ڕێكارە یاساییەكانی ڕیفراندۆم

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 4-04-2017 - 2257 جار خوێندراوەتەوە

ساڵی پار بەرواری ٢/٢/٢٠١٦سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، بەڕێز بارزانی لە پەیامێكدا وتی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێویستمان بە زەمینە سازی نیە!! تا ئێستاش جەنابیان وبەرپرسە باڵاكانیان هەمان ڕاو بیرو بۆ چونیان هەیەو بەڵكو زیادیشی دەخەنەسەر ودەڵێن: تەنانەت پێویستمان پەرلەمانیش نیە.!!

ئاخر گەلۆ چۆن دەكرێت بۆ پرسێكی واهەستیارو مێژوویی زەمینە سازی بۆ نەكرێت و دامەزراوە شەرعیەكان بەلاوەبنرێت.!! بەڕاستی بیروبۆچونێكی لەوچەشنە نالۆژیكییەو نەك لەگەڵ ئەم بارودۆخە پڕ لەقیراناویە ناگونجێت، بەڵكو پێچەوانەی دەستور و بنەما یاساییەكانە.

لەبەر ئەوەی ریفراندۆم وەك هەنگاوێكی چارەنووسساز بەر لە بڕیاردان پێویستی بە زەمینەسازی وكۆدەنگی و ئاشتەوایی سیاسی و رێگای یاسایی هەیە، دیارە بۆ ئەوەی كارێك یان دیاردەیەك بەم پڕۆسەیەدا بڕوات ، دەبێت بنەمای لە زەمینەی واقیعدا هەبێت ، بارودۆخ و هۆكاری زیندووی بۆ رەخسابێت، بەبێ ئەوانە گەشەكردنییان پێگەیشتنی بۆ وەرچەرخان بە یەك واقیع نایەتەدی، لە رووی یاساییەوە دەبێت لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە ریفراندۆم هەبێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایی گەڵاڵە كراوەو پێشكەش كراوە، بەڵام تا ئێستاش چاوەڕێی نووسینی راپۆرتی لیژنەی كاروباری یاسایی و پەسەندكردنیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە.!! وەك دەزانین كە بۆ ماوەیەكی زۆرە ئەو دەزگا شەرعیە پەكخراوە.!

بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ بەدەستهێنانی ئەومافەی خەڵكی كوردستان بۆسەربەخۆیی، پڕۆسەیەكی یاساییە نەك تەنها سیاسی، دەبێت لە دەستوور و ‌دەقە یاسایییەكاندا ئەو مافە بە ڕاشكاوی ناوی هاتبێت وئاماژەی پێكرابێت. 

هەرچەندە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمان مەرجەعی باڵایە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان، بەڵام بەگوێرەی یاسا بەركارەكانی تایبەت بە دەسەڵاتەكان لە هەرێم، هیچ یەكێك لە دەسەڵاتەكان (پەرلەمان ، سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت) رانەسپێردراون بە مومارەسەكردنی دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆم، جگە لەوە بەگوێرەی بڕگەكانی (یەكەم و دووەم وسێیەم و چوارەم)ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان عێراق، تەنها دەسەڵاتی سەرپەرشتی و رێكخستن و دەركردنی رێنمایی تایبەت بە یاساكانی هەڵبژاردنی پێداون، بۆیە لەسەرەتاوە دەبێـت لە رووی یاساییەوە ئەو لایەنە دیاری بكرێت كە دەسەڵاتی راگەیاندنی ریفراندۆمی هەیە لەگەڵ دیاری كردنی وردەكاری ریفراندۆم.

هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە تەنها پەیماننامەو ڕێككەوتننامەو جاڕنامە نێودەوڵەتییەكان بەس نین -هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە ئەو بڕیار و ڕێككەوتننامانەی نەتەوە یەكگرتووەكان هێزی پابەندێتی (‌‌الزامی)یان نیە-‌ بۆ ئەوەی گەل، نەتەوە، هەرێم یا هەر پارچەیەك لە دەوڵەت ئارەزووی جیابونەوە بكات‌و ڕیفراندۆمی بۆ ئەنجامبدات، بەڵكو پێویستە دەستورو ڕێساو یاسای ئەو دەوڵەتە ئەو مافەی پێببەخشێت، بۆ نمونە لە دەستوری هەمیشەیی 2005ی عێراقدا بەم جۆرە باس لەم بابەتە كراوە.

یەكەم: عێراق پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی‌و ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتی‌و كارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا.

دووەم: عێراق هەردوو "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەمەدەنی‌و سیاسییەكان" لە 16/كانونی یەكەمی 1966، و "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و كەلتورییەكان" لە 16/كانونی یەكەمی 1966. بە بێ هیچ خۆگرییەك (تحفڤ) واژۆ كردووە.

سێیەم: لە دەستوری عێراقدا هیچ دەقێكی ناچاری بۆ یەكێتی خاكی عێراق بەڕاشكاوی نەهاتووە، بەڵكو ئەوە لە دیباجەی دەستوردا هاتووە، پابەندبوون بەم دەستورەوە‌ یەكێتی خاكی عێراق دەپارێزێت.

چوارەم: لە كۆتایی دیباجەی دەستوری هەمیشەیی ساڵی (2005)ی عێراقدا هاتووە "پێكهاتەو لایەنەكان بەئارەزوومەندانە چارەنوسی خۆیان بە عێراقەوە گرێداوە..."، ئەم دەقە یاساییە ئەو هەلەش دەرەخسێنت كە هەرێم بە ئارەزوومەندانە لە عێراق جیا ببێتەوە.

چونكە دەروازەی یەكەم بۆ ڕاگەیاندنی ریفراندۆم دەبێت بەر لە هەر شتێك ئاشتەوایی سیاسی بەدی بێت و پەرلەمان رۆڵی بۆ بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت یاسایەك پەسەند بكات بۆ دیاریكردنی میكانیزمی ریفراندۆمەكە و پێدانی دەسەڵات بۆ راگەیاندنی ریفراندۆم.

دەبێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێگەی بە واقیع بونی هەبێت، وەكاری واقیعی وەها پێناسە دەكرێت كە كارێكە لە زەمینەی واقیعدا بوونی هەیە، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان، هەلومەرجی لەباری بۆ رەخساوە، واتە كارێكە لە توانایدایە بكرێت وببێتە واقیعێكی بەرچاو  ئەم كارە سەرەتا لە سنووری مومكین و ئەگەرێكدایە، بە یارمەتی كۆمەڵێك هۆكارو لە جوڵانەوەی خۆیدا بەرەو پێشەوە مەرجەكانی پێدەگات، لە چركەساتی هەماهەنگی هەموو مەرجەكاندا پێكەوە، دەگاتە مەبەست و ئامانجەكانی، ئەوەی مومكین و ئەگەر بوو بە واقیعێكی هەستپێكراو دەگۆڕێت.

دیارە بۆ ئەوەی كارێك یان دیاردەیەك بەم پڕۆسەیەدا بڕوات، دەبێت بنەمای لە زەمینەی واقیعدا هەبێت، بارودۆخ و هۆكاری زیندووی بۆ رەخسابێت، بەبێ ئەوانە گەشەكردنی یان پێگەیشتنی بۆ وەرچەرخان بە یەك واقیع نایەتەدی، كەواتە پێگەیشتنی بارودۆخێكی گونجاو یەكێكە لە بنەماكانی گەیشتن بە واقیعێكی نوێ.

ریفراندۆم، وەك هەر كارێكی یاسایی و سیاسی، وەك شێوازێكی تێكۆشان بۆ بڕیاردانی چارەنووس، بۆ ئەوەی ببێتە واقیع، نابێت شوێنە جێناكۆكەكان بە نادیدە وەربگیرێت چونكە هەرێمی كوردستان لەڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی تەنها بەسەر ئەو ناوچانەدا دەشكێت كە تا ٩/٤/٢٠٠٣ پێیان وتراوە هەرێم، بۆیە ناتوانرێت لە ناوچە جێناكۆكەكان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، دەبێت لەگەڵ حكومەتی عێراقدا ئەو كێشانە یەكلابكاتەوە.

دەبێت ئاماری سەرجەم دانیشتوانی هەرێم بەگشتی و شوێنە كێشە لەسەرەكان لەبەردەستدابێت، بۆئەوەی هیچ كەلێنێكی یاسایی دروست نەبێت و ڕایگشتی جیهان بەلای خۆماندا ڕاكێشین و تا هەنگاوی دووەم كە سەربەخۆییە متمانە بەدەست بهێنیین.

دەبێت سەرەتا سەرجەم ڕێكارە یاساییەكان كە باسمان لێوە كرد هەنگاوبە هەنگاو بگیرێتەبەر، ئەگەر بەم میكانیزمەی ئێستابێت، ئەوە مەحاڵە و تەنها مەرامی سیاسی لە پشتەوەیەو خۆڵكردنە چاوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە و هیچیتر .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP