هەواڵی ئەمڕۆ

ئەمڕۆ گرێبەستی سەدە ڕادەگەیەنرێت!

کارۆخ خۆشناو - 28-01-2020 - 963 جار خوێندراوەتەوە

پڕۆژەی گرێبەستی سەدە (Deal of the Century) چیە؟
پڕۆژەی گرێبەستی سەدە (صفقة القرن) نەخشە ڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردن و کۆتایهێنان بە کێشەی فەڵەستین-ئیسڕائیل.
ئیدارەی تڕەمپ لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە بەسەرپەرشتی گارید کۆشنێر (زاوا و ڕاوێژکاری تڕمپ) ئامادەکاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ پڕۆژەی گرێبەستی سەدە، لەو چوارچێوەیەدا لە (۲٥ و ۲٦ حوزەیرانی ۲۰۱۹) لە مەنامەی پایتەخی بەحرێن کۆنفرانسێکی ئابوری بەڕێوەچوو بۆ پشتیوانیکردنی ئابووری پڕۆژەی گرێبەستی سەدە.

بۆ یەکەمجار  مانگی (نیسانی ساڵی ۲۰۱۷) لە کاتی سەردانی (عەبدولفەتاح سیسی) سەرۆکی میسڕ  بۆ واشنتن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە بەرامبەر تڕمپدا، گوتی:
"دوو خاڵ دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم:
یەکەم: من و گەلی میسڕ بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی سەرۆک تڕەمپ دەبین لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر.
دووەم: من و گەلی میسڕ بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی سەرۆک تڕەمپ دەبین بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستی سەدە (صفقة القرن) بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین-ئیسڕائیل" 

ئەمڕۆ دۆناڵد تڕەمپ و بنیامێن نەتنیاهۆ لە کۆشکی سپی، نەخشە ڕێگای گرێبەستی سەدە ڕادەگەیەنن، چاوەڕوان دەکرێت بە هۆی ئەم پڕۆژیەوە نەخشەی چەند وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەوانە: ئیسڕائیل، فەڵەستین، ئوردن، میسڕ، عێڕاق.

تاکو ئێستا هەڵوێستی "ئاشکرا"ی فەڵەستینیەکان و بەشێک لە وڵاتانی عەڕەبی دژی گرێبەستی سەدەن، چونکە پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە زیاتر خزمەت بە ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم هەڵوێستەی بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەڕەبی تەنها لە ترسی شەقامی عەڕەبی و ئیسلامی بێت، دەنا لە ژێرەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتوون و ئامادەباشیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای گرێبەستی سەدە، لەم چوارچێوەیەشدا ملیارەها دولاریان تەرخان کردووە بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ ئاوارە فەڵەستینیەکان لە هەریەک لە وڵاتانی میسڕ و ئوردن و عێڕاق.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP