عێراق له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌دا

هەڵشۆ عەبدولفەتاح - 26-01-2020 - 1731 جار خوێندراوەتەوە


له‌ماوه‌ی چوار مانگی رابردوو عێراق له‌دۆخێكدایه‌ كه‌له‌مێژووی حه‌ڤده‌ ساڵی ته‌مه‌نیدا به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌،  ئێستا زیاتر  له‌ (670) شه‌هیدو نزیك به‌ بیست‌و پێنج هه‌زار بریندار هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ پێمانده‌ڵێت ده‌بێت هه‌ر هه‌نگاوێك له‌عێراق بنرێت له‌به‌رامبه‌ر قورسایی ئه‌و قوربانییه‌دا بێت.

له‌داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان خۆپیشانده‌رانیش گۆڕینی ئه‌م هێزو سیاسیانه‌ی ئێستایه‌ كه‌بێگومان ئه‌ویش هه‌ر ده‌بێت به‌پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی بێت كه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یه‌، پرسی ئاماده‌كاریی بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش چه‌ند هه‌نگاوێك بووه‌ له‌وانه‌ش په‌سه‌ندكردنی دوو یاسا ئه‌وانیش یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن‌و یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

له‌یاسای كۆمیسیۆن ئه‌وه‌ی داواكاری سه‌ره‌كی خۆپیشانده‌ران بوو ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ له‌دابه‌شكاری حزبییه‌وه‌ بگۆڕن بۆ كه‌سانی سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر به‌گشتی له‌یاساكه‌ بڕوانین یاسایه‌كی باشه‌و ئه‌گه‌ر وه‌كخۆی جێبه‌جێبكرێت ده‌توانێت هه‌نگاوی گه‌وره‌ بنێت، چونكه‌ یه‌ك له‌خاڵه‌ زۆر گرنگه‌كان له‌یاساكه‌دا به‌خشینی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران‌و ته‌واوی به‌رپرسه‌كانی ناو ئه‌و دامه‌زراوه‌ی  رابردووه‌ له‌به‌رپرسی هۆبه‌ تا به‌رێوه‌به‌ری گشتی ئۆفیسه‌كان، كه‌عێراقییه‌كان له‌هه‌ڵبژاردنی 12ئایاری 2018 ئه‌زمونێكی زۆر تاڵیان له‌گه‌ڵی هه‌یه‌‌و به‌شێكی زۆر له‌و دۆخه‌ی ئێستاش له‌ئه‌ستۆی ئه‌و كۆمسیۆنه‌ی پێشودایه‌، چونكه‌ نه‌یتوانی پرۆسه‌یه‌ك به‌رێوه‌ببان ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران  بێت. 

ئێستا یاساكه‌ له‌رۆژنامه‌ی وه‌قائعی عێراقی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ دیاریكران، به‌ڵام هه‌ر زوو به‌شێك له‌خۆپیشانده‌ران‌و میدیا ناسنامه‌ی دادوه‌ران‌و ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیان ئاشكراكرد كه‌پێكهاتون له‌دابه‌شكاری هه‌رسێ بنه‌مای (نه‌ته‌وه‌یی، حزبی، مه‌زهه‌بی) له‌هه‌مانكاتدا له‌هه‌رێمی كوردستانیش به‌پێی سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كان هه‌ردوو حزبی ده‌سته‌ڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) به‌رپرسی ئۆفیس‌و به‌ش‌و هۆبه‌كان له‌كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی نوێ جارێكی تر له‌نێوان خۆیاندابه‌شكردۆته‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی مه‌ترسیداره‌و جارێكی تر ده‌چێته‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا وه‌ك چۆن سێ پێش ئێستا به‌هه‌مان شێوه‌ ناره‌زایه‌تی دژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی پێشوو هه‌بوو هاتن كۆمسیۆنیان به‌پێی هێزی حزبه‌كان دابه‌شكرده‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی به‌رێوه‌برد كه‌هیچ بنه‌مایه‌كی هه‌ڵبژاردنی شه‌فاف‌و بێگه‌ردی تێیدا نه‌بوو.

یاسایه‌كی تر كه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌داخوازییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆپیشانده‌ران په‌سه‌ندكراوه‌ یاسای هه‌ڵبژادنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌، لێره‌دا كاتی ئه‌وه‌نییه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ مادده‌و بڕگه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ بكه‌ین ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌ بڵێن ئه‌م یاسایه‌ش وه‌ك هه‌موو یاساكانی تر لایه‌نی باش‌و خراپی هه‌یه‌. 

ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی پرسیارێكی ساده‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌راست ئه‌م یاسایه‌ به‌وشێوه‌یه‌ی له‌ئه‌نجومه‌ن ده‌نگی له‌سه‌ردرا ده‌توانێت هه‌ڵبژاردنێكی گرنگی وه‌كئه‌وه‌ی له‌پێشمانه‌ پێئه‌نجامبدرێت‌و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داخوازی شه‌قام بێت؟ ئایا ئه‌و دابه‌شكارییه‌ی كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌سه‌ندكراو له‌یاساكه‌دا نییه‌ ئه‌ویش بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی قه‌زا بێت‌و به‌مه‌رجێك دانیشتوانه‌كه‌ی سه‌د هه‌زار بێت ئه‌گه‌ر نه‌بوو ئه‌وا له‌گه‌ڵ قه‌زایه‌كی دراوسێ لێكده‌درێت، پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌عێراقێكدا كه‌یه‌كێكه‌ له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌زۆر كۆڵه‌واره‌ له‌ژماره‌و داتا چۆن ده‌توانێت ئه‌م رێژانه‌ ده‌ربكات‌و هه‌ڵبژاردنی پێی ئه‌نجامبدات؟ 

به‌و ئه‌رگۆمێنت‌و واقعه‌ی له‌عێراق هه‌یه‌ ده‌توانین بڵێن به‌شێكی زۆر له‌و كارانه‌ی تائێستا ئه‌نجامدراون بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ به‌شێكی دڵخۆشیه‌و جێگه‌ی پێشوازی‌و پشتیوانییه‌ به‌شێكی تری مه‌ترسیه‌، ئه‌ویش به‌وه‌ی ئه‌م رێكارانه‌ی دانراوه‌ وه‌ك رێگرییه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بێت‌و نییه‌تی ئه‌وه‌ هه‌یێت ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان تا ته‌واوبوونی ماوه‌ی یاساییان به‌رده‌وام بن. 

"به‌شێكی زۆر له‌و دۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌ئه‌ستۆی ئه‌و كۆمسیۆنه‌ی پێشودایه‌، چونكه‌ نه‌یتوانی پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن به‌رێوه‌ببان كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگده‌ران  بێت".

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP