سه‌رۆك كۆمار و شه‌قام و شیعه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 23-01-2020 - 9331 جار خوێندراوەتەوە

1

له‌ ده‌ره‌وه‌ى پیا هه‌ڵدان و به‌ شان و باڵا خوێندن، ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح بۆ پاراستنى عیراق له‌ ترازان و تێكبه‌ردان ده‌یكات، هه‌ر كه‌سێكى تر بوایه‌ پێى ناكرا، راستى ئه‌وه‌ بۆ خۆى بوێریه‌ له‌ نێو ئه‌و هه‌موو دژایه‌تى و سه‌رسه‌ختیه‌دا مرۆڤ ملنه‌دات و به‌رده‌وام بێت له‌ گه‌ڕان به‌ دواى ده‌رچه‌دا، گرتنه‌ به‌رى سه‌دان رێگا بۆ شكستپێهێنان و بێ هیوا نه‌بوون تا راده‌ى ئه‌وه‌ى له‌ نێوان خواسته‌كانى شیعه‌و گروپه‌ جیاجیاكانى، سونه‌و كورد، و مه‌ڕجه‌ع و شه‌قام هه‌وڵى راگرتنى باڵانس بدرێت، به‌و مانایه‌ى رێ له‌ غلۆر بوونه‌وه‌ى ڕه‌وڕه‌وه‌كه‌ بگیرێت، ئه‌مه‌ بۆ خۆى رێگاراسته‌كه‌ى هاوسه‌نگى و وه‌ك یه‌كڕوانینه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ سه‌رۆك كۆمارێك كه‌ كورده‌و له‌ به‌غدایه‌كدایه‌، كه‌ عه‌لى و عومه‌ره‌كان هێشتا ناتوانن پێكه‌وه‌ له‌ چایخانه‌یه‌ك دابنیشن، كارێكى ئاسان نیه‌، له‌وه‌ش گه‌ڕێ كه‌ زۆر جار هاوزمانه‌كانیشى وه‌ك هه‌ولێریه‌كان ده‌ڵێن " هێره‌"ى پێده‌كه‌ن.

2
میلیشیاكانى شیعه‌ بێئاگان له‌وه‌ى گه‌ر ئه‌مجاره‌ بازه‌كه‌ى سه‌ر شانیان بفڕێ ئیدى ده‌یان ساڵى دیكه‌ نانیشێته‌وه‌و پاشه‌و پاش بۆ سه‌رده‌مێكى نادیار ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تا سه‌ر سه‌رده‌مى شیعه‌و میلیشیا شیعه‌كانه‌، له‌ كاتێكا ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وان خه‌یاڵێكى ترو به‌رنامه‌یه‌كى ترى هه‌یه‌، دۆسیه‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عیراق به‌ تایبه‌ت شیعه‌ دوور نیه‌ ئاراسته‌ى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مه‌ریكى و وه‌زاره‌تى به‌رگرى بكرێته‌وه‌، له‌ دۆخى ئاوادا ده‌نگى قه‌یس و هاوڕێكانى ئیدى به‌ ته‌واوه‌تى كز ده‌بێت و ره‌نگه‌ به‌ هاوكارى ئه‌مه‌ریكاو سونه‌كان به‌عس به‌ ناوێكى تره‌وه‌، به‌ڵام به‌ ئه‌قڵیه‌تى ته‌مبێ كردنى میلیشاو تێكده‌رانه‌وه‌ بێته‌وه‌و له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوبێت، ئه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌ تا ئێستا جڵه‌وى بۆرانه‌كه‌ى راگرتووه‌ و له‌ نێوان هه‌موو ئه‌و به‌ربژێرانه‌دا كه‌ ئاراسته‌ى ده‌كرێت بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت ده‌یه‌وێت كه‌سێك راسپێرێت كه‌ ره‌زامه‌ندى شه‌قام و دواتر لایه‌نه‌ ئاوه‌زمه‌نده‌كانى شیعه‌شى له‌ سه‌ر بێت.

3
دواى ئه‌و خۆڕاگرى و به‌رده‌وامیه‌، به‌ ده‌ر له‌وه‌ى پێشتر به‌رهه‌م ساڵح واته‌ به‌ر له‌ بوونه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ وارى سیاسیدا چى كرد، له‌وه‌ ده‌چێت یه‌كێك له‌ فێرخوازه‌ باشه‌كانى مام جه‌لال بێت، ئه‌مه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ نایه‌وێت كه‌شتى سیاسى عیراق بداته‌ ده‌ست شه‌پۆله‌ شێته‌كانه‌وه‌و به‌ یه‌ك دوورى له‌ هه‌موو لایه‌كى ده‌ره‌كى و ناوخۆوه‌، ده‌یه‌وێت بیر له‌ چاره‌سه‌ر بكاته‌وه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ى به‌رهه‌م چیرۆكى سوتانى ماڵى پشیله‌م بیر ده‌خاته‌وه‌ ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ كه‌ناڵى كوردسات په‌خش ده‌كراو گه‌وره‌و بچوكیش سه‌یرمان ده‌كرد "ترلى ترلى ترلیله‌ – سوتا ماڵى پشیله‌ – قه‌ینا ماڵێ بسوتێ – گرنگ شارێ نه‌سوتێ".

هه‌ن كێشه‌یان سوتانى شارو وڵات نیه‌ كێشه‌یان به‌رك و باخه‌ڵى خۆیانه‌و چاویان به‌س خۆیان ده‌بینێت، هه‌شن ده‌ڵێن ناكرێ رێگه‌ بده‌ین ئاگره‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ بكات و ته‌ڕو وشك به‌ یه‌كه‌وه‌ بسوتێنێ.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP