كه‌س نیه‌ ئامۆژگارى شیعه‌ى عیراق بكات

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 7-01-2020 - 3509 جار خوێندراوەتەوە

1
شیعه‌كان به‌ ته‌نیان:
ره‌نگه‌ حه‌سه‌ن عه‌له‌وى كه‌ لێكۆڵه‌رێكى شیعه‌یه‌ ، له‌ هه‌مووان باشتر ئاگادارى ئه‌وه‌ بێت بۆ شیعه‌ له‌ عیراق قه‌ت نابن به‌ هیچ،ئێستا دواى 17 ساڵ له‌ حوكمڕانى به‌غدا دیسان به‌ هه‌مان بارو دۆخى بیسته‌كانى سه‌ده‌ى به‌رێدا  تێده‌په‌ڕن و ناتوانن وڵات به‌ڕێوه‌ به‌رن ئێستا بارو دۆخى شیعه‌ له‌و په‌ڕى خراپیدایه‌و نازانێت چۆن خۆى له‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه‌ ده‌ربكات ، هه‌ڵبه‌ت نه‌خۆیان ئامۆژگارى كارى باشیان تیایه‌ نه‌كه‌سیش هه‌یه‌ ئامۆژگاریان بكات ، كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى ئه‌وان ده‌ینه‌ن گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌رده‌مێك سونه‌ ده‌بێته‌ وه‌  حاكمى عیراق و دوور نیه‌ حكومه‌تێكى سه‌ربازى دروست بكرێت و به‌ ته‌واوه‌تى ئه‌وان سه‌ركوت بكات .
سوپاى ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌ر داواى شیعه‌ نه‌هاتوه‌ بۆ عیراق تا له‌ سه‌ر داواى ئه‌وان بڕوات ، سوپاى ئه‌مه‌ریكا ئه‌و سوپایه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا سه‌دامى روخاند و ئۆپۆزسیۆنى له‌ زۆرێك له‌ ئوتێله‌كانى دنیاوه‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ به‌غداو شیعه‌ى كرد به‌و شیعه‌یه‌ى ئێستا ، ئه‌مه‌ نه‌شیعه‌ خۆى كردوویه‌تى ، نه‌ئێران ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا نه‌بوایه‌ به‌شێكى زۆر له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى شیعه‌ ئێستاش له‌ قوم و مه‌شهه‌دو تاران و تاراوگه‌ ده‌بوون ، ئه‌مه‌ریكا چۆن هێناونى ، ده‌توانێت ئاواش بیانگێڕێته‌وه‌ ، بۆیه‌ ئه‌و دیارده‌ ده‌نگیه‌ى ئێستاى نێو شه‌قامى شیعه‌ ئه‌مه‌ریكا هیچ بایه‌خێكى ئه‌وتۆى پێنادات .
شیعه‌كانى عیراق له‌ هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌من .
2
دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌ركى قورسه‌ 
ئه‌و كه‌سه‌ى له‌ ئێستادا زۆر ترین ئه‌ركى له‌ ئه‌ستۆیه‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵحه‌ ، من پێشتریش وتومه‌ ئه‌و یاریزانێكى باشى نێو كایه‌ى سیاسه‌ته‌ ، هه‌ندێك ئه‌مه‌یان به‌ لایه‌نگرى و شتى دیكه‌ لێكداوه‌ته‌وه‌ ، نه‌ك فاكت ، به‌رهه‌م ساڵح له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر بۆنى ئه‌و دووكه‌ڵى ئاگره‌ ده‌كات كه‌ هێشتا دانه‌گیرساوه‌ ، بۆیه‌ ئه‌ركه‌ قورسه‌كه‌ى ئه‌و رێگرى كردنه‌ له‌ پێبوونى ئاگره‌كه‌ ، ئه‌مه‌ش ئاسان نیه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رهه‌م ساڵح رۆڵێكى بوێرانه‌ ده‌بینێت ، زمانزانى و سیاسه‌ته‌ پڕ گه‌مه‌ بازیه‌كانى ده‌كرێت ببنه‌ هۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكاو ئێراندا رۆڵێكى تر بگێڕێت .
دیاره‌ كاتى ئه‌وه‌ش هاتووه‌ شیعه‌كان بانگ بكات و روون ڕاشكاو پێیان بڵێت ئێوه‌ كه‌شتیه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كى هه‌ڵه‌دا ده‌به‌ن ، عه‌قڵى شیعه‌ ناكرێت لاى حه‌سه‌ن پلایس و ئه‌و حه‌شدانه‌ بێت كه‌ لایان وایه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ هۆسه‌ى ئه‌وان ده‌ڕوخێت ، به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێت ئه‌و مه‌ترسیانه‌یان به‌ ته‌واوه‌تى بخاته‌ به‌رده‌ست و كارێك بكات كه‌ ڕووى كه‌شتیه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌ درووسته‌كه‌دا وه‌رچه‌رخێنن.
ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ به‌ غدا له‌ شیعه‌ بسه‌نرێته‌وه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵات ، هه‌زار ساڵى تر نابنه‌وه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌ته‌ نه‌ك فاڵ و شتى تر ، ئه‌و بارو دۆخه‌ى ئێستا هه‌یه‌ ، به‌ كوشتنى قاسمى سلێمانى و مه‌هدى موهه‌ندیسیشه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ى شیعه‌ تێیدا به‌ر پرسیارن ، ئه‌وه‌نده‌ گوناهى كه‌سى تر نیه‌ ، شیعه‌ به‌ هه‌ندێ ره‌وتار  تره‌مپیان بۆ ئه‌و كاره‌ راكێشا ، كه‌ ئێستا نازانرێ چۆن قه‌ره‌بووبكرێته‌وه‌ !!.
دكتۆر به‌رهه‌م ئێستا نوێنه‌رایه‌تى هاوبه‌شى عیراقیه‌كان ده‌كات به‌ شێوه‌ ئه‌فه‌ندیه‌ مۆدێرنه‌كه‌ى ، چى بۆ ده‌كرێ ئه‌وه‌یان وه‌ڵامه‌كه‌ى له‌ سبه‌یدایه‌ ، نه‌ك ئه‌مڕۆ .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP