ریفراندۆم و چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان

دانا مەنمی - 11-04-2017 - 3970 جار خوێندراوەتەوە


سەربەخۆی سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كارێكی مەحال نییە ، چونكە نەخشەی ناوچەكە لە رووی  جێۆسیاسییەوە لە گۆڕانكاریایە و ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانی لە دۆزی كورد دەكات كە هەنگاو بنێت بەرەو سەربەخۆی سیاسی و دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، بەڵام ئەم ئامانجە پێویستی بە یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد و زەمینەسازی و ژینگەی لەبار هەیە، دەكرێت ئەم ئامانجە لە ڕێگەی پلانێكی ستراتیجی نیشتیمانیەوە هەنگاوی بۆ بنرێت، ئامانجی سەربەخۆی سیاسی و دروستكردنی دەولەتی كوردستان خواستی هەمووانە.

 ئەو قوربانیانەی كە میللەتی كورد داویەتی لە هەرێمی كوردستاندا، زۆر لەوە گەورەترە ڕیفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆی ئەنجام بدرێت و بەڵكو پێویستە ڕاستەوخۆ دەولەتی كوردستان ڕابگەیەنرێت ، پێویستە هاونیشتیمانیان سەربەخۆی سیاسی بۆ كوردستان بكەنە  خواست و داواكارییان ،كە بێگومان خواست و داواكاری هاوڵاتیان ڕانگدانەوەی دەبێت لەسەر ئایدۆلۆژیاو میتۆدی هێزە سیاسییەكان .

ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام ئەدرێت بەڵام لە ڕووی چۆنانەیەتی جورایەتییەوە ، ئەو ڕیفراندۆمەی كەلە ناوچە جێناكۆكەكان دەكرێت جیاوازە لەو ڕیفراندۆمەی كەلەهەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ زانیاری و بەرچاو ڕوونی ڕای گشتی و پسپۆران و چاودیران و هێزە سیاسی و كلتوری و كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان . 

لەهەرێمی كوردستان ڕیفراندۆم دەكرێت بۆ سەربەخۆی سیاسی و دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان.

بەڵام لە ناوچە جێناكۆكەكان ڕیفراندۆم دەكرێت بۆ ساغكردنەوەو گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی كە لەناوچوارچێوەی مادەی ۱٤۰ دان بۆ سەر كوردستان .  

لەلایەكی تریشەوە هاونیشتیمانیانی ناوچە جێناكۆكەكان مافی دەنگدانیان نییە بۆ ڕیفراندۆم لە سەر پرسی جیابونەوەو سەربەخۆی سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان. 

جێبەجێكردنی مادەی140 دوولایەنی گرنگ لەخۆدەگرێت، كە هەردوولایەنی سیاسی‌و ئیدارین، بۆیە دەبێت‌ لەگەڵ ئەو دۆخە تازەیەدا كورد بۆ هەردوو لایەنی سیاسی و ئیداری خۆی ئامادەكردبێت، بەرلەچوونە ناو وردەكارییەكانەوە ، ئەو خاڵە گرنگانەو دەیان خاڵی تر هەن كە دەبێت‌ بچنە بەر باس‌و خواس‌و گفتوگۆكردن، بۆیە بەبڕوای من دەبێت‌ پێشوەخت لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕەوە روون‌و ئاشكرا ئەوانە راڤە بكرێن، رەنگە بۆ هەندێ‌ بابەتی سنووری ئیداری پێویست بەپەرلەمان بكات‌و لەپاڵیشیەوە لیژنەیەكی تر هەبێت كە بەرداوم وەڵامی پرسیارەكانی لایەنی بەرامبەری ئامادە كردبێ‌ بۆ بەردەستی شاندی دانوستانی كوردی بۆ بەغدا.

چونكە بیرمان نەچێت كە ئێمە تەنها نین لەساحەی سیاسیدا‌و هەموو شتێ‌ بەویست‌و خواستی خۆمان ناچێتە سەر، بەڵام ئەگەر وەڵامەكانمان ووردبین و ڕاڤە كرابێتن‌و پێداگریان لەسەر بێت،  ئایندەشمان روون دەبێت و تەنها لەسەر كاغەزو بە واژۆكراوی نامێننەوەو ئەچنە بواری جێبەجێ كردنەوە .

دوای چواردە ساڵ حكومەتی عێراق هیچ یەكێك لەوبەندانەی دەستوری هەمیشەیی عێراقی جێبەجێ نەكرد بەمادەی سەدوچلیشەوە ، بۆیە كێشەی كورد بەر لەوەی یاسایی بیت سیاسییەوە بوعدێكی مێژووی هەیە .

ڕاپەڕین ئامانجێكی گەورەی هەبوو ، ئەویش ئەوەبوو ڕاپەڕین لەپێناو ئازادی ڕادەربڕین وبیروڕای سیاسی و بەهای مرۆڤبوون و دادپەروەری كۆمەڵایەتی سەروەری یاسادا ئەنجام درا ، بەشێوەیەكی گشتی ئەم ئامانجانەی ڕاپەڕین نەهاتووەتە دی .

لەدوای ساڵی (۲۰۰۳) كۆتایی بەحكومی بەعسیزم هات و كورد نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بگەڕێننەوە بۆسەر هەرێمی كوردستان و سەربەخۆی كوردستان ڕابگەیەنن و دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێنن ، كەچی دەسەڵاتدارانی كورد كاریان بۆ دامەزراندنی حكومەتی عێراقی نوێ دەكردو پشتیوان و پاڵپشتی هێزە عێراقییەكانیان دەكرد .

نەگەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان یان كێشە لەسەرەكان كەلەمادەی ۱٤۰ جێگیر كراوە ، بەشێك بوو لەبێ بەرنامەی و بێ پلانی لەكارو میتۆدی دەسەڵاتی كوردی و نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە ، ئەوەندەی پەرۆشی پۆست پشی حیزبی و كورسی بوون ، ئەوەندە پەرۆشی كەركوك وناوچە جێناكۆكەكان نەبوون ، ئەوەندەی كاریان بۆ بەرژەوەندی و دەوڵەمەندكردنی حیزب دەكرد ئەوەندە كاریان بۆ پرسە نەتەوایەتییەكان نەدەكرد .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP