بەپەلە

كاتێ‌ گەنج بووین

ئەرسەلان بایز - 25-01-2020 - 1379 جار خوێندراوەتەوە

فیلمی تەمەنی مناڵی و هەرزەكاری تا ئێستای هەڵچوونی تەمەنی خۆم و هاوتەمەنەكانم لە پێش چاوە. گەلێ‌ جار لەگەڵ تەمەنی مناڵەكانی خۆم و هاوتەمەنەكانم بەراورد دەكەم… نازانم چۆنیان بەراورد بكەم… ئایا كۆمەڵگا بەم شێوە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و نوێ دەبێتەوە…یان جۆرێكی ترە…؟ ئایا كۆمەڵگاكانی تری غەیرە كوردیش هەر وان…؟ نازانم..!!

مناڵ بووم. ئەبو ڕۆژانە نزیكەی دوو كیلۆمەتر ڕێگا بە سەرمای زستان و گەرمای هاوین، تەنانەت ئەگەر باو بۆرانیش بوایە بچینە ناحیەی دیبەگە بۆ خوێندن. كاتێ‌ پێمان لە دەرگای قوتابخانەش دەچووە ژوورەوە، ئەبوو زۆر بە هێمنی و بێ‌ هاتوو هاوار بچینە حەوشەكە نەوەكا بەڕێوەبەرو مامۆستاكانی قوتابخانەكە چاویان لێمان بێ و لە ڕۆیشتن و ڕەفتارەكانمان ناڕازی بن. دوای زەنگی قوتابخانەكەش، ئەبوو بێ دواكەوتن بچینە پۆل. لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی مامۆستاش ئەبوو یەكپێ لەبەری هەڵسینەوە. دواتر بە هێمنی دانیشینەوەو هەردوو دەستمان بخەینە سەر یەك و لەسەر سنگمان هەناسە لە خۆمان ببڕین.
مامۆستا پیاسەیەكی كورتی بەنێو هەردوو ڕیزی پۆلەكەدا دەكرد یەك یەك سەیری هەموومانی دەكرد. ئای كە چ سامێكی هەبوو…ئای كە قوتابخانەو خوێندنی ئەوسا چەند بە بەرنامە بوو بۆ پەروەردە كردن و فێركردنی قوتابیەكان. ئیتر مامۆستا بە هەموو توانای خۆیەوەو زۆر بە جدی وانەكەی پێ دەوتینەوە. ئێمەش بەدڵ گوێمان بۆ وانەكە دەگرت و بەڕاستی فێر دەبووین. ئەو ساڵانە قوتابی لە دەرەوەی قوتابخانەش ڕێزو خۆشەویستی و ترس و حورمەتی زۆری مامۆستاكانی خۆی لابوو.

لە دێیەكەی خۆشمان بە پێی نەریتی باوی ئەو سەردەمە، گەنجەكان زۆر ڕێزو تەقدیری بەتەمەنەكانیان لەلا بوو، هەمیشە لە خوارەوەی ئەوان دادەنیشتن. نەدەبوو قاچ بخەینە سەر قاچ، نەدەبوو قسە بەوان ببڕین. یان لە قسەیان دەرچین. هەمیشە گوێمان بۆ ئامۆژگارییەكانی ئەوان شل دەكرد لە ئەزمونەكانی ئەوان فێر دەبووین. ئەوانیش دەستیان بەسەر ئێمە ماناندا دەهێنا ڕێنمایی و پەروەردەیان دەكردین.

كاتێ‌ چوینە بواری سیاسەتیش. خوێندنەوە…بەشداری كردن لە كۆڕو كۆبوونەوە، گوێ گرتن بۆ سەروی خۆمان و ڕێز لێگرتنیان نەریتی ئەو سەردەمەی گەنجەكان بوو. (بەندە) لە ژوورێكی لادێ‌ بێ كارەبا ڕۆژانە زیاتر لە (7-8) سەعاتم دەخوێندەوەو هیلاك نەدەبووم. بە تەمەن و لێپرسراوە حیزبیەكانی ئێمە ڕەمزو ڕابەری ئێمە بوون. قسەو فەرمانەكانیان شكانی نەبوو.

هەتا (مام جەلال)یش لە ژیان مابوو هەموومان لە (ی.ن.ك) وا هەستمان دەكرد كە كەسێك هەیە ڕێنماییمان دەكات. چاودێریمان دەكات با لەو سەری دنیاش بین. كەسێك هەیە لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەكات…دەمانزانی ڕەمزێكمان هەیەو ئاگای لە هەموومانە. بۆیە ئێمەش هەمیشە هاوڕێ و هەڤاڵ و دڵسۆزی ئەو بووین. ڕێنماییەكانی..ئامۆژگارییەكانی فەرمانەكانی وەكو خۆی جێ بەجێ دەكرا. ئێمە بە دوو هۆ ڕێزو خۆشەویستیمان بۆ ئەو هەبوو، یەكەمیان لە ئێمە مانان بە تەمەنترو خاوەنی ئەزمونێكی دەوڵەمەند بوو لە هەموو بوارەكان. دووەمیان برا گەورەو ڕەمزو لێپرسراومان بوو.

ئایا گەنجەكانی ئەم سەردەمەش بەرامبەر تەمەن هەڵچووەكان و لێپرسراوەكانی خۆیان وان…؟؟!! ئایا قوتابخانەو زانكۆكان وەكو جاران ئاستی خوێندن و زانستیان بەرزە… ئایا ڕێزو حورمەت لە نێوان گەورەو بچوك و مامۆستاو خوێندكارەكان لە ئاستی پێویستە..؟!

 (بەندە) هەرگیز لەگەڵ چەق بەستنی كۆمەڵگاو مرۆڤەكان نیم..چونكە هەر كۆمەڵگایەك بێ گۆڕانكاری و پێشكەوتن ماڵوێرانی لە دوایە هەر وەكو ئاوێك بێ جولەو چوونەوە سەری بۆگەن دەكات… بەڵام ئایا لە هەموو سەردەمێك یاساو ڕێسا…ڕێزو حورمەت پێویست نیە

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP