xendan ads

ڕیفراندۆم ، دوا فیشەک بە تەوێڵی پارلەمانەوە

هونه‌ر تۆفیق - 19-04-2017 - 1377 جار خوێندراوەتەوە


شەڕی شەرعیەتی دەستەڵات ، لەنێوان سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پارلەمانی هەرێمی کوردستاندا ، تا ئێستاکە بە کراوەیی ماوەتەوە .

سەرۆکایەتی پارلەمانی کوردستان و هاوکارانی لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لە ناشەرعی بوونی ویلایەتی بارزانی دەکەن . بارزانیش لە بەرانبەردا سوورە لەسەر پەکخستن و داخستنی پارلەمان ، لە تۆڵەی ئەو بڕیارەی سەرۆکی پارلەمان و حیزبەکەیدا . لەڕووی سیاسیەوە نە پارلەمان کۆتایی یەکجاری پێهاتووە و کەوتنی هەمیشەیی بەسەردا هاتووە ، نە سەرۆکی هەرێمیش پەکی لەسەر پەرلەمان کەوتووە و دەستوپێ ی نایاسایی بوونی بەستراوەتەوە . 

تا ئێستا لە ناو چوارگۆشەی ئەو بەریەککەوتنانەدا هیچ لایەکیان لێدانی کوشندەیان لەوی تریان نەداوە ،لەناو حەلەبەی زۆرانەکەدا لە مناوەرەی بەردەوامدان بە جیاوازی چەندخاڵیک زیاتر لە بەرژەوەندی بارزانیدا ، زۆرانەکە بەردەوامە. 

لەم کاتەدا پێداگری بارزانی لەسەر ڕیفراندۆم لەهەرێمی کوردستاندا هەوڵێکە بۆ کۆتایی پێهێنانی یەکجارەکی ئەو زۆرانە و لێدانی زەربە قازیە ( ضربە قاضیە ) لە سەرۆکایەتی پارلەمان و حیزبەکەی کە بزوتنەوەی گۆڕانە .
ڕیفراندۆم لە ژێر سایەی سەرۆکێکدا کە بزوتنەوەی گۆڕان ویلایەتەکەی بەشەرعی نازانێت ، لەخۆیدا بەشەرعی کردنی سەرۆکایەتی بارزانیە ، چونکە پێشوەختە ئەنجامەکەی ڕوونە کە زۆرینەی ڕەهای خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ لە ریفراندۆمیش بە بەڵێ وەڵامیان داوەتەوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان .

 لەساڵی ١٩٩١ وە ئەو سنوورەی ریفراندۆمەکە دەیگرتەوە،  ئازادن و سەربەخۆن لە سیاسەت و دەستەڵاتی خۆجێیدا . سەربەخۆن لە ئابووری و پەیوەندیەکانی دەرەوە و هەموو کایەکانی دیکەی بەڕێوەبردندا . بەبێ ریفراندۆم ئێمە سەربەخۆین ، تەنیا ئیعلانکردنی دەوڵەتەکەمان ماوە کە پەیوەستە بە ئیرادەی سیاسی سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە ، بۆیە قۆناغی ریفراندۆم لەساڵی ١٩٩١ ەوە بەسەرچووە ، لەوکاتەوە هاوڵاتیانی هەرێم بەبەڵێ دەنگیان بە جیابوونەوە داوە . 

بەسوود وەرگرتن لەو بۆشاییە قانونیەی کە ڕاپرسی ( ریفراندۆم) و ڕیکار و لایەنی پەیوەست بە ئەنجامەکانیەوە دیاری نەکراوە ، دەقێکی قانونی تایبەت نیە بە جوڵاندن و مولزەمکردنی لایەنێک بە ئەنجامەکانیەوە . سەرۆکایەتی هەرێم خۆی دەکاتە ئەو لایەنە پەیوەستدارەی پێشوەختە لە ئەنجامەکەی دڵنیایە کە بەڵێ ی  زۆرینەی ڕەهایە . ئەنجام و دەنگەکانی ڕاپرسیەکە دەخاتە سەبەتەی شەرعیەتی ویلایەتەکەی خۆیەوە . لە شەرعیەتی ڕاپرسیەوە ، شەرعیەتی سەرۆکایەتی هەڵدەچنێت و دەنگەکان دەکاتەوە بەسەرمایەی جەماوەری خۆیی و دەیداتەوە بە ڕووی پارلەماندا و دوا فیشەکی ڕەحمەت دەنێت بە تەوێڵی سەرۆکی پارلەمانەوە . 

لە ناو تەڵەی ئەم  ڕیفراندۆمەدا ، بەشداری کردن و نەکردنی لایەن و پارتە سیاسیەکانی دیکەی هەرێم جۆرێکە لە پێدانی ناسنامەی خائین بوون و نەبوون . هەستیاری ئەو تەڵە و گەمەیە لەوەدایە هەر حیزبێک ڕای وابێت ئەمە کۆکردنەوەی دەنگە بۆ شەرعیەت پێدانی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم و بەشداری لە پرۆژەکەدا نەکات ، دەتوانرێت بە ئاسانی تەخوین بکرێت و پێ ی بگوترێت ئەوە حیزبێکی دژ بە سەربەخۆیی کوردستانە و بە ناپاک تاوانباردەکرێت . بەشداری کردنیشی لەو سەرەوە دەبێتەوە بە سەرمایەیەکی دووسەرە قازانج بۆ بارزانی.

 لەلایەکەوە کۆکردنەوەی دەنگە بۆ شەرعیەت و لەلایەکی ترەوە چونە ژێرسایەی سیاسی بارزانی دەکات لە بووچوون و هاوبەشیکردندا ، بەشداری کردنە لە بەمەرجەعکردنی یاسایی و دەستوری و سیاسی بارزانیدا . تێکەوتنە لە شێوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ناو تەڵەکە . کە لە تێنەگەیشتنی بۆ جۆری گەمەکە و ترس لە بەشداری کردن ونەکردن کە هەردووکی وەک یەک وایە بۆ هەموو حیزبەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان نەبێت کە براوەی یەکەم دەبێت . هەر حیزبێکی دیکە بەشداری بکات و نەیکات ئەنجامەکەی بۆ ئەو هەر دۆڕاندنە . چونکە کوشتنی پارلەمان مانای کوشتنی هەموو حیزبە بەشداربووەکانی پرۆسەی سیاسیە لە هەرێمی کوردستاندا . 
 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP