xendan ads

ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی و ئەزموونی گەلان

زانا هەڵۆ کوردە - 18-04-2017 - 2318 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دی پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ئەنجامدانی ڕاپرسی گشتی بۆتەوە باسێکی گەرمی بازنەی سیاسی و ئەکادیمی و شەقامی کوردی لە باشووری کوردستان بە گشتی. هەرچەندە لە میدیای بینراو و بیستراو و سایت و پێگەکانی سۆشیاڵ میدیا پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی وەک مژارێکی گەرم  شەن و کەو دەکرێ، بەڵام بەداخەوە بە دەگمەن ڕەهەندە جیاجیاکانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی شیدەکرێنەوە و زۆر جار ئەو پرسە بچوککراوەتەوە بۆ باسکردنی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و وڵاتانی دراوسێ و گەورەهێزان. یەکێک لەو لایەنانەی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی  کە گرنگە ئاماژەی پێبکرێ بریتییە لە ئەزموونی گەلان بەرەو سەربەخۆیی کە ئەوەش دنیایەک دەرس و پەندی گرنگی تێدایە کە ئێمەی کورد لە پرۆسەی هەنگاونانمان بەرە و ڕیفراندۆم و جاڕدانی سەربەخۆیی دەتوانین سوودی لێوەرگرین. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە، لێرەدا چەند خاڵیک وەک داتا و زانیاری سەبارەت بە ئەزموونی گەلان بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی و جاڕدانی سەربەخۆیی دەخەینەڕوو.
 
- لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی تا ئێستا  30 قەوارە لە جیهان لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاندووە و بوونەتە دەوڵەتی سەربەخۆ. 

- یەکێک لەو وڵاتانە جەزائیرە کە لە 1/7/1962 ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا. دانیشتوانی جەزائیر بە ڕێژەی 99.72% بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی جەزائیر دا و تەنها دوو ڕۆژ دواتر فەرەنسا ناچار بوو دان بە سەربەخۆیی جەزائیردا بنێ.

- لە هیچ یەک لەو وڵاتانە پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی پێشنیارێکی دەرەکی نەبووە، بەڵکو سەرکردایەتی سیاسی ئەو قەوارانە بە پشتبەستن بە خواستی زۆرینەی دانیشتوان ئەو پرۆسەیەیان دەستپێکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆنتێکستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە پرۆسەی سەربەخۆیی دا گرنگە و پێویستی بە جۆرێک لە گرەنتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

- معدلی ماوەی پرۆسەی ئەنجامدانی ڕاپرسی تا جاڕدانی سەربەخۆیی ئەو 30 وڵاتە (ساڵێک و سێ مانگ) بووە. واتە بەگشتی  وڵاتان لە پاش ئەنجامدانی ڕاپرسی لانی کەم ساڵ بۆ ساڵ و نێوێکیان پێویست بووە بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی پراکتیکی.

- سکۆتڵەندا لە مانگی 3ی 2013 بڕیاری سازدانی ڕاپرسی دا بۆ سەربەخۆیی و لە مانگی 9ی 2014 ڕاپرسییەکەی ئەنجامدا کە بە ڕێژەی  55% لە لایەن دانیشتوانەکەیەوە ڕەتکرایەوە. لە نەخشەڕێگای سەربەخۆییدا، سەرکردایەتی سیاسی سکۆتڵەندا ماوەی ساڵ و نیوێکی دانابوو، واتە تا مانگی 3ی 2016، بۆ جیابوونەوەی یەکجارەکی لە شانشینی بەریتانیا. 

- مەرج نییە هەموو کات ڕیفراندۆم وەک میکانیزمێک شەرعیەت بداتە سەربەخۆیی و دانپێدانانی نێودەولەتی. 
هەرێمی کۆسۆڤۆی یوگسلاڤیا لە ساڵی 1991 ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و تێێدا دانیشتوانەکەی بە ڕێژەی 99.98% بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دابوو. بەڵام بە هۆی بارودۆخی ئەو کاتەی یوگوسلاڤیا و بایکۆتی سربەکانی دانیشتووی  ناو کۆسۆڤۆ کە (10%)ی دانیشتوانی کۆسۆڤۆ پێکدەهێنن، ئەو کات جگە لە ئەلبانیا هیچ وڵاتێک دانی بە سەربەخۆیی هەرێمی کۆسۆڤۆ-دا نەنا. هەمان کۆسۆڤۆ لە ساڵی 2008  بە بێ ئەنجامدانی ڕاپرسی، سەربەخۆیی ڕاگەیاند و لەئێستادا 111 وڵاتی جیهان دانی پێداناوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە جگە لە ویستی زۆرینەی دانیشتوان، بارودۆخی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لە پرۆسەی سەربەخۆیی دا گرنگە و پێویستی بە جۆرێک لە گرەنتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

- لە پرۆسەی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ-دا سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە نەخشەڕێگایەکی دانابوو کە تێیدا ئاماژە بە جاڕدانی سەربەخۆیی نەکرابوو، بەڵکو تەنها باس لە دەسەڵاتی خۆیی بۆ بەڕێوەبردن کرابوو. ئەوەش وەک تاکتیکێک بۆ سەرخستنی ئامانجی سەرەکی کە سەربەخۆیی بوو. 

- ڕێگایەکی دی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و سەروەری بریتیە لە ڕەتکردنەوەی (هەمواری) دەستووری ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژی لە ڕیفراندۆمێکدا. بەو جۆرە دەنگی نەخێر وەک ڕاپرسییەک بۆ سەربەخۆیی وەردەگیرێ، بە مەرجێک کە دەستوورەکە بڕگەیەکی لەو جۆرەی تێدابێ. بۆ نمونە لە دەستووری هەموارکراوی فەرەنسادا لە ساڵی 1958 دا 19 وڵاتی ئەفریقا کە کۆڵۆنی فەرەنسا بوون دەستووری فەڕەنسایان ڕەتکردەوە و لەو ڕێگەیەوە سەروەرییان بەدەستهێنا.

- پاش ئەوەی بەریتانیا بڕیاری وازهێنانی وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا دا، حکومەتی سکۆتڵەندا بیرۆکەی سازدانی ڕیفراندۆمێکی دیکەی بۆ سەربەخۆیی زیندووکردەوە بە پاساوی ئەوەی کە گەلی سکۆتڵەندا خوازیارە وەک بەشێک لە یەکێتی ئەوروپا بمێنێتەوە. هەرچەندە لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندا باس لە ئەندامبوونی عێراق لە (کۆمکاری عەرەبی) نەکراوە و  ئەندامبوونی عێراق لەو کۆمکارە لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە (مادەی 3)، سەرەڕای ئەوەش ئەزموونی سکۆتڵەندا دەریدەخات کە کورد دەتوانێ لە ئایندەدا وەک نەتەوەیەکی جیاواز، پرسی بە ئەندامبوونی عێراق لە جامیعەی عەرەبی بوروژێنێ و وەک یەکێک لە کارتەکانی دانووستاندن لەگەڵ بەغدا بەکاری بهێنێ.

- جگە لە هەرێمی کوردستان کە بڕیاریداوە لە 2017دا ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدا، وا بڕیارە لە مانگی ٦ ویلایەتی (پۆرتەریکۆ)ی ئەمریکا و لە مانگی 9ی ئەمساڵیش هەرێمی (کەتەلۆنیا)ی ئیسپانیا ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدەن. بەو پێیەی کە حکومەتی ئیسپانیا بڕیاریداوە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە قبوڵ نەکات، ئەوا گرنگە لە دانانی کات بۆ  ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە  هەرێمی کوردستان، کاتی ڕیفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا لەبەرچاو بگیرێ. 


برۆکسل 17/4/2017


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP