گەندەڵی‌‌و سکی‌ برسی‌ خەڵک

هیوا سەید سەلیم - 30-08-2016 - 2688 جار خوێندراوەتەوە


هیوا سەید سەلیم

لەسادەترین پێناسەیدا گەندەڵی‌ بریتیە لەخراپ بەکارهێنانی‌ دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی‌ تایبەتی‌ لەسەر حسابی‌ بەرژەوەندیە گشتییەکان، لەهەرێمی‌ کوردستان خەڵک‌و نووسەران‌و بەتەواوی‌ چین‌و توێژەکانی‌ کۆمەڵگاشەوە نەک شەرمیان لەوە شکاوە باس لەگەندەڵی‌ بەرپرسان بکەن و ڕەخنەی‌ لێبگرن، بگرە ئێستا لەهەموو سەکۆکان باس باسی‌ گەندەڵی‌ دەستەیەک لەحوکمڕانانی‌ کوردستانە، لەلاکەی‌ تریشەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە نەک ئینکاری‌ ئەو دیاردەیە ناکرێت بگرە هەمووان دان بەبوونی‌ ئەو دیاردەیە دەنێن، بۆ چاوپۆشی‌ خەڵک و کەمکردنەوەی‌ دەنگی‌ ناڕازی‌ ئەو خەڵکەو ڕای‌ گشتیش جار جار دەبیستین کە لەئاستی‌ باڵاوە لیژنە پێکدێت، وەلێ ئەو لیژنانە تائێستا بەدەردی‌ قەڵاچۆکردنی‌ ئەو پەتایەیان نەخواردووە کەوەک مۆرانە بەربۆتە گیانی‌ خەڵک.

گەندەڵی‌ لە کوردستان لەو قۆناغە دەرباز بووە کە دەسنیشانی‌ ئەو شوێن و کەسانە بکرێت کە لەو دیاردەیە گڵاون، بەڵکوو ئەو دیاردەیە هێندە پەرەی‌سەندووە کە دەبێت بڵێی‌ کێ گەندەڵ نیە؟
ئاوەکە خراب ڕژاوەو زۆریش ئالۆزبووە، کوردەواری‌ خۆمان دەڵێت:
 (لەسەروچاوەکەی‌ شێلوو بووە)، پێویستە قەڵاچۆکردنی‌ گەندەڵیش لەسەروچاوەکەی‌ دەستپێبکرێت، بەس ئایا دەکرێت؟ ئایا دۆخی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ کوردستان و ئەو دۆخەی‌ پەرلەمانی‌ کوردستانی‌ تیدایە لەبارە بۆ روبەڕوبونەوەی‌ گەندەڵی‌ لەهەرێمی‌ کوردستان؟
بێگومان ئەو دۆخەی‌ کە لەکوردستان هەیە زەمینەیەکی‌ لەباری‌ بۆ گەندەڵی‌ ڕەخساندووە بەوەی‌ نازانرێت داهات و سەرفیاتی‌ ئەو هەرێمە چەندەو لەچییەوە پەیدادەکرێت و لەچیش سەرفدەکرێت، بەهۆی‌ پەککەوتنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان نەک ساڵانە بودجە ئیقڕارناکریت بگرە حساباتی‌ کۆتایش کەس نایبینێت، بۆیە دەتوانین بڵێین لەکوردستان شتێک نەماوە بەناوی‌ دەزگای‌ چاودێری‌ کەپەرلەمانی کوردستان بوو، بۆیەشە بەناچاری لێرەو لەوێ پەرلەمانتارانی‌ ئەکتیف و دڵسۆز هەر هاواردەکەن و بەڵگەی‌ گەندەڵی‌ دەخەنەروو، بەڵام نەک هەر گەندەڵکاران گوێێان پێنادەن بگرە لێشیان بێشەرم بوونە چونکە ئەوان پەرلەمانێک شک نابەن کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات.

ئەوە حاڵی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان بێت، دەبێت دەستەکانی‌ وەک دەستەی‌ دەستپاکی‌ و چاودێری‌ دارایی کە مەرجەعەکەیان پەرلەمانی‌ پەککەوتووە چیان پێدەکرێت؟ ئایا بەبێ پشتیوانی‌ پەرلەمان دۆسیەکانی‌ گەندەڵی‌ کەدەستەی‌ دەستپاکی‌ ڕادەستی‌ دادگاکانی‌ کردوون بەو تایبەتمەندیەی‌ دادگاکانی‌ کوردستان کە گلەیی‌ زۆر لەسەر کارەکانیان هەیە بەوەی‌ حزبەکان دەستیان خستۆتە ناوکاروباریان و ناتوانن دوور لە بەرژەوەندی‌ حزبە دەسەڵاتدارەکان بڕیاربدەن دەتوانن رۆڵی‌ خۆیان ببینن؟

کە وەڵامی‌ هەموو ئەو پرسیارانەت وەرگرتەوە ئەوسا تێدەگەی‌ کە لەهەرێمی‌ کوردستان گەندەڵی‌ بە سیستەماتیک کراوە، بەبەرنامەش ئەو ئالیەتانە پەککخراون کە دەکرێت بکرێنە کۆسپ لەبەردەم دیاردەی‌ گەندەڵی‌ بە پەرلەمانی‌ کوردسانیشەوە.

ئەوەی‌ جێگای‌ نیگەرانی‌ خەڵکە ئەوەیە ئەوانەی‌ لەکوردستان گەندەڵی‌ دەکەن هێندە زاڵم‌و بێویژدانن لەو دۆخە ئابووریە خراپە کەخەڵک برسییەو حکومەت نەک هەر مووچەی‌ لێبڕیون، بگرە نایەوێت نیو مووچەکەشی‌ لەکاتی‌ خۆی‌ بداتێ! کەچی‌ ئەو کەسانە لەسەر گەندەڵی‌ هەر بەردەوام‌و دەستهەڵناگرن لەو کارە مافیا ئاسایانەیان.

ئەوەی‌ کە لەهەریَمی‌ کوردستان دەگوزەرێت لەبەربڵاوبونەوەی‌ دیاردەی‌ گەندەڵی‌ هەموو یاساو عورف و بنەماکانی‌ ژیانی‌ شەرفمەندانەی‌ تێکداوە، بێباکانەش ئامادەنین گوێ بەناڕەزایەکانی‌ خەڵک بدەن، بۆیە ئەوەی‌ دەتوانێت لەبەردەم ئەو دیاردەیە بچەقێت تەنیا فشاری‌ جەماوەرە، کە ئەمەشیان لەو دۆخە سیاسی‌ و ئەمنیەی‌ کوردستان بوونی‌ نیە، یان دەتوانین بڵێین دڵسۆزی‌ خەڵک لەبەرامبەر هەستیاری‌ دۆخەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە خراب ئیستغلالکراوە، ئەگینا بووە حکومەتێک شانازی‌ بەئەزموونەکەی‌ بکات کەبەرهەمی‌ خوێنی‌ شەهیدان‌و ماندووبوونی‌ پێشمەرگەیە کەچی‌ ئەمانە لەهەموو کەس برسی تربن‌و مامۆستایان‌و فەرمانبەران لەدوو ساڵی ڕابردوو بەسیاسەتی‌ سکی‌ برسی‌ درێژەیان بەکارەکانیان دابێت و لەسەر حسابی‌ ئەوانیش کەسانی‌ گەندەڵ دەستیان لەکاری‌ خۆیان هەڵنەگرتبێت، کەسیش پێیان نەڵێت لەپشتی‌ چاوت دوو برۆیەّ!
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP