کورد دەبێت لەم دۆخەدا چۆن مامەڵە لەگه‌ڵ ئەمریکا بکات؟!

شەریف هەژاری - 24-01-2020 - 2810 جار خوێندراوەتەوە


سەرەتا ئەمەوێت ئەوە بڵێم: تا شیعەکان دژی ئەمریکا بن، لە سودی کورد دایە و، عێراق زیاتر و خێراتر ڕوەو دابەشبون دەچێت!
ئەم دەرفەتانەی بۆ کورد ھەڵ دەکەون، ھیچ نەتەوەیەک لە مێژودا نەبوە کە وەک کورد لە دەستی دابن!

ئەمریکا ئێستا زۆر پێویستی بە کارتی کوردە لە بەرانبەر شیعەدا. چونکە ھەرێمی کوردستان ھەم ھەرێمێکی سەقامگیرە، ھەمیش پێکھاتەیەکی سەرەکی ناو دەوڵەتی عێراقە و، هه‌م له‌ قه‌باره‌ گشتییه‌که‌شی دا کورد ڕه‌گه‌زێکی سه‌ره‌کی هاوکێشه‌کانی ناو (ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق)یشه‌.

سەرکردایەتی سیاسیی کورد له‌ هه‌رێم دەبێت ڕێکەوتنی نھێنیی لەگەل ئەمریکا دا بکات! نابێت سەرکردایەتی سیاسیی کورد پەیوەندییەکانی خۆی لەگەل ئەمریکا دا تەنیا لە سوپاسکردن و ستایشکردنی ئەمریکا، کورت بکاتەوە!

بۆ نمونه‌: ھیچ سەرکردەیەکی کورد لە مێژودا نەبوە کە ھێندەی مەلا مستەفا پەیوەندی نزیکی لەگەل ئەمریکا و ئیسرائیل دا ھەبوبێت. بە تێفکرینی خۆم ئەوە بە یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی مەلا مستەفا دەزانم!
هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ی نهێنیی (سی-ئای-ئه‌ی) ئه‌مریکا و به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌کانی به‌ریتانیا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ چڕه‌کانی مه‌لا مسته‌فا و ئه‌مریکا-ئیسرائیل، ده‌که‌ن.

بەڵام نەبونی ڕێکەوتنی نھێنیی لە نێوان مەلا مستەفا و ئەمریکادا وایکرد کە دواتر ئەمریکا بێ باک بێت لە ئاست ڕێکەوتنی جەزائیری نێوان عێراق و ئێران بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کورد!

مام جەلال و مەسعود بەرزانی دو سەرکردەی تری دیاری کوردبون کە لە کۆشکی سپی پێشوازیان لێ کرا. مام جەلال وەک سەرۆککۆماری عێراق کە بە ڕەگەز کورد بو. مەسعود بەرزانیش وەک سەرۆکی ھەرێم. تەنانەت مام جەلال بە زمانی کوردی لە نەتەوەیەکگرتوەکان وتاری پێشکەش کرد و، مەسعود بەرزانییش بە جلوبەرگی کوردییەوە لە کۆشکی سپی لەگەل جۆرج دەبلیو بۆش کۆبوەوە.

بەڵام بێ-ھەڵوێستیی ئەمریکا بەرانبەر ڕوداوەکانی دواتر، ھەر لە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن بەغداوەو، ھێرشەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر و، ھێرشەکانی ئەردۆگان بۆ خۆراوای کوردستان، دیسانەوە ئەم ئایدیایەم دەسەلمێنێت کە کورد دەبو هه‌ر له‌ 2003 وه‌، ڕێکەوتنی نھێنیی لەگەل ئەمریکادا ھەبێت!

ئێستا کە دەرفەتێکی زێڕینی تر بۆ کورد ھەڵکەوتوە بەھۆی ئەوەی شیعەکان داوای دەرکردنی هێزه‌کانی ئەمریکا لە عێراق دا دەکەن، تەنیا کارتی بەھێزی ئەمریکا کورد و پێگەی جیۆپۆلەتیکی ھەرێمە لە بەرانبەر (ناوەندی عێراق) و ئێران دا.

سەرکردایەتی سیاسیی کورد له‌ هه‌رێم زۆر گرنگە لە کۆبونەوەکانیان لەگەل ئەمریکا دا، داوای ڕێکەوتنی نھێنیی بکه‌ن و واز لە ستایشکردنی ئەمریکا و پیاھەڵدان بھێنن. چونکە ئەمریکا لەم تەوقیتەدا لە ھەمو کاتێک زیاتر پێویستی بە کورد‌ بەگشتیی و، ھەرێمی کوردستانە بەتایبەتی!

سەرکردایەتی سیاسیی کورد دەبێت بەنھێنیێ داوای ڕێکەوتنێک بکات کە دو ڕەھەندی ھەبێت:-

یەکەم: ڕەھەندی ستراتیژی-سیاسیی. لە ستراتیژی سیاسیی دا پێویستە کورد داوای پشتیوانی ئەمریکا بۆ (کۆنفیدراڵی)ی بونی ھەرێمی کوردستان و، یەکلاکەردنەوەی پرسی ناوچە چێ ناکۆکەکان بە نوێنەرایەتی یوئێن و، کردنەوەی چەند بنکەیەکی ستراتیژیی ئەمریکا لە ھەرێم و، دامەزراندنی سیستمی دژە-موشەکی تۆکمەی ئەمریکا لە ناو خاکی ھەرێم، بکات!

دوەم: ڕەھەندی ستراتیژی-ئابوری. لە ستراتیژی ئابوری دا پێویستە کورد داوای ھاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بنیادنانی ھەرێمی کوردستان بکات. ئیتر کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوت بێت، یان کۆمپانیای ڕێگاوبان، یاخود کۆمپانیای سەد لێدان و دروستکردنی به‌نداو و هتد. بۆچی!؟ چونکە گەر کۆمپانیای ئەمریکیی بێتە کوردستان، ئەوا ئەمریکا ھێزیش لەو خاکەدا دادەنێت بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانیی و گەشە بە پێشکەوتنی ئەو ناوچەیەش دەدات. 
ھەروەھا کورد پێویستە لە ڕێکەوتنی نھێنیی دا لەگەل ئەمریکا ئەو خاڵەش جێ بکاتەوە، کە: ھەم ئەمریکا دەبێت خاکی ھەرێم لە ھێرشی حەشدی شەعبی و ئێران بپارێزێت. ھەم لە ئه‌گه‌ری بڕینی موچە و بودجەی کوردستان دا، ئەوا ئەمریکا نەوتی کوردستان بکڕێت و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە!

مەبەستمە کە بڵێم: زێڕینترین دەرفەتە کە کورد بتوانێت ڕێکەوتنی ستراتیژی سیاسیی و ستراتیژی-ئابوریی لەگەل ئەمریکا بەنھێنیی ئیمزا بکات و داوای بکات!
کورد به‌بێ ڕێکه‌وتنی نهێنیی، له‌ هه‌ر شه‌ڕ و میحوه‌ربه‌ندییه‌کدا به‌شدار ببێت، ئاکامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ هیچ به‌ ده‌ست ناهێنێت و، دواتر له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر مه‌ترسییه‌ک دا پشتی تێ ده‌که‌ن. هه‌ربۆیه‌: گرنگترین ساته‌ بۆ هێنانه‌دی ڕێکه‌وتنێکی نهێنیی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریکادا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP