xendan ads

ئیسلامیەكان چی دەكەن؟

عه‌زیز ڕه‌ئووف - 16-04-2017 - 3172 جار خوێندراوەتەوە

لەڕاستیدا كێشەی ئێمە لە ئێستادا كێشەی دین نیە، وەك چۆن كێشەی بە ئیسلامیزەكردنەوەی كۆمەڵگەی كوردی نیە بەوەی لە هیچ كاتێكدا بارتەقای ئێستا ئایین ئامادەگی نەبووە، مزگەوتەكانمان لە ژمارەی مزگەوتەكانی چوار وڵاتی عەرەبی زیاترە، جگە لە شاشەكان و بارەگای حزبەكان. بەڵام بۆ ئیسلامیەكان هەمیشە قسە لەسەر ئەوە دەكەن كە كۆمەڵگەی كوردی زۆر لە بەها ئاینی و كۆمەڵایەتیەكانی دۆڕاندووە؟ ڕاستی وڵامەكە ئەوەیە بەدیدی ئەم برادەرانە ئایین بەو شێوەیە نیە كە خۆیان دەیانەوێت. 

كێشەی ئێمە ئەوە نیە كە دەسەڵاتێكی عەلمانی لەئارادایە كە یەكێتی و پارتین ( كە عەلمانی نین) بەڵكو كێشەی ئێمە موقەدەسی كورسی و دەسەڵات و ستەمكاریە، كە هیچ ئاسۆیەك لەئارادا نیە بەوەی ئەوەی دەستنوێژی هەڵگرت لەم فۆرمە لە دەسەڵات باشتر و عادلتر بێت، بەو پێودانگەی كە ئیسلامیەكانیش نەیانتوانی شەق لە پیرۆزیەكانی كوردسی هەڵبدەن و ئەوانیش مەكتەب سیاسیەكانیان پڕە لە برای موسوڵمانی پیر و پەككەوتە و كوڕانی ڕابەرانی پێشوو بەرپرسن و  ئەمیرەكانیان بەدیلی نیە و ئەگەر ئەمینداریش بگۆڕن ئەوا دەورەیەكی تر دەیهێننەوە چونكە پێویستیان بە باوكێكی موقەددەسە.


منیش لەگەڵ هاوڕێم دكتۆر عادل باخەواندا ئەو پرسیارە دەكەم كە ئەگەر زۆرینەی كورد موسوڵمانە ئەی ئێوەی حزبی ئیسلامی بۆ لە 17% زیاتر بەدەست ناهێنن؟ ئەگەر دەڵێن پارتی و یەكێتی ستەمكارە و دەنگ دەكڕێت و تەزویر دەكات، ئەی خۆ گۆڕان زۆر دوای ئێوە هاتە سەر شانۆی سیاسی چۆن توانی 25%ی دەنگەكان ببات؟ ئیشكالەكە لەوەدایە ئێوە نەتانتوانیوە لە موسوڵمانی كورد بگەن، یان لەڕووی سیاسیەوە لانی كەم وەك گۆڕان ڕادیكاڵ نەبوون.

من نازانم ئێوە یەك دەگرن چی دەكەن؟ بەڵام ئەوە دەزانم ئەگەر بە شێوەی ڕابردوو سیاسەت و دینداری بكەن، ئەوە نە سیاسەتە و نە دینداری. لەڕووی سیاسیەوە ڕام ڕام لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا دەڕۆن و لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە بوونەتە پاسەوانی زۆر دیاردەی ناشرینی كۆمەڵایەتی لەمەڕ بەرتەسككردنەوەی ئازادی لە كوردستان. 

ئێوە هەندەسەیەكی كۆمەڵایەتیدان داڕشتووە بۆ دەسكاریكردنی تاكی كورد، بەڵام لەچوارچێوەی حزبەكانتان تێنەپەڕیوە. ئێوە ئێستاش ئەو ڕۆحە كوردبوونەتان نەناسیوە كە تا ئێستاش ڕۆحیەتێكی سێكولار و ژیاندۆستی لە تاكی كوردیدا ئامادەیە كە یەكێتی و پارتی نەیانتوانیوە بیكوژن، بەڵام لە ئەدەبیاتی ئێوەدا ئەم ڕۆحە ژیاندۆستیە ئەگەری كوشتنی لەئارادایە، بەڵام خۆشبەختانە زۆرینەی خەڵكی كوردستان گوێ لە حیكایەت و خوتبەی پیاوانی ئاینی ئێوە ناگرێت لەمەڕ بەخشینەوەی حەرام و حەڵاڵەكانتان بۆ هەر جوڵەیەكی كۆمەڵایەتی و ژیاندۆستی.


هەركات هەموومان ئیسلامیەكانمان بە هێزی خۆمان زانی، هەركات هەموومان لە ئیسلامیەكاندا بەبێ حیجاب و دەستنوێژ جێمان بۆوە، هەركات ئیسلامیەكان هەستیان بەوە كرد كێشەی هەرێمی كوردستان كێشەی بەئیسلامیزەكردنەوەی كۆمەڵگەی كوردی نیە، بەڵكو كێشەی هاوڵاتیبوونی هەیە، هەركات ئیسلامیەكان هەوڵیان بۆ چەمكی هاوڵاتیبوون بوو نەك بۆ موسوڵمانبوون، ئەوا دەكرێت قسە لەسەر گۆڕانی ڕادیكاڵ لە دیدی ئەم هێزانەدا بكەین بۆ ئەوەی لانی كەم ئەم دۆخە تێپەڕێنین و ئاسۆیەكی تر لەبەردەم تاكی ئازاد لەكۆمەڵگەی كوردیدا بكەینەوە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP