‌رچییه‌ك ئه‌وان گوتیان بیڵێته‌وه‌ له‌ مه‌لیك مه‌لیك تر بێت ، یانیش ده‌بێت مل له‌ چه‌قۆ بسوێت !  وه‌ك ( ڕه‌زا به‌راهه‌نی‌ ) گوته‌نی‌ :ده‌بێ له‌ دار بدرێ. 

حه‌قیقه‌ت كوشتن گه‌لێك له‌ مرۆڤ كوشتن خه‌ته‌ر تره‌ ، چونكه‌ دووه‌میان به‌رئه‌نجامی‌ یه‌كه‌مه‌ ،ئه‌و  ڕۆژنامه‌نوسه‌ی‌ حه‌قیقه‌ت ده‌كوژێ و حه‌قبێژ نییه‌ ،با قوڕو قه‌پی‌ لێبكات و قیروسیا  با قۆناغێكی‌ ژیانی‌ میلله‌ت و ووڵات ڕۆژنامه‌ی‌ تێدا نه‌بێت ، چونكه‌ بێده‌نگی‌ زۆر باشتره‌ له‌ حه‌قیقه‌ت شێواندن، نوسه‌رێك له‌سه‌رده‌می‌ ڕه‌شی‌ هیتله‌ردا ده‌ڵێت "من له‌م قۆناغه‌دا ڕدیۆ ناكه‌مه‌وه‌، ڕۆژنامه‌و گۆڤاری‌ ناوخۆ ناخوێنمه‌وه‌، چونكه‌ هه‌موویان وه‌كو هیتله‌ر قسه‌ ده‌كه‌ن".

ده‌گه‌ڕیمه‌وه‌ بۆ ده‌ربڕێنێكی‌ جوانی‌ ( ژان پۆڵ سارته‌ر) كه‌ ده‌ڵێت "هه‌ندێكجار بێده‌نگی‌ تاقه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌توانرێ حه‌قیقه‌تی‌ لێوه‌ هه‌ڵێنجرێ".

داهێنانی‌ ئامێری‌ چاپ له‌ سه‌ده‌ی‌ یازده‌هه‌می‌ زاینیدا له‌سه‌ر ده‌ستی‌ مسگه‌رێكی‌ ئه‌ڵمانی‌  (یوحه‌نان گۆته‌نبرگ ) بوو، له‌و داهێنانه‌یدا هیچ سوودو ده‌ستكه‌وتێكی‌ پێ نه‌بڕا له‌به‌ر سه‌رقاڵی‌ و ده‌ستكورتی‌ ، كاتێ كتێبی‌ ئینجیلیشی‌ چاپ كرد، ته‌نانه‌ت له‌ بیری‌ چوو ناوی‌ خۆیشی‌ له‌سه‌ر تۆمار بكات، به‌ر له‌ گۆته‌نبرگ  له‌ هه‌وڵێكی‌ تردا بازرگانێكی‌ چینی‌ به‌ ناوی‌ (بی‌ شینگ) هه‌بووه‌، به‌ڵام داهێنانه‌كه‌ی‌ (گۆته‌نبرگ ) شۆڕشێكی‌ مه‌زنی‌ له‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا دروستكرد، چاپ ڕۆڵێكی‌ ئێجگار گرنگی‌ بینی‌ له‌ به‌ره‌و پێشچوونی‌ شارستانیه‌ت  له‌ سه‌رانسه‌ری‌ دونیادا، ماوه‌یه‌ك پاش ئه‌و داهێنانه‌ (گۆڤارو ڕۆژنامه‌) به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕێكوپێك چاپ و بڵاو كرانه‌وه‌ .

یه‌كه‌م هه‌فته‌ نامه‌ له‌ مێژوودا له‌ شاری‌ (ستراسبۆرگ ) به‌ ناوی‌  Relation  له‌  ساڵی‌ (1609 ) له‌لایه‌ن  (جۆن كارلۆس ) چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌ ، یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی‌ ڕۆژانه‌یش له‌ له‌نده‌ن به‌ ناوی‌ (ده‌یلی‌ گرانت ) له‌ ڕۆژی‌ 11ی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 1702  له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ ئیدوارد گرانت چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌ .

له‌ ڕۆژی‌ 22ی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 1898 ( میقداد مدحت به‌درخان ) له‌ شاری‌ قاهیره‌  په‌رده‌ی‌ له‌سه‌ر  ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ هه‌ڵماڵی‌ و یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی‌ كوردی‌ به‌ ناوی‌ ( كوردستان ) دامه‌زراند ، له‌و ڕۆژه‌وه‌ كاروان و خه‌باتی‌ میدیاكارانی‌ خاوه‌ن خود به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كان ڕاستگۆیانه‌و كوردانه‌و ڕاشكاو بوێرانه‌ بگه‌یه‌نێت به‌ ڕای‌ گشتی‌ .

به‌ پێی‌ سه‌رچاوه‌كان ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستان  سێ هه‌زار نوسخه‌ی‌ لێ چاپكراوه‌  و دوو هه‌زار  نوسخه‌ی‌ به‌ خۆڕایی له‌ كوردستان دابه‌شكراوه‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوو كاری‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ ناوی‌ به‌ (گه‌ڕان به‌ دوای‌ سه‌رئێشه‌دا ) ده‌ركردبێت ، ئه‌وا له‌ ئێستادا كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌  (گه‌ڕانه‌ به‌ دوای‌ مه‌رگ دا !) .

خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوو  میله‌ته‌كه‌مان شۆڕه‌سوارانی‌ له‌ مه‌یدانی‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا  گیانی‌ خۆیان كردبێته‌ قوربانی‌ مه‌عریفه‌و شارستانیه‌ت له‌ پێناو هوشیار كردنه‌وه‌ی‌ هاونیشتیمانیان ، ئه‌وا ئه‌و شۆڕشه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و هیچ هێزو لایه‌نێك  ناتوانێت ببێته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م جه‌نگی‌ میدیادا.

خۆئه‌گه‌ر میله‌ته‌كه‌مان له‌ ڕابردوو  (میقداد به‌درخان و عبدالكریم ئه‌فه‌ندی‌ و مسته‌فا پاشای‌ یامولكی‌ و حوسێن حوزنی‌ موكریانی‌ و مامۆستا ابراهیم احمد و مامۆستا عه‌لائه‌دین سجادی‌ و مامۆستا گیوموكریانی‌ ) دلسۆزانه‌ له‌ ڕۆژگاری‌ خۆیاندا به‌شداریان كردووه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانی‌ شارستانیه‌ت و ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردیدا ، كه‌ جگه‌ له‌ سه‌دان نوسه‌رو رۆشنبیرو هونه‌رمه‌ند  له‌وانه‌ ( مامۆستا عبدوڵا گۆران و مه‌عروف به‌رزنجی‌ و  غفورو جلال و ئه‌مینی‌ میرزا كه‌ریم  و  محمد تۆفیق وه‌ردی‌ و مه‌م و قانع و  ساڵح حیدرو ده‌یانی‌ تر .

ئێستاش ئه‌و كاروانه‌ تا ده‌گاته‌ مه‌نزڵ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ دیدو جیهانبینی‌ سه‌رده‌میانه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ تێكۆشان له‌ پێناو به‌های‌ مرۆڤبوون و شكۆو هه‌یبه‌تی‌ ئینسانیه‌تدا.

ده‌وڵه‌ت له‌ سێ كۆڵه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكهاتووه‌ كه‌ ئه‌وانیش: نه‌ته‌وه‌ – نیشتیمان – ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ . ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیش له‌ سێ دامه‌زراوه‌ پێكهاتووه‌ كه‌ ئه‌وانیش: ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان - ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێ كردن – ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ .

میدیا به‌گشتی‌ به‌ بیستراو نوسراو بینراو  ئه‌لكترۆنیشه‌وه‌ ڕۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ و ڕێنمایی كردنی‌ تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا ، كاریگه‌ری‌ ڕاسته‌وخۆی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕای‌ گشتی‌ و گواستنه‌وه‌ی‌  دیدو تێروانینی‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر یاساكان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌ت  و هه‌ڵماڵینی‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر كه‌موكوڕی‌ و به‌دواداچوون، هه‌رئه‌و ڕۆڵه‌ گرنگه‌شه‌ وایكردووه‌ له‌سه‌ره‌تاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌هه‌م له‌ ساڵی‌ (1828 )  ناوی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ چواره‌می‌ لێ بنرێت.

كاتێك ده‌گوترێت ده‌سه‌ڵاتی‌ چواره‌م ، هه‌رگیز به‌و مانایه‌ نییه‌ ، كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ سه‌روی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ دیكه‌وه‌یه‌ ،  به‌ڵام ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵی‌ هاوشێوه‌ جیاوازی‌ تاڕاده‌یه‌ك هاونێوه‌رۆك و مه‌به‌ستن، به‌ ووردی‌ و جدی‌ گوێ له‌ راوبۆچوونی‌ خه‌ڵك ده‌گرن و پاشان به‌ شێوه‌ی‌ ره‌وان و ڕوون مه‌فهوم و كاریگه‌رییه‌كانی‌ داده‌ڕێژنه‌وه‌و ده‌بنه‌وه‌ به‌ ده‌نگی‌ هه‌موو چینه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان.

كه‌واته‌ ڕاگه‌یاندن به‌ گشتی‌ ده‌سه‌ڵاتێكه‌ له‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ دیكه‌ و سیسته‌مێكه‌ له‌ ناو سیستمی‌ سیاسیدا ، پێویسته‌ جوان په‌روه‌رده‌ بكرێت وه‌نابێ به‌ هیچ بیانوویه‌ك له‌ سایه‌ی‌ هیچ گوشارێكدا ده‌ستبه‌رداری‌ موماره‌سه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ خۆی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ دا ببێت ، ده‌نا پێگه‌ی‌ خۆی‌ وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی‌ چواره‌م ده‌دۆڕێنێت.

هه‌ڵبه‌ت ئازادی‌ ڕاگه‌یاندن هێنده‌ گرنگه‌ ده‌كرێ بگوترێ  پتر له‌ نیوه‌ی‌ دیموكراسی‌ هه‌ر گه‌ل و وڵاتێك دابین ده‌كات، پێوه‌ره‌ بۆ هه‌موو ئازادییه‌كانی‌ دیكه‌، هه‌رله‌ ئازادی‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ په‌ی‌ به‌ ئازادی‌ و دیموكراسی‌ هه‌ر گه‌ل و وڵاتێك ده‌بردرێ ، كه‌واته‌ ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ریه‌تی‌ هاوڵاتی‌ بكات به‌ بونه‌وه‌رێكی‌ چالاك و چه‌له‌نگ و كارای‌ نێو كۆمه‌ڵگا ، نه‌ك  گوێگرێكی‌ سه‌لارسه‌نگین  و گوێڕایه‌ڵ و كۆیله‌و ملكه‌چپێكراو.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP