کورد لە بغداد پێگەی بەهێزی ناوێت

ئارام هادی‌ - 12-02-2020 - 1517 جار خوێندراوەتەوە


حەڤدە ساڵە کورد لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقی نوێدا بەشدارە، بەڵام بەشداریکردنەکەی تەنها لەسەر ئاستی پۆستی باڵابوە و شۆڕنەبۆتەوە بۆ خوارەوە، جگە لە سەرۆککۆمار و جێگرانی پەرلەمان و حکومەت و وەزیر و پەرلەمانتار و بریکاری وەزیز و چەند دەستەیەک، گرنگی نەداوە بە پۆستەکانیتری وەک قائمقام و ناحیە و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانیتر، دواجار ئەم پۆستانەش بە عەرەبی شیعە  و سوننە پڕکراونەتەوە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیە کە کورد نایەوێت پێگەی خۆی لە عیراقدا بەهێزبکات، هەروەها دەستوەردانەکانی وڵاتانی دەرەوە دەسەڵاتی بەرپرسانی عیراقی بەهەموو پێکهاتەکانەوە کۆتوبەند کردوە و دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساندون تا پێکهاتەکان لەسەر ئەرک و مافی خۆیان بگەنە لێکتێگەیشتن، لەبری ئەمە هەوڵی لێکترازان و قوڵبونەوەی کێشەکان تادەگات بەقەیران دەدەن. 
سەرباری ڕێککەوتن لەسەر چارەسەری ناکۆکیەکان ، بەڵام باوەڕناکرێت ڕێککەوتنەکەیان بە ئەنجام بگات

کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، لەناو دوو کەوانەدا جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، پرسی دانانی پارێزگارێکی کوردی بۆ شارەکە و کێشەی نەوت و موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ، هاوتاکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بغداد، داهاتی خاڵەسنوریەکان و  پەیوەندیەکانی هەرێم بە دنیای دەرەوە، ئەمانە ئەو ناکۆکیانەن کە لەنێوان هەولێر و بغداد بونیان هەیە و سەرباری ڕێککەوتن لەسەر چارەسەری ناکۆکیەکان ، بەڵام باوەڕناکرێت ڕێککەوتنەکەیان بە ئەنجام بگات.

سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق، ناوی وەزیرانی کابینەکەی بۆ متمانە بەخشین پێشکەشی پەرلەمانی عیراق دەکات، هەر لەئێستاشەوە کێشە کەوتۆتە بەینی سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسیە کوردیەکان کە یەکەمیان نایەوێت کابینەکەی هیچ وەزیرێکی حزبی تیابێت و دووەمیش پێداگرە لەسەر مانەوەی وەزیرەکانی ئێستای لە پۆستەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش دوێنێ سێ شەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردیەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەهەولێر ئەنجامدا، ئەمەش بۆ ئەوەی فراکسیۆنە کوردیەکان یەکڕیز و یەکگوتاربن لەسەر ئاستی بغداد بۆ پارێزگاریکردن لەمانەوەی وەزیرەکانیان. 
گەر ئەمە ئەنجامدرا ئەوکات ئەو یەکڕیزی و یەکگوتاریەی کوردیش ئیشی خۆی دەکات

دروستکردنی پێگەی بەهێز بە وەرگرتنی سەرجەم ئەو پۆستانە دەبێت کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی کوردە جا گەر پۆستەکە بەڕێوەبەری خوێندنگایەک بێت لە کوێرە گوندێکی (میسان و زیقار و بەصرە)، هاوکات هەوڵی لێکتێگەیشتن و دروستکردنی متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی عیراق، گەر ئەمە ئەنجامدرا ئەوکات ئەو یەکڕیزی و یەکگوتاریەی کوردیش ئیشی خۆی دەکات، بەڵام بەو حاڵەی ئێستاوە کە تەنها لەکاتی مەترسیەکاندا کۆبونەوەی بەپەلەی بۆ بکرێت و داوای یەکڕیزی بکرێت هیچی لە شین نابێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP