کورد و بەڵێنی دەوڵەتان بۆ سەربەخۆیی

هێرش عبدلرەحمان - 4-02-2020 - 3082 جار خوێندراوەتەوە

مەسەلەی دەوڵەتی سەربەخۆ لە رۆژگاری ئەمرۆماندا بووەتە یەکێک لە ئاریشە سەرەکییەکانی ناو میدیا.

 ئەوانەی خاوەن دەوڵەتن باش دەزانن بوونی دوڵەت یەکسان نییە بە بڕانەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییەکان. ئینجا ئەگەر کورد وەک نموونەیەک وەربگرین درک بەوە دەکەین مەرج نییە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ ھەموو کێشەکانی کورد کۆتایی پێبھێنێت.

 کورد لە ئێستادا کێشەی تری ھەیە نەک بوونی دەوڵەت.  دیاردەی گەندەڵی ، نەبوونی شەفافیەت ، نەبوونی دەستوور و حکومەتی دامەزراوەیی بەشێکن لەو گرێ شێرپەنجەییانەی بە ئاسانی چارەسەر ناکرێن.
 ئەمە جگە لەوەی کێشەی فرە گوتاری و فرە بەرەیی لەولاوە بووەستێت. مەبەستیشمان لەم فرە بەرەییە ئەوەیە ھەندێک حیزب لەبەرەی وڵاتێکن و ھەندێکی دیکەش لەبەرەی وڵاتێکی دیکە.
ھەرحیزبێک لەلایەکەوە کوردایەتی بۆخۆی قۆرخ کردوەو ئەمەش وایکردووە  کورد جارێ خاوەنی گوتارێکی یەکگرتوو نەبێت.

‏مەسەلەی ئابووریی وەک زانایانی بوارەکە تەئکیدی لەسەر دەکەنەوە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ خۆژیان.
ھەرێم جگە لەوەی ژێرخانی ئابووری نییەو خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆش نییە، بەڵکو ئەگەر وڵاتانی دراوسێ نەبن، ناتوانێت ھیچ پێداویستییەک دابین بکات. بۆیە  بەم حاڵەوە ئەگەر دەوڵەت ھەشبێت ھیچ سوودێکی نابێت. 

دەوڵەت بەم ھەموو برین و کەسەرەوە ئەستەمە دروست بکرێت و خۆی بەڕێوە ببات.
پێش ھەموو شتێک پێویستە سەرەتا کورد کار لەسەر خۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی بکات و ببێتە خاوەنی گوتارێکی ھاوبەش . ھەرکاتێک ئەم ئامانجە ھاتە دی و کێشە سیاسییەکان چارەسەر کران و یەکگرتوویی ھاتە دی ئەوسا دەبێت حکومەت ژیانێکی شایستە بۆ ھاونیشتیمانیان فەراھەم بکات.

نەمانی کێشە ناوخۆییەکان، ئابوورییەکی پتەو، یەکسانیی لەنێوان ھاووڵاتییاندا، بەکورتی دوای ئەم چارەسەریانە، ئەوکات دەتوانێت بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی بدات .ھەرکەسێک دیقەت لە سیاسەتی کوردیی بدات بۆی دەردەکەوێت حزبەکان لە سیاسەتیاندا زۆر پشتیان بە بەڵێن و دەوڵەتانی دراوسێ بەستووە.
ئینکاریی ناکرێت پاڵپشتی دەوڵەتان رۆڵی خۆی ھەیە بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی بە تەواوی پشتیان پێ ببەسترێت. ئەزموونەکان سەلماندوویانە ئەو لایەنانەی پشت بە دەوڵەتی تر ببەستن لە سیاسەتیاندا سەربەخۆ نین.
کوەیت و قەتەر لە نموونەی ئەو وڵاتانەن کە ئەم کێشەیەیان ھەیە. ئەم دوو وڵاتە راستە سەربەخۆن بەڵام بەھێز نین چونکە ئەمریکا پشتیوانیان دەکات.
ھەربۆیە دوو وڵاتی مردوون و خاوەن بڕیاری گرنگ نین. ھەرکاتێک ئەمریکا بیەوێت و کاتێک بەرژەوەندیی لەناوچەکە نەما ئەوا پشتیان تێدەکات و دەرەنجامیش بە ئاسانی دەرووخێن و لەناو دەچن.

پەندی سەرەکی لەم نموونەیە ئەوەیە کورد دەبێت خۆی بەھێز بکات. لەناوخۆدا کێشەکانی چارەسەر بکات و پاشان بیر لە دروستکردنی دەوڵەت بکاتەوە. نابێت بۆ ھەموو شتێک پشت بە وڵاتانی دراوسێ ببەستێت و چاوی لەوە بێت دوژمنەکانی دەوڵەتی بۆ دروست بکەن.
دروستکردنی دەوڵەت بە بڕیاری تاکەکەسی و ھەڵچوون ناکرێت. کاتێک ناوچەیەک یان ھەرێمێک مەرجەکان و تایبەتمەندیی دەوڵەتی تێدا بوو، سەرکردایەتی دڵسۆزیی ھەبوو، کێشەی ئابووریی نەبوو، پشتی بە دەوڵەتان نەبەست، ئەوا دەوڵەت خۆ بەخۆ دروست دەبێت. 
پێچەوانەی ئەمەش ئەوەیە کاتێک تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت وجودی نەبوو ئەوا ھەڕەشەو ھەڵچوون ھیچی لێ سەوز نابێت. ئەم ھەڵوێستانە بۆ دنیای دەرەوە ھیچ بەھایەکیان نییە.

بە کورتی، بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ نابێت پشت بە بەڵێنی دەرەوە و دوژمنەکان ببەسترێت. ئەگەر تاکەکان ھەستیان بە ئارامی و بوونی سەرکردایەتییەکی دڵسۆز و ژیانێکی خۆش کرد و کاتێک زانیان جیاوازی لە نێوان منداڵێکی ھەژار و منداڵێکی دەوڵەمەندو بەرپرساندا نییە ئینجا دەتوانرێت باسی دەوڵەت بکرێت. ئەگەر وا نەبێت و دەوڵەتیشمان ھەبێت ئەوا دەوڵەتێکی کارتۆنی زیاتر ھیچی تر نابێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP