نه‌ورۆز و عه‌قڵیه‌تی‌ ئاینی‌ ته‌قلیدی‌ كوردی

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 28-03-2017 - 2907 جار خوێندراوەتەوە

هه‌ر له‌گه‌ڵ‌ هاتنه‌وه‌ی‌ یاده‌كانی‌ نه‌ورۆز و سه‌ری‌ ساڵ‌ و یه‌كه‌م رۆژی‌ به‌هار، هه‌موو ساڵێك له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك مامۆستای‌ ئاینی‌ و بانگخواز و سه‌ركرده‌ی‌ ئیسلامی‌، ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ جوڵاندنی‌ كۆمه‌ڵه‌ پرسیارێك، ئایا دروسته‌ به‌ نه‌ورۆز بڵێین جه‌ژن؟ ئایا دروسته‌ به‌شداری‌ یاده‌كانی‌ نه‌ورۆز بكه‌ین؟ ئایا كردنه‌وه‌ی‌ ئاگر جائیزه‌ یان جائیز نیه‌؟

 به‌م پرسیارانه‌و چه‌ندان پرسیاری‌ تر ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ دروستكردنی‌ گومان و دڵه‌راوكێ‌ بۆ زۆرینه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان كه‌ زۆرینه‌یان مسوڵمانن، به‌مه‌ش به‌شێك له‌وان دوودڵ‌ ده‌بن له‌ به‌شداری‌ كردن له‌ سه‌یران و خۆشیه‌كانی‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆز، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌وانه‌ی‌ كه‌ باسمانكردن فه‌توای‌ حه‌رام بوون ده‌ده‌ن و به‌بێ‌ بوونی‌ هیچ زانستێك و بێ‌ شاره‌زایی‌ له‌ راستی‌ و دروستی‌ رووه‌ مێژووه‌ییه‌كه‌ی‌، یان ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ كه‌ ئێستا گه‌لی‌ كوردستان تێیدا ده‌ژی‌. 

به‌شێكی‌ زۆر له‌ ئه‌و ئیسلامی‌ و بانگخواز و زانا ئاینیانه‌ ده‌مانبه‌نه‌وه‌ بۆ مێژوو چاخه‌ كۆنه‌كان و سه‌رده‌می‌ ساسانی‌ و فارسه‌كان و چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ئاگر و نه‌ورۆز و ئه‌وانیش راسته‌وخۆ فه‌توای‌ هه‌ندێك زاناو فه‌قیهی‌ ئیسلامی‌ راسته‌وخۆ ده‌گوازنه‌وه‌ و هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان بۆچوونی‌ ئه‌وان له‌ ئێستاشدا ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌ فه‌توا بۆ ئه‌م كاته‌. 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زانایانی‌ ئوسوڵ‌ ده‌ڵێن "الفتوی‌ یتغیر حسب الزمان والمكان" ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ئه‌و نه‌ورۆزه‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌، نه‌ورۆزی‌ سه‌رده‌مه‌ كۆنه‌كان نیه‌و ئه‌و ئاگره‌ش كه‌ ئه‌وسا ده‌كرایه‌وه‌ ئێستا بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ ناكرێته‌وه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و مامۆستا ئاینی‌ و ئیسلامی‌ و بانگخوازانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا له‌سه‌ر ئه‌م بۆنه‌یه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و راستیه‌یان بزانیایه‌ كه‌ نه‌ورۆز وه‌ك به‌شێك له‌ كولتور وایه‌و هه‌موو گه‌ل به‌ هه‌موو ئاین و مه‌زهه‌به‌كانیه‌وه‌ وه‌ك بۆنه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ونیشتمانی‌ سه‌یری‌ ده‌كه‌ن، لێره‌دا ئه‌م یاده‌ نه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئاین نه‌ بۆ په‌رستنه‌، ئاگر كردنه‌وه‌كه‌ش ته‌نها وه‌ك ره‌مز به‌كارده‌هێنرێت و ته‌نها بۆ ده‌ربڕینی‌ خۆشی‌ و شادیه‌ وئه‌وانه‌ش كه‌ یاده‌كه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكه‌ مسوڵمانه‌ كورده‌كه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یریش بكه‌ین له‌وكاته‌وه‌ كه‌ گه‌لی‌ كورد موسڵمان بوه‌ پاش هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ‌ زیاتره‌ له‌ پاش مسوڵمان بونیش له‌ ئه‌م یادانه‌ دانه‌بڕاوه‌، له‌كاتێكدا به‌ درێژایی‌ ئه‌و مێژووه‌ كورد خاوه‌نی‌ زانای‌ گه‌وره‌ی‌ ئاینی‌ بووه‌ ،كه‌ به‌شداریه‌كی‌ گه‌وره‌شیان له‌ شارستانیه‌تی‌ ئیسلامیدا هه‌بووه‌ وه‌ك دینه‌وه‌ری‌ و ئیبن خه‌له‌كان و ده‌یان زاناو عاریفی‌ هه‌ڵكه‌وتووی‌ تر ،له‌م دواییه‌شدا ده‌یان زانای‌ وه‌ك شێخ محمدی‌ خاڵ‌ و مامۆستا عبدالكریمی‌ مدرس و شاعیری‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك مه‌حوی‌ و نالی‌ و .. هتد بووه‌، به‌ڵام هیچ كام له‌وانه‌ دژایه‌تی‌ نه‌ورۆزیان نه‌كردووه‌ و ساڵانه‌ پیره‌مێردی‌ شاعیر بۆخۆی‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ی‌ سازكردووه‌و له‌ مامه‌یاره‌ ئاگری‌ كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زۆربه‌ی‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌ پیاوه‌ دینداره‌كانی‌ سلێمانی‌ و كوردستان به‌شداریان له‌م یاده‌دا كردووه‌، شایه‌نی‌ باسه‌ هه‌موو ئه‌و عاریف و زانا و پیاوه‌ ئاینیانه‌، به‌ دینداری‌ و خواناسی‌ و عیرفان به‌ناوبانگ بوون، كه‌واته‌ لێره‌وه‌ ئێمه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی‌ كه‌ پێش سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌م بیركردنه‌وانه‌ی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ و سه‌له‌فی‌ و .. هتد كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ گرفتێكی‌ نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ نه‌ورۆز و به‌هار و یاده‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئه‌و جۆره‌ دینداریه‌ لێبورده‌ كراوه‌یه‌ ،بوه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان پارێزگاری‌ له‌ شوناسی‌ ئاینداری‌ و نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و هه‌موو بۆنه‌ كولتوریه‌كان بكه‌ن و هیچ گرفتێكیشیان نه‌بووه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌. 

ئه‌وه‌ی‌ لێره‌وه‌ گرنگه‌ باسی‌ بكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ساڵانه‌ خۆ سه‌رقاڵكردنی‌ ئه‌وانه‌ به‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر نه‌ورۆز و یاده‌كانی‌ سه‌ری‌ ساڵ‌ و حه‌رامكردنی‌ ئه‌و یادانه‌ ،له‌لایه‌ك تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ جه‌وهه‌ری‌ ئیسلام ،له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هێنانی‌ كۆمه‌ڵه‌ بۆچوونێكی‌ سه‌له‌فی‌ عه‌ره‌بی‌ وبیابانیه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌خۆیان بزانن ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ دروستكردنی‌ فه‌وزایه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگای‌ كوردیدا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رووه‌ مێژووییه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌یر بكه‌ین، به‌شێكی‌ زۆر فه‌توای‌ زانا و فه‌قیهه‌كان له‌ مێژووی‌ ئیسلامدا دژ به‌ نه‌ورۆز باكگراوندێكی‌ شۆفینیه‌تی‌ عه‌ره‌بیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ تر به‌تایبه‌تیش فارس، چونكه‌ ناكۆكی‌ ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ مێژوویه‌كی‌ دورودرێژی‌ هه‌یه‌ و  پاش ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌ر دوولایان مسوڵمان ده‌بن ململانێكان ده‌گوازنه‌وه‌و بۆناو ئیسلام و شه‌ڕ و ناكۆكیه‌كان به‌ناوی‌ دینه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌سایه‌تیه‌ ئاینیه‌كانی‌ كوردستان ده‌بێت زۆر هۆشیار بن و راسته‌وخۆ فه‌تواكانی‌ ناو مێژوو نه‌گوازنه‌وه‌و ئه‌م فه‌توایانه‌ش گشتگیر نه‌كه‌ن به‌ناوی‌ ئیسلامه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ بكه‌ن به‌ له‌جیاتی‌ دانان شه‌ڕی‌ ره‌گه‌ز په‌ستی‌  و نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ تر به‌ كورد ده‌كه‌ن ،بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ كورد هیچ ده‌ستكه‌وتێكی‌ هه‌بێت.

ده‌بوایه‌ ئه‌و ئیسلامی‌ و مامۆستا ئاینی‌ و بانگخوازانه‌ی‌ كه‌ له‌ جیاتی‌ فه‌توادان دژ به‌ ئه‌و رۆژه‌ و حه‌رامكردنی‌ یاده‌كان و ئاگر كردنه‌وه‌، به‌جۆرێكی‌ تر بیریان بكردایه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ك خزمه‌ت به‌ جه‌وهه‌ری‌ ئیسلام بكات كه‌ ئیسلام ئاینێكه‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆشی‌ و شادی‌ و جه‌ژن و ئارامی‌ ده‌روونی‌ مرۆڤ و سه‌ردانی‌ یه‌كتر و كۆتایی‌ هێنان به‌ ناخۆشی‌ و ساردی‌ و خه‌م و خه‌فه‌ت و ناخۆشیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش له‌ رۆژی‌ نه‌ورۆزدا هاوڵاتیان به‌وكاره‌ ئیجابیانه‌ هه‌ڵده‌ستن كه‌واته‌ به‌و سه‌یران و گه‌شت و خۆشیانه‌ ته‌عبیر له‌ دیدێكی‌ ئیجابی‌ باشی‌ ئاینه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و پێویسته‌ گه‌شه‌ به‌ ئه‌م لایه‌نه‌ بدرێت و زیاتر هاوكاربین بۆ خۆشكردنی‌ ده‌رونی‌ مرۆڤ، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئه‌م یاده‌ كه‌ سه‌ره‌تای‌ به‌هار و زیندوبوونه‌وه‌ی‌ سروشت و چیاو كانیاوو سه‌وزبوونی‌ زه‌ویه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌، كه‌واته‌ ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌م یاده‌ بكه‌ینه‌ هۆكاری‌ ئاوێته‌بوونی‌ سروشت و مرۆڤ كه‌ هه‌ردووكیان به‌دیهاتووی‌ ده‌ستی‌ په‌روه‌ردگارن.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ رابه‌رانی‌ ئاینی‌ مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی‌ تر به‌ شیعه‌ و سوننه‌ و هه‌موو مه‌زهه‌به‌كانی‌ تر، هه‌موویان له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان ئاینه‌كه‌ بۆ خزمه‌ت به‌ شوناسی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانی‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ ئینتیمای‌ گه‌نجان به‌كار بهێنن بۆ ئه‌و شارستانیه‌ت و كولتور و مێژووه‌ی‌ كه‌ هه‌یانه‌ ،به‌مه‌ش خزمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ به‌ به‌هێزكردنی‌ پێگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ته‌كانیان ده‌كه‌ن له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌هێزكردنی‌ بیری‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌ و ئیسلامی‌ و بانگخوازه‌كانی‌ كوردیش، پێویسته‌ له‌م بۆنانه‌دا به‌هه‌مان ئاراسته‌ كار بكه‌ن و له‌ یادێكی‌ وه‌ك نه‌ورۆزیشدا هه‌مان بۆچونیان هه‌بێت و ئه‌م یاده‌ بكه‌نه‌ خاڵی‌ ده‌ستپێكردنی‌ گوتارێكی‌ نوێ‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ فیكری‌ ئیسلامی‌ بكه‌ن له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی‌ تریش ئیسلام وه‌ك پاشخانێكی‌ ئیجابی‌ به‌كار بهێنن له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ و به‌هێز كردنی‌ شوناسی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانی كه‌ هه‌مووی‌ خزمه‌ته‌ به‌و گه‌له‌ی‌ كه‌ زیاتر له‌ 90%ی‌ مسوڵمانه‌.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP