xendan ads

پەرلەمان و کەرکوک و ڕاپرسی

هەردی مەهدی میكە - 14-04-2017 - 3154 جار خوێندراوەتەوە

سەربەخۆیی لە پەرلەمان و کەرکوک گەورەترە، بەڵام ڕیفراندۆم نا. سەربەخۆیی بێ ڕیفراندۆمیش دەکرێت، ئەسڵەن سەربەخۆیی کوردستان ڕیفراندۆمی ناوێت، وەک ئەوەی قازی کردی. 

بەڵام ڕیفراندۆم بێ کەرکوک و پەرلەمان نا، ئەمە یانی تۆ گومانت لە کوردستانیبوونی کەرکوک هەیە، (مستەفا بارزانی بێ کەرکوک ئەمەی بکردایە دوای یانزەی ئازار لەمە زیاتری دەست دەکەوت، بەڵام بێ کەرکوک ئۆتۆنۆمیشی نەویست). ڕاپرسی بێ پەرلەمانیش یانی دەزگای ڕەواییبەخشت نییە بۆیە ״شۆڕشگێرانی ی.ن.ک و پ.د.ک״ بەمە هەڵدەستن. 

لەمەش بترازێ، ئەوەی کوردی لە دراوسێ سەرکوتکارەکانی پێ جیا کرایەوە، ڕووگەی دیموکراسییانە و دامەزراندنی دەزگای باڵای دەوڵەتداریی بوو بە توانای مرۆیی و ماددی و مێژوویی خۆی، ئێستا وا لەسەر خۆ ئەو دەزگایانە دەنێژرێن.
 
گشتپرسی بێ هەبوونی پەرلەمانێک (جا هەرکەسێک سەرۆکی بێت) واتە ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی قۆناغی ئەزموونی ٢٧ساڵەی هەرێم و دەزگاکانی، واتە بەکارتکردنی سەربەخۆیی و خستنەگرەوی مێژووی سەد ساڵێک لە بەخشینی توانای مرۆیی ئینسانی کورد و ناسنامەکەی. چونکە لە قۆناغی کودەتا یان شۆڕشدا پەنا بۆ جگە لە دەزگا دەوڵەتییەکان و ״ئەنجوومەنی کاتی و تەئسیسی״ دەبرێت. چونکە لەو دەمەدا شۆڕشگێڕان یان کودەتاچییان پێیان وایە ئەو دەزگایانەی ڕژێمی پێشتر خاوەنی شەرعییەت نین. 

پڕۆسەیەکی چارەنووسسازی وەک گشتپرسی ناکرێت دوو حزب بێ گەڕانەوە بۆ دەزگایەکی دەوڵەتی ئەنجام بدرێت. لە کاتێکدا ئەم دەزگایە هەیە و خۆی دامەزرێنەرییەتی، نەک ״سەردەستەکان״، مەگەر پەرلەمان ״مەجلیسە کارتۆنییەکەی بەعس״ە.

باوەڕی تەواوم بەوەیە، لە هەناوی ئەو هەڕەشانەی کوردستان ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ئێستا قۆناغی قۆستنەوەی هەلە و ئانوساتی لەدایکبوونەوەی فۆرمێکی ترە لە خۆبەڕێوەبەری تا گەیشتن بە ئومێد و ئاواتی لەمێژینەی سەربەخۆیی. بە کورتی ئێستا دەمی سەربەخۆییە، باوەڕدارم بەوەی کە واقیعیترین هەل لە هەناوی هەڕەشەکانی ئێستادایە کە جیۆپۆلەتیک و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و دۆخی دراوسێکان، کۆمەککارە تا کورد هەلی جەنگی جیهانیی یەکەم بە دەست بهێنێتەوە. کوردستان دەتوانێت قەرەبوو و پێگەی ستراتیژیی هەم ئەمەریکییەکان و هەم ئەورووپییەکان بێت لە بری ئەنقەرە و تاران و بەغدا، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کوردستان بەشێکە لە هێڵە گەرمەکانی ستراتیژی ئەوان و هەم بەشێکیشە لە نەخشەی وزە. ئەڵبەتە گەر کورد خۆی لەم هەڵە تێبگات.

لەسەر دوو ئاستی ئاسۆیی و ستوونی، گشتپرسیی کوردستان گەر پارتی و یەکێتیی خەریکی بن، کێشەی هەیە.

١.لەسەر ئاستی ئاسۆیی، ڕاپرسییەکی زیادە بۆ سەربەخۆیی بێ کەرکوک وەک ئەوەیە خاوەنی دوو مناڵ بیت و بە بیانووی نەبوونی جێگە و پەلەیی دۆخەکە، یەکێکیان بخنکێنیت و یەکێکیان هەڵگریتەوە. بە درێژایی ساڵانی ٢٠٠٥ تا هاتنی داعش، بە سیاسەتی نەرمەهێز و هاوپەیمانێتیی موزەیەفی عەرەبەکانی خواروو، نەتوانرا بە ماددەی ١٤٠، کەرکوک و ناوچەکانی تر بهێنرێتەوە، بەڵام بە دیفاکتۆ و خوێنی پێشمەرگە ئێستا کوردستانیین و ناکرێت دیسانەوە بیخەینەوە ناو گرەوێکی دۆڕاو لەگەڵ ״چاوڕەشانی بەغدا״دا، کە ئەوسا قولوقاچی ״تورکانی سیمبەر״ و ״عەجەمانیشمان״ لێ دەبێتە شەریک، جیا لەوەش دابڕینی کوردستانیانی دەرەوەی هەرێم لە گشتپرسی ئیتر ئەوە نیوپرسییە و گومانکردنە لە کوردستانیبوون.

دووەم: لەسەر ئاستی ستوونی، ڕیفراندۆم بێ پەرلەمان، گەشەکردنی ئیداری و دیموکراسیبوونی هەرێمی کوردستان و شایستەیی دەوڵەتداری دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پەرلەمان ستراتیژی ناساندنی دیموکراسییانەی هەرێم بوو لە نەوەدەکاندا کە جیای کردەوە لە دیکتاتۆران و بە پەرلەمانیش ئەو تۆمەتانە ڕەت کرایەوە کە کورد بەربەر و هەڵگەڕاوە و نایاسایی بێت. جیا لەوەش لە جەوهەردا ئەنجامدانی ڕاسپرسی لە ڕێی نفووزی دوو هێزی باڵادەستیشەوە بێت، واتە داننان بە شکست و کۆتاییهاتن بە ئەزموونی بنیاتنراوی خۆیان، واتە بە دەزگای شەرعی و بەرهەمهێنراوی خۆیانی نازانن، ئەمەش لە دوو حاڵەت زیاتر نییە، یان ئەوەتا بە دەزگای داگیرکراو (وەک دەزگا کارتۆنییەکەی شیمالی بەعس) هەژمار کراوە. یان لە لایەن نەیارانی ناوخۆییەوە دەستی بەسەردا گیراوە، کە ڕێک پێچەوانەیە.

بۆیە گرنگە بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و بۆ داننان و درێژەدان بە ئەزموونی توانای خۆبەڕێوەبەرێتی و ڕانەگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەزموونی کوردستانی ٢٧ساڵە کە سەرەڕێی سەربەخۆیی بووە، پێویستە بە هەر ڕێکارێک بێت و بەگۆڕینی سەرۆکی پەرلەمانیش بێت پێویستە ڕاپرسی (کە لە بنچینەدا پێویست نییە) لە پەرلەمانەوە بکرێت و بە بەشداریی کەرکوکییەکانیش بێت.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP