رێکەوتن یان سایکس بیکۆی سەدە

هیوا سەید سەلیم - 29-01-2020 - 4478 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر رێکەوتنامەی سایکس بیکۆ، ئەو رێکەوتنامەی کە سنووری ئیمبڕاتۆریەی عوسمانی دۆڕاوی جەنگی جیهانی یەکەمی بەسەر چەند ولاتیکی عەرەبی ژێر دەستی هەریەک لە فەرنسا و بەریتانیا نەخشاند.

وا جاریکی دیکە ئەو سنوورانە دەکەونەوە بەر دووبارە دەستکاریکردنەوە، ئامانجی راگەیەندراویش لەو دەستکاریە گوایە چارەسەری یەکجارەکی ئاشتیانەی پرسی (عەرەب- ئیسرائیل)ە.

رۆژی ٢٨جێنیوەری،  دۆنالد ترمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە ئامدەبوونی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل،  نەخشە رێگای چارەسەری ئاشتی راگەیاند، وەک ترمپ ووتەنی:

"ئەوە دوا دەرفەت و دوا جارەسەرە بۆ کۆتایهینان بەو کێشەیە"

پرسیارەکە لێرەدایە کە وێڕای نیگەران و رەتکردنەوەی پرۆژەکە لە لایەن فەڵەستینیەکان، ئایا رێکەوتنی سەدە کۆتایی دینێت بە کێشەیەک کە سەدەیەکە لە نێوانی فەلەستین و ئیسرائیل سەریهەڵداوە؟ 

کەهەریەکەیان ئیدعای مافی خاوەنداریەتی لەو خاکە دەکات، جا بۆ ئەوەی لە کاریگەی ئەو پرۆژەیە تێبگەین، دێین ئاماژە بە خاڵە هەر ناکۆکەکانی نێوان دوو لایەنی ململانێ دەکەین (عەرەب – ئیسرائیل).

کێشەی سنوور:

دوای جەنگی ١٩٦٧ و دەستبەسەرداگرتنی شاری قودس لە لایەن سوپای ئیسرائیل، ئیدی پرسی سنوور بۆتە کێشەیەکی جدی نێوانیان، هەر ئەوەش وایکردووە کە رێگاچارەی ئاشتی نەتوانێت کۆتایی بەو پرسە بێنێت.

بۆیە لەو ساڵانەی دوای عەرەب لە گێرانەوەی قودس بێ هیوا دەکڕێت، بۆیە  لە گفتوگۆکانی ئەم دواییە هەمیشە فەڵەستینیەکان داوا دەکەن کە بەشی رۆژهەڵاتی قودس بکرێتە پایتەختی فەڵەستین، بەڵام ئەو پێشنیارە لەلایەن ئیسرائیل بە بیانووی ئەوەی ئەمنیەتی پایتەختەکەیان ( قودس) پاریزراو نابێت هەمیشە رەتکراوەتەوە.

ئێستا فەڵەستینیەکان داوا دەکەن سنووری دەوڵەتەکەیان ( قودسی رۆژهەلات، کەناری رۆژئاوا، غەزە) بگرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل رازی نیە بگرە داواکارە کە رووباری ئەوردن بکرێتە سنووری جیاکەرەوەی نێوان هەردوو دەوڵەت. 

کێشەی ئاکنجی کراوەکان ( مستوگنات):

لە ساڵی ١٩٦٧ وە ئیسرائیل ١٤٠ ئاکنجیگەی لە هەریەک لە کەناری رۆژئاو و رۆژهەڵاتی قودس درووست کردووە،  کە ٦٠٠ هەزار هاوڵاتی بەرەگەز جووی تیا نیشتەجێ کراون، لەوساوە تا ئێستا فەڵەستینیەکان داوای هەڵگرتنی ئەو ئاکنجیگاکانە دەکەن و ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە.

کێشەی پەنابەرە فەڵەستینیەکان:

ئامارەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە لە ساڵی ١٩٤٨- ١٩٤٩ تا ئەمڕۆ نزیکەی ٥ ملیۆن و نیو هاوڵاتی عەرەبی فەڵەستینی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەت ئوردن و لوبنان بوونە، فەڵەستینیەکان داوای گەڕانەوەیان دەکەن و ئیسرائیل بە گەڕانەوەیان رازی نابێت.

با بزانین رێکەوتنی سەدە چ  رێگاچارەی بۆ پرسەکانی ( سنوور – ئاکنجی گە- ئاوارە) داناوە، چونکە بەبێ چارەسەری ئەمانە ئەستەمە کێشەکە بە کۆتا بێت.

سەبارەت بە سنوور و ئایندەی قودس، دوای هاتنە سەر دەسەڵات، دۆنالد ترەمپ، دانی نا بە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل، وە بەڵێنی دا کە بالوێزخانەی وڵاتەکەی بگوازێتەوە قودس، هەر بۆیەشە لەو ریکەوتنامەیە هاتووە کە قودس شارێکی دابەش نەکراو دەبێت و دەکرێتە پایتەختی ئیسرائیل، ئەوەیان پەیامێکە بۆ عەرەب تا دەست لەو شارە هەڵگرن.

بە هەمان شێوەش ئەمەریکا دان دەنێت بە مافی خاوەنداریەتی ئیسرائیل لە بەرزایەکانی جۆلان و مانەوەی ئاکنجیگاکان وەک خۆی.

 ئەگەر وایە دەبێت رێگاچارەی دیکە بۆ هەریەک لەو پرسانە هەبێت،  کە لە پڕۆژەکەی ئیدارەی ترەمپ ئاماژەیان پێ نەکراوە، بەڵام ترەمپ هەندێکی درکاند لەوەی کە سوپاسی هەنژیک لە ولاتانی عەرەبی کرد، هەروەها باسی لە بووژانەوەی باری ئابووری فەڵەستینی کرد.

رێکەوتنی سەدە کە ترەمپ ئاماژەی پێدا کە پرۆژەیەکی ٨٠ لاپەڕەیە، ئەوەی باس دەکرێت سەرلە نوێ داڕشتنەوەی سنووری چەند ولاتێکە کە پشتیوانی لەو پرۆژەیە دەکەن بە ئامانجی چارەسەری ریشەیانەی پرسی فەڵەستین.

 ئەوی زانرەوە تا ئێستا هەریەک لە میسر و ئوردن ئامادەن دەستکاری سنوورەکانیان بکرێت و هەریەک لە سعودیە و ئیمارات پشتیوانی دارایی ئەو پڕۆژەیە بکەن کە بەم شێوەی خوارەوەیە.

- میسر دەسبەرداری بەشێک لە خاکی دەبێت لە سنوری بیابانی سینا  تا بخرێتە سەر غەزە و ناوبندرێت غەزەی گەورە، لە بەرامبەردا میسر لە بیابانی نەقەب خاکی پێبدرێت.

- دەروازەیەکی ووشکانی لە نێوانی ئوردن و میسر بکرێتەوە کە خاوەنداریەتەکەی بۆ دووەمیان بێت.

- فەرەنسا پشتیوانی دامەزراندنی پرۆژەیەکی ووزە لەو ناوچەیە بکات تا هەڵی کار بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە درووست بکات.

- ئوردن سوودمەند بێت لە پرۆژەی وەبەرهەمهێنان کە لەو ناوچەیە دادەمەزرێت و هێلی نەوتی لە رێگای غەزەوە بۆ رادەکێشرێت.

- گواستنەوەی سەرجەم ئاکنجیەکانی فەلەستین بۆ غەزەی گەورە.

- دامەزراندنی ناوچەیەکی پیشەسازی لەسەر دەریای سوور بە پشتیوانی دارایی سعودی لە شێوەی سەنگافورەی.

لیرەدا تێدەگەین کە رێکەوتنی سەدە سەرلە نوێ رێکخستنەوەی سنووری ئەو دەوڵەتانەیە کە سایکس بیکۆ بە دونیایەک کێشەوە دایمەزراندوون، بۆیە دەکرێت ناوی بنێین سایکس بیکۆی سەدە، وە ئەگەری ئەوەی هەیە ولاتانی دیکەی وەک عێراق و سوریا بەر ئەو گۆڕانکاریە بکەون، سعودیە و ئیماراتیش کە پشتیوانی دارایی لە پرۆژەکە دەکەن ،مەبەستیانەلە نێو ئەو هەموو گۆڕانکاریانە لە ترسی باڵادەستی ئێران و مەترسی تیرۆر رزگاریان بێت بۆیە بە ئیمکانیاتی زۆری دارایی ئامادەیە کۆمەکی ئەمەریکا بکەن و لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەیاندا هەلوێستی ئیخوانەکان بە تایبەت تورکیا دەبینین کە نیگەرانە لەو گۆڕانکاریانە.

ماوە بپرسین بڵێی کورد لەو گۆڕانکاریانە شتێکی دەست نەکەوێت؟ ئاماژەکان بۆ کورد ئەرێنین، بە تایبەت لە دۆخی ململانێی ئێستای عێراقیە ئێرانیەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە لایەک، وە پەشیمانبوونەوەی ترمپ لە کشانەوە لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP