xendan ads

ریفراندۆمی توركیا
هەوڵێك بۆ بەمەركەزی كردن یا پتەوكردنی دەسەڵات!

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 18-04-2017 - 2009 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجامدانی ریفراندۆمی توركیا بۆ راپرسی سەبارەت بە یەكلاییكردنەوەی پرسی بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە سەرۆكی وڵات یا رەت كردنەوەی لە لایەن گەلی توركیاوە، دەرەنجامەكانی هەر چیەك بن، هەوڵێكە بۆ بە مەركەزی كردنی دەسەڵات و دووركەوتنەوەی زیاتری ئەو وڵاتە لە یەكێتی ئەوروپاو پڕەنسیپەكانی تایبەت بەحوكمی گەل بەسەرگەلەوە.

وەك دیارە زۆربەی خەڵكی هەژار وكەمدەرامەتی ناوەڕاست و هەندێ ناوچەی هەڵگری بیری كۆنسێرڤاتیڤی ( پارێزكاران) توركیە، تەنانەت بەهەندێ ناوچەی كوردنشینیشەوە دەنگیان بە ( بەڵێ) دا بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین دەسەڵاتی سیاسی لای سەرۆك كۆمارەوە.

 تەنانەت توركە تارواگەنشینەكانیش، ئەوانەی ساڵانێكە لە وڵاتانی ئەوروپا لە ژێر دەسەڵات و حوكمی دیموكراسی و سیستەمی تەواو پەرلەمانیدا ژیان بەسەر دەبەن، دەنگیان بە سیستەمی سەرۆكایەتیداو پڕەنسیپەكانی سیستەمی پەرلەمانییان ڕەتكردەوە.

بە واتایەكی تر  ئەو سێ ملیۆن و نیوە توركیەی تاڕاوگەنشین ئەنجامی راپرسیەكەی پەیوەست بەدەستوری وڵاتیان لە قازانجی بەرەی ئەردۆغان یەكلاكردەوە.

ئەم سەركەوتنەی بەرەی ( بەڵێ) بۆ بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە ئەردۆغان بۆی هەیە كاریگەری گەورە بخاتە سەر  كۆی گشتی پەیوەندیەكانی نێوان توركیاو یەكێتی ئەوروپاوە، لە هەر حاڵەتێكدا سەرۆك كۆماری تازە دەتوانێ تەنانەت پرسی ئەگەری ئەندامێتی توركیە لە یەكێتی ئەورووپا بخاتە ڕاپرسیەوەو بۆ ئەم مەبەستەش ئەگەری دووبارە كارپێكردنی حوكمی لە سێدارەدان لە سیستەمی دادی توركیا دەكرێت، ریسی هەوڵ وكۆششەكانی سی ساڵی ڕابردوو بكاتەوە بە خوری و شكستیان پێبێنێت.

 چونكە پیادەكردنی حوكمی لە سێدارەدان تەوا پێچەوانەی یاساكانی بەركاری ئەوروپایەو بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ رێساو پەیماننامەكانی تایبەت بە یەكیتی ئەوروپاوە نایەتەوە.

ئەنجامی ئەو راپرسییە لە ساڵی ٢٠١٩ دا دەخرێتە بواری جێبەجێكردن و بە پێی پێشبینییە بەراییەكان سەرۆكی وڵات ئەو دەسەڵاتانەی خوارەوەی بەبێگەڕانەوە بۆ پەرلەمانی وڵات پێدەبەخشرێت:

دەسەڵاتی پێكهێنانی كابینەی حكومەت و هەڵوەشاندنەوەی 
دەست نیشان كردنی وەزیرەكان و لادانیان 
دانانی دادوەرەكان
راگەیاندنی باری نائاسایی لە وڵات

لایەنگرانی بەرەی بەڵێ پێیان وایە ئامانج لە بەخشینی دەسەڵاتی بەرفروانتر بە سەرۆك، بەهێزكردن و كاراكردنی زیاتری سیستەمی سیاسییە لە توركیادا، بەڵام ئەمجۆرە كاركردنە بۆی هەیە كێشە بنێتەوە لە نێوان پەرلەمان ( دەسەڵاتی یاسادانان) و سەرۆكی وڵات ( جێبەجێكردن).

هەروەك راگەیندراوە، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی لە یەك ڕۆژدا ئەنجام دەدرێن، بۆیە ئەو ئەگەرە دێتە ئاراوە، پەرلەمان و سەرۆك پەیوەستن بە كۆمەڵێك كارووبارەوە ناتوانن هەماهەنگی بكەن و ببن بە دوو جەمسەری سەپاندنی هەژمون و دەسەڵاتی دژ بە یەك و پەیڕەو لە یەك سیاسەتی دیاریكراو نەكەن. 

لەوەش زیاتر سەرۆك دەسەڵاتی دانانی وەزیرەكانی كابینەی حكومەتی هەیە بەبێ گەرانەوە بۆ پەرلەمان و پەرلەمان ناتوانێ لێپرسینەوە لە هیچ وەزیرێك بكات ئەگەر بێتو لەسەدا 60ی ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ بانگێشتەكەدا نەبن. 

تایبەت بە سەرۆكیش پەرلەمان دەتوانێت بە كۆكردنەوەی لەسەدا 80ی دەنگەكان پرسی سەرۆك بخاتە بەردەم دادگای باڵای وڵاتەوە، لەو بوارانەی پەرلەمان پێی وایە سەرۆك لە ئەرك و بەرپرسیارەتییەكانی لایداوەو پێشێلی دەستوری وڵاتی كردووە.

هەڵویستی یەكێتی ئەوروپا

بێگومان پرسی گۆڕینی دەستوری وڵات و بەرفراوانكردنی دەسەڵاتی سەرۆك بووەتە مایەی نیگەرانی یەكێتی ئەوروپاو لە یەكەم كاردانەوەیدا كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا داوای لە دەسەڵاتدارانی تورك كرد لەم قۆناغە هەستیارەدا رێچكەی كۆدەنگی نیشتیمانی بگرنەبەرو هەموو لایەك بەئەرك و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیهەڵسێت و دووركەونەوە لە پەرتەوازەیی و لێكترازان و ململانێ.

گومان لەوەدانیە مەترسی یەكێتی ئەوروپا بێهۆكار نیەو سەرچاوە لە كۆمەڵێك پرس و كێشەی نێوان هەردوولاوە گرتووە.

وڵاتانی ئەوروپا دوای سەرهەڵدانی ناكۆكییەكانی نێوان توركیاو هەردوو وڵاتی هۆڵەنداو ئەڵمانیا بەهۆی رێگریكردن لە دوو وەزیری تورك بۆ بەشداری كردن لە هەڵمەتەكانی بانگەشەی راپرسییەوە، مەترسی هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنە دوو قۆڵیەكەی تایبەت بە پەنابەرانیان لێنیشتبوو.

 لێدوانە ئاگرینەكانی ئەردۆغانیش هێندەی تر ئەوروپیەكانی لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنەكان نیگەران كردبوو. 

بەرپرسانی ئەوروپا هەر چەندە لەگەڵ گۆڕینی دەستوری توركیادا نەبوون بە ئاڕاستەی بەرفراوانكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی وڵاتەوە، لێبەم ئەنجامە ئەرێنییەی لە راپڕسیەكەدا كەوتەوە، ئێستا دەتوانن لەگەڵ سەرۆكی وڵات راستەخۆتر و راشكاوانەتر سەبارەت بە پرس و بابەتەكانی پەیوەست بە نێوانیانەوە گفتوگۆبكەن. 

ئەوەی حاڵی حازریش زیاتر بە لای ئەوروپاوە گرنگ و جێیبایەخە، سنوور دانانە لەبەردەم تەوژمی پەنابەرانی سوری و ڕێگەگرتن لە گەیشتنیان بە سنورەكانی ئەوروپاوە.

بۆیە ئەنجێلا مێركل ئێستا دەزانێت دەبێ لەگەڵ كێ و چ لایەنێك بكەوێتە  گفتوگۆوەو ڕێكەوتنی دوو قۆڵی تایبەت بە پەنابەران و كۆمەڵێك پرسی تری پەیوەست بە ئەوروپا و توركیا،  لەگەڵ كێ گەڵاڵە بكات.

ئەنجامی راپرسی توركیا جارێكیتر جەختی لەسەر دووركەوتنەوەی زیاتری ئەو وڵاتە لە یەكێتی ئەوروپاوە كردەوە،  ئەو ئەنجامە گۆڕانكاریەكی بەرچاو و جێی سەرنج لە ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو بەرەوە دێنێتە ئاراوە، بەوەی توركیا زیاتر لە ئەوروپا دوور دەكەوێتەوەو گفتوگۆكانی تایبەت بە ئەگەری ئەندام بونی ئەو وڵاتەش لە یەكێتییەكەدا دەباتە قۆناغێكی ترەوە.

بەڵام لە ئەگەری هاتنە ئارای هەر جۆرە حاڵەتێكدا، تێكچوونی یەكجارەكی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا زۆر بە هێز نیە، چونكە هەم توركیا پێویستی بە ئەوروپایەو هەم ئەوروپاش پێویستی بە توركیایە بەتایبەت لەو بوارانەی، بەدەر لە پرسی پەنابەران،  تایبەتن بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولاوە. 

هاوكاری دوولایەنە

جگە لەوەش ئەوروپا پێویستی بە هاوكاری توركەكانە لە بواری ڕێگە گرتن لە جیهادیە تووندڕۆكانی ئەوڕووپا و گەیشتنیان بە سووریە یا گەڕانەوەیان لەو وڵاتەوە بۆ ئەورووپاو كۆمەڵێك پرسگرێكی تری تایبەت بە بوارەكانی  پاراستنی ئاسایشەوە. ئەورووپیەكان توركیایەكی سەقامگیر و دوور لە دابەش بوون وپەرتەوازەیی و یەكگرتوویان لە وڵاتێكی ناسەقامگیرو پڕ لە پشێوی و ئاژاوەو گرژی لا پەسەندتر و گونجاوترە و ڕووداوەكانی داهاتوو و شێوازی هەڵسوكەوتی سەرۆكی وڵات و هەڵوێستە سیاسیەكانی ناوبراو بەرامبەر بە ڕووداوو پێشهاتەكان، بەرچاوڕوونی زیاترمان دەخەنە روو.

 چونكە وێنەی شانۆی سیاسی و جۆری تەحەدیەكانی بەردەم توركیا و میكانیزمی چارەسەرەكان و هەڵوێستی فەرمی دەسەڵاتدارانی وڵات لە ئێستاوە تا رادەیەك بە نادیاری دەكەونە بەرچاو. لە ئەگەری ڕووودانی هەر رووداوێكی نەخوازراو كاریگەری دەكاتە سەر كۆی گشتی وێنەكە و لێكەوتەو دەرەنجامی ئەرێنی و نەرێنی لێدەكەوێتەوە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP