هاوڕێم وه‌زیری خوێندنی باڵا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 14-02-2020 - 5214 جار خوێندراوەتەوە

 

ئاگاداری بارو دۆخی خوێندن به‌ گشتی و خوێندنی باڵا به‌ تایبه‌ت له‌ چ ئاستێكدایه‌ ، ئاگاداری ئه‌و هه‌مو نه‌خوێنه‌واره‌ به‌رده‌وام له‌ زانكۆی ئه‌هلی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ جار حكومی و زانكۆی بێ‌ دایك و باوك و هتد ،ده‌بنه‌ خاوه‌نی دكتۆراو ماجستێرو خێری قڕانێكیان نیه‌ بۆ كوردستان ، ده‌مه‌وێ‌ لێره‌دا قسه‌یه‌كی هه‌ژاری موكریانیت بیر بێنمه‌وه‌ كه‌ به‌ قه‌ناتی كوردۆ ده‌ڵێت ، ئه‌و هه‌مو دال له‌ پێشی نه‌خوێنه‌واره‌ چیه‌ بۆ ئێمه‌ی ده‌نێرنه‌وه‌ ، له‌ كاتێكا دال له‌ پێشه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م شت بون ، كوردۆیۆڤ ده‌بێژێ‌ " ماكوردایه‌تی نكه‌ین " قوربان ئه‌وه‌ كوردایه‌تی نیه‌ نه‌خوێنه‌وار ببنه‌ خاوه‌نی ماسته‌رو دكتۆرا ، فریا كه‌وه‌، ئاخر دكتۆراو ماسته‌ر لانی كه‌م ده‌بێت ئه‌فراندن زانیاریه‌ك ، شتێكی نوێیان هه‌بێت ، كه‌ نیاینه‌و هه‌ر بۆ پاره‌و ته‌رقیه‌و شتی تر بۆ هه‌بن ، ئه‌رێ‌ پارله‌ مانتێری نائاگا دكتۆراو ماسته‌ری بۆ چیه‌و ماسته‌رو دكتۆراو قوبرس و توركیاو ئێران به‌ چی ئێمه‌ ده‌خوات .
زۆربه‌شیان له‌ بواره‌كه‌ی خۆیشیاندا كۆڵه‌وارن ، به‌ڵام خوا هه‌ڵناگرێ‌ بڕوانامه‌كه‌یان ده‌رفه‌تی پارله‌مانتاری و موسته‌شاری و خۆبادان و پاره‌ی باشی بۆ ره‌خساندون

راستیه‌كه‌ی وه‌ك هاوڕێ‌ و وه‌ك كه‌سێكی گه‌نج زۆر دڵم به‌وه‌ خۆش بو ئێوه‌ ده‌چنه‌ ئه‌وێ‌ ، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌شم ده‌زانی گه‌نده‌ڵی و نادادی و ساخته‌و ئه‌وانه‌ به‌ سیستم كراون و كه‌سێك و دوان له‌ هه‌قی نایه‌ن ، لێ‌ هه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ت لێده‌كه‌م ده‌ستێك بخه‌یته‌ نێو ئه‌و دۆخه‌ شێواوه‌وه‌ كه‌ به‌ ناوی خوێندنه‌وه‌ نه‌خوێنه‌واری به‌رهه‌م دێنێت ،دال له‌ پێش وه‌ك پێش ناوی جارانی شێخ و سه‌یدو مه‌لاو كوێخا  ، وه‌ك پاش ناوی به‌گ و ئاغاپڕبوه‌ له‌ وڵات ، زۆربه‌شیان له‌ بواره‌كه‌ی خۆیشیاندا كۆڵه‌وارن ، به‌ڵام خوا هه‌ڵناگرێ‌ بڕوانامه‌كه‌یان ده‌رفه‌تی پارله‌مانتاری و موسته‌شاری و خۆبادان و پاره‌ی باشی بۆ ره‌خساندون .

زانكۆكانی كوردستان به‌ گوێره‌ی دانیشتوانی كوردستان پێویستیان به‌ رێكخستنه‌وه‌و هاوسه‌نگكردنه‌وه‌یه‌ وه‌ك چۆن ته‌واوی خوێندن له‌ كوردستانیش پێویستی به‌ به‌رنامه‌و پڕۆژه‌ی تازه‌یه‌و ئه‌مه‌ی ناو نراوه‌ سیستمی سویدی ، شتێكی بێمانایه‌و هیچ رۆڵێكی نه‌بوه‌ له‌ گه‌شه‌ كردنی بیركردنه‌وه‌و كرانه‌وه‌ی مێشكی مناڵی كوردا ، له‌ راستیدا سیستمی پێشو كه‌ نیوه‌ عیراقی و نیوه‌ به‌ریتانی بو زۆر زۆر باشتر بو ،ته‌نانه‌ت ئه‌لف بێكه‌ی باڵدار تا ئێستاش باشترین ئه‌لفبێیه‌و ئه‌وانی دوای ئه‌و نه‌یانتوانیوه‌ تێیپه‌ڕێنن.
ئێ‌ ناكرێ‌ سه‌دان دكتۆراو ماسته‌رت هه‌بێت و بۆ ده‌رمان یه‌كێكی وه‌ك نوام چۆمسكی تیا نه‌بێت ، ناكرێت له‌و هه‌مو ماسته‌رو دكتۆرایه‌ دوانیان داهێنانیان نه‌بێت

چ كاره‌ساتێكه‌ خوێندن نه‌خوێنه‌واری به‌رهه‌مبێنێت ،سه‌رۆكی زانكۆ هه‌یه‌ ، ناتوانێ‌ چوار رسته‌ی ته‌واو بڵێت ، ئاخر ناكرێت ئێمه‌ له‌و بیابانی بیره‌دا ئومێدمان به‌و جۆره‌ كه‌سه‌ بێت نه‌خشه‌ رێی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان بۆ بكێشێت، ئێ‌ ناكرێ‌ سه‌دان دكتۆراو ماسته‌رت هه‌بێت و بۆ ده‌رمان یه‌كێكی وه‌ك نوام چۆمسكی تیا نه‌بێت ، ناكرێت له‌و هه‌مو ماسته‌رو دكتۆرایه‌ دوانیان داهاێنانیان نه‌بێت ، برا له‌ بواری زانستا نا له‌ بواری دیرۆك و ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌دا ، تۆ بڕوانه‌ باشترین نوسه‌رو بیركه‌ره‌وه‌كانی ئێمه‌ له‌ وانه‌ن كه‌ خاوه‌نی ئه‌و بڕوانامه‌و دال و میمانه‌ نین ، مه‌سعود محه‌مه‌د ، عه‌لادینی سه‌جادی ، گۆران ،  هه‌تادوای.

 هاوڕێی من ئه‌و دۆخه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌رو تێپه‌ڕاندنه‌ ، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت چیرۆكی هاوڕێیه‌كی میسریم بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ له‌ كۆتای هه‌شتاكان له‌ كه‌ركوك ناسیم ئه‌و ناوی ره‌مه‌زان ئه‌حمه‌د عه‌مار بو خه‌ڵكی كۆمجار جامع ئه‌بوشوشه‌ بو له‌ میسر ، ئه‌و ده‌یوت له‌ تیف من بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاری ته‌لار سازیم هه‌یه‌ ، پێكه‌وه‌ بلۆكمان ده‌كێشا من ته‌له‌به‌بوم ئه‌ویش به‌ قه‌ولی خۆی ئه‌ندازیار ، ده‌موت كه‌وایه‌ بۆ ئه‌م ئیشه‌ ده‌كه‌ی ده‌یوت شه‌هاده‌كه‌م به‌ موڕاسه‌له‌ كڕیوه‌ ، ئێستا له‌ كوردستان باوی ئه‌و به‌زمه‌یه‌و كه‌سیش به‌ دوادا چون ناكات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP