ئایا پارتی شەیتانە؟ ئایا ئەوانی تر رەحمانن؟

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 28-03-2017 - 5429 جار خوێندراوەتەوە

 نووسینی: عەتا قەرەداخی

ئاشكرایە شەیتان و رەحمان دوو زاراوەی ئایینین و لە چەمكی ئایینیدا هەردووكیان بكەرن. یەكەمیان بكەرێكی خراپەو دووەمیشیان بكەرێكە باشە. لێرەدا رەحمان بریتیە لە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ شەیتانیش بریتیە لە پارتی، بەڵام ئەو واقیعە تاڵەی كە نوخبەی سیاسی و حیزبیی كوردی درووستیان كردووە كاری گەیاندووتە ئاستێك لە نێوان شەیتان و رەحماندا جیاوازییەك نەمێنێت بە واتا بەجۆرێك كاریان كردووە جەماوەری هوشیاریی سنووردار نەزانێت جیاوازی لە نێوان ئەم دوو چەمكەدا چیە چونكە هەر لایەنە ئەویتری بەرامبەری بە شەیتان دەزانێت. بەهەرحاڵ لە درێژەی ململانێكانی پارتی و لایەنەكانی تردا نوخبەی سیاسی و راگەیاندنی حیزبی رۆژنامەنووسی حیزبی و رۆشنبیری حیزبی بە پلەی یەكەم و راگەیاندن و، رۆژنامەنووس و، رۆشنبیری پاشكۆ حیزبی بە پلەی دووەم كە پێیاخۆشە ئاوەكە لێڵ بێت بۆ ئەوەی مەلەی خۆیان باش بكەن، فەزایەكیان درووستكردووە كە تیایدا دیوارەكانی نێوان لایەنەكان بە تایبەتی گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ لەلایەك و پارتی لە لایەكی ترەوە ئەوەندە ئەستوور بێـت بە ئەندازەی دیواری جیاوازی نێوان شەیتان و رەحمان. 

روانینی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ بۆ پارتی ئەوەیە كە پارتی شەیتانێكی نەگریسە شایانی ئەوەیە هەموو رۆژێك هەزاران جار بەنەفرەت بكرێت. لەكاتێكدا ئەم سێ لایەنە كە پارتی بە شەیتان دەزان، خۆیان لە هەڵوێستی رەحماندا دادەنێن. پرسیاری لۆجیكی ئەوەیە ئایا لەو كاتەی چەمكی خێرو شەڕ، واتە ئەو دوو چەمكەی شەیتان و رەحمان بەرهەمهێنین، هیچ هەوڵێك هەبووە بۆ ناوەندگیری و پێكەوە كاركردن لە نێوان شەیتان و رەحماندا؟ بێگومان نەخێر. ئەوەش ئاشكرایە كە بەردەوام رەحمان یان هێزی خێر خۆی بە باڵادەستتر زانیووەو نە خۆی لە بەردەم شەیتاندا بە بچووكتر زانیووەو نە لەبەردەمیدا بچووكترو بێ هێزتر بووەو نە لەبەردەمی شەیتاندا چەماوەتەوەو نە كڕوونشی بۆ شەیتان بردووەو نە ماستاو مامە حەمەیی بۆ كردووەو نە بەرتیل و نە پارەو نە هیچی لێ وەرگرتووەو نە بەوەش رازیبووە كە دایەلۆگی لەگەڵدا بكات. هەڵبەت هیچ كاتێك شەیتان ئەوەندە باڵادەست نەبووە بەسەر رەحماندا، كە لە لوتكەیەكی بەرزەوە بەرەو خوارەوە سەیری رەحمان بكات و بتوانێت رەحمان دەستەمۆ بكات. هەروەك لەو هەموو سامانەی كە شەیتان هەیەتی و ئاشكراشە حەرامەو بە ناڕەوا دەستی كەوتووە كارێكی نادرووست بووە كە لێی ببەخشێت بە رەحمان. ئاشكرایە هەموو ئەوەی شەیتان هەیەتی نامەشروعەو ناڕەوایە، باشە رەحمان چۆن دەتوانێت ئامادەی وەرگرتنی حەرام بێت و لە شەیتانیشی وەربگرێت؟؟

بەڵێ ئەو فەزایەی ئێستا لە كوردستاندا درووستكراوە ئەوەیە كە پارتی كراوەتە شەیتان و سیانەكەی تریش رەحمانن، رەنگە لەم رووەوە یەكگرتووی ئیسلامی لە هیچ بەرەیەكیان نەبێت. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە بۆ هەر سێ لایەنەكەی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ، ئایا ئێوە كە ئێستا پارتیتان كردووەتە شەیتان چۆن و بە چ لۆجیك و بە چ رێگایەك دایەلۆگی لەگەڵدا دەكەن؟ بە چ لۆجیكێك پرۆژەو نەخشە رێگای كار بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ شەیتاندا ئامادە دەكەن؟ ئەگەر ئێوە بەراست دەتانەوێت دایەلۆگ لەگەڵ پارتی بكەن جارێ هەوڵبدەن پارتی بهێننەوە پێگەی مرۆڤــ و كورد، چونكە ئەگەر ئێوە نەك رەحمان بەڵكو مرۆڤی ئاسایش بن ناتوانن لەگەڵ شەیتان دایەلۆك بكەن، ئەی باشە ئەگەر ئێوە مرۆڤن و ئەو شەیتان چۆن دەتوانن لەسەر خوانی یەك دەسەڵات كۆببنەوە؟ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت یان ئێوەش شەیتانن، یان یان ئەم هەڵوێستانەتان درۆو درووستكراوە؟ بێگومان هەرچەندە من گومانم نیە كە هەمووتان كوڕی یەك باوكن و راست و درووستیش هیچتان رەحمان نین. رەنگە لە روانگەی شەرەنگێزیتانەوە، لە روانگەی بەشداریتان لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و یاریكردنتان بە چارەنووسی خەڵك، هەمووتان لە شەیتان نزیكتر بن هەتا رەحمان.

ئێستا كار چیە؟ ئەگەر دەتانەوێت لەگەڵ پارتی كە بەشەیتانی دەزانن پێكەوە كاربكەن و هاوبەش بن لە بەڕیوەبردنی ئەم وڵاتەدا، ئەوا دەبێ بەو هەڵوێستەی خۆتاندا بچنەوەو لەوە تێبگەن بە شەیتانكردنی پارتی و بەشەیتان سەیركردنی پارتی نە هیچتان بۆ بەرهەم دەهێنێت و نە بە هیچ ئاكامێكی باشتان دەگەیەنێت. تەنانەت خۆتان باش دەزانن ئەوی شەیتان چۆن رۆژانە نەك لە ریزەكانی خوارەوەتان بەڵكو لە ریزەكانی سەرەوەشتان لە خشتە دەبات، خۆتان دەزان كە چۆن ژێر بەژێر زۆرێكتان رۆح و ویژدانی خۆتان بەو شەیتانە فرۆشتووە لەبەرامبەر دەستكەوتی مادی و دنیایدا. خۆشتان دەزانن كە ئەو مژدەی بەهەشتەی ئێوەی بە ناو رەحمان بە شوێنكەوتووانی خۆتانتان داوەو، بەشێكیش لە خۆشتان پێدەچێت شەریكی شەیتان بن، وادەكات شوێنكەوتووەكانتان وردە وردە لەو پەیمانەی دابوویان پاشگەز ببنەوەو ئەوەش وابكات سەنگەری شەیتان گەورەترو فراوانترو بەهێزتر ببێت، كە ئەوەش هاوسەنگی ئەم گەردوونە تێكدەدات و یەك هێز باڵادەست دەبێت كە ئەویش لە روانینەكەی ئێوەوە هێزی شەیتانە. ئایا ئێوە دەتوانن پێشبینی ئەوە بكەن كاتێ ئەوەی ئێوە بە شەیتانی دەزانن لەسەر زەمینەی واقیع بەتەواوی باڵادەست بێت چی دەكات وچارەنووسی ئێوەش چی لێدێت؟

كەواتە باشتر وایە ئەم هەڵوێستەتان بگۆڕن و رێگایەكی تر بگرنەبەر چونكە ئەوەی لەسەر زەمینەی واقیع دیارە ئەوەیە كە هەڵوێستی بە شەیتانكردنی پارتی، پارتی لەوەی كە هەبووە بەهێز تر كردووەو ئێوەشی لەوەی كە هەبوون لاوازترو بێهێزتر كردووە. ئایا بەراستی خەڵك حەزی لە شەیتانپەرستیە یان تێڕوانینەكەی ئێوە لە جێی خۆیدا نیە. بێگومان هێشتا تارمایی دوو پیاوی گەورە ماوە كە لەبەرامبەر ئەو شەیتانەدا ئامادەییان هەیە كە ئەویش تارمایی مام جەلال و كاك نەوشیروانە. بێگومان لە مردنی ئەو دوو پیاوەدا لاوازییەكانتان دەگاتە ئاستێك كە رەنگە هیچ بوارێكتان بۆ نەمێنێتەوە بۆ دایەلۆك كردن لەگەڵ ئەوەی بە شەیتانی دەزانن، بۆیە باشتر وایە تا ئەوان ماون فریا بكەون و لە خاڵێكی ترەوە دەست پێبكەن كە خاڵی سەیركردنی پارتیە وەكو حیزب وەكو مرۆڤ نەك وەكو شەیتان و پیاوی ئەم و ئەو چونكە ئەوە هیچتان بۆ بەرهەم ناهێنێت. ئەم جۆرە هەڵوێستە بوو كە پارتی كردە حیزبی یەكەم و ئێوەش نەك بە تەنیا  بەڵكو بە هەمووشتان ناتوانن قورسیتان لەسەری هەبێت و ئەوەتا هەر گوێیشتان لێناگرێت. ئێستا هیچ هاوسەنگیەك لە نێوان ئێوەی رەحمان و ئەوی شەیتاندا نیە،  هەرئەوەشە وایكردووە كە ئەو شەیتانە زۆر بێباكانەو زۆر بە هێمنانە دەجوڵێت و خۆیشی دەزانێت كە هەم رووداوەكان بۆ كوێ دەچن، هەم چۆن بەپێدانی بەرژەوەندی رۆحی بەشێكی باشتانی كڕیووەو پێدەچێت ترسی لێـتان نەمابێت. بۆیە باشتر وایە ئەو تێڕوانینەتان بگۆڕن و پارتی لە پێگەی شەیتانەوە بگوازنەوە بۆ پێگەی حیزب و مرۆڤ بۆ ئەوەی زەمینەی دایەلۆگ لە نێوانتاندا پێكبێت، چونكە لە پێش پارتیەوە ئەوە بە قازانجی خۆتانە. ئەمانەی من دەیڵێم راستی تفت و تاڵن. من پێشی نزیكەی چارەكە سەدەیەك و لەسەروبەندی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان یەكێتی و پارتیدا كە یەكێتی لە ئەوپەڕی هێزیدا بوو ئەمانەم بە یەكێتی گووت بەڵام ئەوان گاڵتەیان بە عەقڵم دەهات. بەداخەوە پێدەچێت چاوی ئاسایی ئێوە توانای بینینی ئەوەی نەبێت لەسەر زەمینەی واقیع هەیە و بەرژەوەندی لە مەلەكردن لە ئاوی لێڵیشدا بەربەست بێت لەبەردەم كاركردنی عەقڵدا بۆ لێكدانەوەو هەڵسەنگاندن، چونكە پَدەچێت ئێوە بەو خەیاڵە بژین ئەو شەیتانەی بەرامبەرتان زۆر لاوازەو دەشێ بڕوخێت، بەڵام هەم ئاماژە ناوخۆییەكانی ناو كوردستان و هەم ئاماژەكانی ناو عێراق و دەوروبەرو نێوەندی سیاسەتی جیهانیش پێچەوانەی خەون و خەیاڵەكەی ئیۆە نیشان دەدات. بۆیە باشتر وایە خۆتان لەو خەیاڵ و وەهمە فریودەرە رزگاربكەن كە ئێوە رەحمانن و هەڵگری پرۆژەی خێرو بەختەوەری و بەهەشتن بۆ خەڵك چونكە درەنگ یان زوو جەماوەرو خۆشتان دەگەنە ئەو حەقیقەتەی كە بەم رێگایە ناگانە ئەنجامێك كە هەم بۆ خۆتان وەكو حیزب و بۆ میللەتەكەشتان سووبەخش بێت.  

 

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP