ڤالانتاین و پیشەسازی کولتور

لەشکر قادر ڕەسوڵ - 14-02-2020 - 1616 جار خوێندراوەتەوە


دونیای سەرمایەداری بەکۆمەڵێک تەکنیک و فێڵی جیاواز توانیویەتی کولتوورێک لە (کڕیاری بەردەوام) دروستبکات. بۆ ھێنانەدی ئەو ئامانجە کەم شوێن ھەیە کەپیتاڵیزم (Capitalism System) دەستی بۆ نەبردبێ، کەم کایە و سیستەم ھەیە نەیخستبێتە ژێر لۆجیکی قازانجەوە. 

واتلێدەکات مۆڵ و شۆپەکان جمەیانبێ لە کڕیار، بەشێوەیەک بەھەزاران ملیۆن دۆلار لەوڕۆژەدا سەرفدەکرێت و دەچێتە باخەڵی کەپیتاڵیستەکان


سەرمایەداری لەڕێگای ”پیشەسازی کولتوور”ەوە دێت و جۆرێک لە بەھا ”Value” دەخوڵقێنێ، ھۆشیاریەکی ساختە (False Consciousness) و وەھمێک دەدات بە ئێمە و ڕۆژێک(تەنھا یەک ڕۆژ) دەکات بەڕۆژی خۆشەویستی و ئینجا واتلێدەکات مۆڵ و شۆپەکان جمەیانبێ لە کڕیار، بەشێوەیەک بەھەزاران ملیۆن دۆلار لەوڕۆژەدا سەرفدەکرێت و دەچێتە باخەڵی کەپیتاڵیستەکان، لەو ڕۆژەدا بەزەحمەت بەسەرتا تێپەڕدەبێ تۆ خۆشەویستت ھەبێت و  دیاری بۆ نەکڕیت، ئەمە  وێنایەکی لەھزری تاک و کۆمەڵ بەرھەمھێناوە کە تیایدا خۆشەویستی بە کاڵا دەپێورێت. بەجۆرێک لە ڕۆژی ڤالانتایندا ھەتاکو دیاریەکەت گرانبەھاتربێ خۆشەویستەکەت واتێدەگا زیاتری خۆشەوێی، واتە لێرەدا خۆشەویستی پێوانە دەکرێ بە نرخی کاڵاکە. 


بەنمونە: 
1. ئەگەر تۆ لەم ڕۆژەدا ئۆتۆمبیلێکی گرانبەھا بۆ خۆشەویستەکەت بکڕی.


2. لەگەڵ ئەوەدا کەسێکی تر تەنھا گوڵێکی سور و دونیایەک خۆشەویستی بەدیاری بۆ خۆشەویستەکەی ببات. 


جیھانبینی خەڵک و ھەتا بۆ خودی خۆشیان بۆ ئەم دوو حاڵەتە لەوەدا خۆی مانفێست دەکات کە کەسی یەکەم زیاتر دڵدارەکەی خۆشەوێ، لێرەدا ئەو تێگەشتنە خۆی نمایش دەکات کە دیاریەکەت چەندە گرانبەھایە، خۆشەویستیەکەی تۆش بەڕادەی نرخی کاڵاکەیە بۆمن. ئەمەیە دەمانباتەوە بۆ چەمکی(خۆشەویستی وەک کاڵا)، لێرەوە تۆ و خۆشەویستەکەت دەبنە پڕۆژەی سەرمایەدارێك. تۆ و خۆشەویستەکەت هەر لەشوێنی خۆتان دەمێننەوە، نەک ھەر ئەمە بەڵکو زیانیشی بۆ خودی پەیوەندیەکە دەبێت، لەبەرئەوەی کورتکردنەوەی ئەو پەیوەندیە ھەمیشەیی و ڕۆحی و ئیستاتیکیەیە بۆ تەنھا ڕۆژێک، کورتکردنەوەیەتی بۆ دیاریەک، بەڵام بکەری سەرمایەدار لە ئێوارە سۆزانییەکانی خۆیدا بەخۆشەویستی ئێوە ڕادەبوێرێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP