xendan ads

کارکردن بۆ سەربەخۆیی‌ کوردستان ئەرکی‌ هەموو لایەکمانە

غەفوور مەخمووری‌* - 18-04-2017 - 2367 جار خوێندراوەتەوە

 گەلی‌ کوردستان بەدرێژایی‌ مێژوو لە تێکوشان و بەرخودان دابووە، سەرەڕای‌ هەوڵەکانی‌ لە ناوبردنی‌ گەلی‌ کوردستان بە خاک و خەڵکەوە، بەڵام توانیویەتی‌ پارێزگاری‌ لە بوونی‌ خۆی‌ بکات و رووبەڕووی‌ هێرش و پەلاماری‌ دوژمنان و داگیرکەران ببێتەوەو دوای‌ هەر کەوتنێک بە گڕوتینێکی‌ نوێوە هەڵسێتەوە.

 کورد وەک نەتەوەیەکی‌ زیندووی‌ رۆژهەڵاتی‌ ناڤین لە رابردوودا رۆڵێکی‌ کارای‌ گێڕاوە لە بیناکردنی‌ شارستانییەتی‌ ناوچەکەدا، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بواری‌ پێبدرابووا ئێستا دەیوانی‌ رۆڵێکی‌ کاراتر ببینێت لە بیناکردنی‌ کۆمەڵگایەکی‌ مۆدێرن و دیموکرات لە رۆژهەڵاتی‌ ناڤیندا، دەیتوانی‌ نموونەیەکی‌ زیندووی‌ حوکمڕانی‌ و پێکەوەژیان پێشکەشی‌ هەموو جیهان بکات، بێگومان ئەمەش ئەو کاتە دەبێت کەوا گەلی‌ کوردستان سەربەخۆو خاوەن دەوڵەتی‌ خۆی‌ بێت.

 سەربەخۆبوونی‌ کوردستان کەوا بابەتی‌ گەرمی‌ ئێستای‌ میدیا جیهانی‌ و ناوچەیی و ناوخۆییەکانە و بۆتە جێی‌ بایەخ و لێکۆڵینەوەی‌ ناوەندە سیاسی‌ و ئەکادیمییەکانی‌ جیهان وایکردووە کەوا دۆستمان زێدەبن و بەچاوی‌ هیواوە لێمان بڕوانن، لەسەر ئێمەی‌ گەلی‌ کوردستان و سەرکردایەتی‌ سیاسی‌ کوردستانە کەوا بە بایەخەوە لە و پشتیوانییە بڕوانین و ئەو هەلە لەدەست خۆمان نەدەین و بە هەموو لایەکمان و بە هاوبەشی‌ کاری‌ بۆ سەربەخۆیی‌ کوردستان بکەین و بیکەین بە پرسێکی‌ نەتەوەیی‌ و نیشتمانی‌، بۆئەم مەبەستەش پێویستە  بە زووترین کات ناوەندی‌ سیاسی‌ کوردستان رێکبخرێتەوە و لەو پەرشی‌ و بڵاوییە دەرباز بکرێت و (ئەنجوومەن سیاسی‌ کوردستان) پێکبهێنرێت و تەواوی‌ لایەنە سیاسییەکانی‌ کوردستان بگرێتەخۆ.

 پێکهێنانی‌ (ئەنجوومەنی‌ سیاسی‌ کوردستان)؛ دەبێتە فاکتەرێکی‌ بەهێز بۆ یەکڕی‌ و یەکدەنگی‌ گەلی‌ کوردستان و کۆکردنەوە و یەکخستنی‌ توانا سیاسییەکانی‌ گەلی‌ کوردستان و، سەرەتایەک دەبێت بۆ خاوکردنەوەی‌ گرژییە سیاسییەکان و کۆتایی‌ هێنان بە ململانێی‌ نێوان لایەنە سیاسییەکان و دەبێتە مینبەرێکی‌ سیاسی‌ بەهێزو مۆراڵ بەخش لەسەر ئاستی‌ ناوخۆ و دەرەوە.

 دوای‌ پێکهێنانی‌ (ئەنجوومەنی‌ سیاسی‌ کوردستان)؛ پێویستە سەرکردایەتی‌ سیاسی‌ کوردستان (بۆردی‌ سەربەخۆیی‌ کوردستان) پێکبهێنێت، بۆئەوەی‌ ئەم بۆردە بتوانێت کارنامەیەکی‌ گشتگیر دابڕێژێت بۆ چۆنییەتی‌ کارکردن بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی‌ کوردستان، بێگومان بۆئەمەش دەکرێ سوود لە ئەزموونی‌ زۆر لە میللەتان و وڵاتان وەربگیرێت، کەوا چۆن کاریان کردووە بۆ راگەیاندنی‌ سەربەخۆیی‌ خۆیان.

 پێویستە پێکهاتەی‌ (بۆردی‌ سەربەخۆیی‌ کوردستان)؛ بریتی‌ بێت لە کەسانی‌ شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتتیەکان و کەسانی‌ ناسراوو کاریگەری‌ کورد و بیانی‌ کەوا ناسراو بن لەسەر ئاستی‌ نێودەوڵەتی‌؛ بۆئەوەی‌ بتوانن لەسەر ئاستی‌ جیهان و لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان لوبی‌ بۆ سەربەخۆیی‌ کوردستان بکەن، کەسایەتی‌ وابن کەوا خودان ئەزموون و بەدەسەڵات  بن بۆئەوەی‌ گوێیان لێبگیرێت، لەم رووەوەش دۆستی‌ زۆر باشمان هەن.

پرسی‌ (سەربەخۆیی‌ کوردستان)؛ پرسێکی‌ نەتەوەیی‌ و نیشتمانییە نەک پرسێکی‌ حزبی‌، بۆیە پێویستە تەواوی‌ لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی‌ و ئایینییەکانی‌ کوردستان لەم پرسەدا راوێژیان پێبکرێت و گوێیان لێبگیرێت و بۆچوونەکانیان بەهەند وەربگیرێت، ئەمەش وادەکات کەوا ئەم پرسە ببێتە پرسێکی‌ میللی‌ و هەموو لایەک ئەم پرسە بە پرسی‌ خۆی‌ بزانێت و بە گەرمی‌ کاری‌ بۆ بکات.

ئەو هەلەی‌ کەوا ئێستا بۆ گەلی‌ کوردستان رەخساوە هەلێکی‌ مێژوویە و پێویستە سوودی‌ لێوەربگرین و لەدەست خۆمانی‌ نەدەین و، نەیکەینە قوربانی‌ بەرژەوەندییە حزبییەکان، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندی‌ خۆمان لە بەرژەوەندی‌ گشتیدا ببینینەوە و، جلی‌ تەنگی‌ حزبایەتی‌ فڕێبدەین و جلی‌ کوردایەتی‌ بپۆشین، ئەگەر هەموو لایەکمان سوودمان لەو هەلە مێژووییەی‌ ئێستا وەرگرت و بەیەکەوە کارمان بۆ سەربەخۆیی‌ کوردستان کرد، ئەوا شانازییەکی‌ مێژووی‌ بۆ گەلی‌ کوردستان تۆمار دەکەین، ئەگەر ئەوەشمان نەکرد ئەوا مێژوو بەزەیی‌ بەکەسدا نایەتەوە، بۆیە پێویستە بە رۆحییەتێکی‌ نەتەوەیی‌ و نیشتمانی‌ کار بکەین و گەلی‌ کوردستان بگەیەنین بە کەنارێکی‌ ئارام، ئەو کەنارە ئارامەش تەنها سەربەخۆیی‌ و دامەزراندنی‌ دەوڵەتی‌ کوردستانە.

* سکرتێری‌ گشتیی‌ یەکێتی‌ نەتەوەیی‌ دیموکراتی‌ کوردستان YNDK


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP