بەپەلە

ساتژمێر و حەقیقەت

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 1-01-2020 - 1585 جار خوێندراوەتەوە

شۆڕش خالید ئاژگەیی

ھەروەک جاران ساڵێکی تەواو لە چاوەڕوانی ساڵی نوێدابووین.

ساڵێكیتری پڕ لە رووداوو ھەورازو نشێوو ھەڵبەزو دابەز خرایە سەر خەرمانەی تەمەنمانەوە.

ساڵێکی تری تێپەڕی پڕلە ساتەوەختی خۆش و ناخۆش و وانەو ئەزمون و پەندو ئامۆژگاری، بێ ویستی خۆمان و بێ ئەوەی لەناویدا بتوێینەوەو ببین بە بەشێک لە ماھیەتی بوونیەوە، بەسەرماندا تێپەری، ساڵێکیتر بوو بە بەشێک لە بیرەوەریەکانمان.

لەو ساڵەی تێپەڕی،  گوڵە گەنمەکان بازرگانیان بە گوڵەکانی ترەوە کرد، دڵسۆزی و راستگۆیی و حەقبێژی، لە نێو گۆمی مەنگی ئاوە گەنیوەکەی  ئەوبەر شار خنکان...شەرم نەما...حەیا تکا...رو شکا.

باوکە ھەژارەکان دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان لە پۆستی داسەپاوی باوکایەتی راگەیاند...دایکە شەھیدێکی زامدار ی ئەنفال لەوپەڕی تەنیایی و بێدەرەتانیدا، لە گۆشەیەکی تاریک وساردوسری ژووری کەلاوە قورینە بێ ئاووکارەباکەیدا سەری نایەوەو لە گۆرستانی بێ کەسیدا نێژرا...منداڵێك لەبەر روناکی لامپاو فانۆسەکەیدا کتێبی ئەزمونی ژیان و مێژووی ئینسان بوون و کوردبوونی تا دوالاپەڕە خوێندەوە...بەڵام ھیچی دەست نەکەوت و ھیچی لێوە فێر نەبوو.

ساڵی رۆیشت، مەغریفەو زانست، ھۆشیاری و ئاگایی، برایەتی، ھاورێیەتی راستەقینە، خزمایەتی و ھاوخوێنی و دۆستایەتی لە جاران کاڵتر بوونەوەو دەسکەوتە مادیەکان تۆختر و بە تەوژمتر لە جاران خزانە نێو رووبەری شێواوی زھنیەتی مرۆڤەکانەوە.

ئەوساڵەی تێپەڕی دونیاو دۆخی شۆڕشگێڕانی جاران دیسان لەرووی شکڵی و رواڵەتەوەگۆڕانکاری بەسەرداھات و چەمکی کوردایەتی راستەقینە  و قوربانیدان و راستگۆیی،  ئاراستە و ماھیەتێکی تری وەرگرت و کەوتە دۆخێکی ترەوە...حزب و ئینتیمای سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە جیاتی ئامراز, بوون بە شوناس، ستراتیژی بوو بە ئامانج،  ناوچەگەرێتی و شارچێتی بوون بە پێناس و سەرمایەداری بوو بە ئایدیۆلۆژیا، بێباکی بوو بە نەریت و دەسپاکیش بوو بە گریمانە و حەقیقەتە شاراوەکانیش ھەر بە شاراوەی مانەوە.

ئالبێرت ئەنیشتاین  پەیوەست بە حەقیقەت دەڵێ:
" حەقیقەت نانووسرێتەوە...حەقیقەت ئەو شتەیە  بەردەوام بە مەبەست و ئەنقەستەوە ھەوڵ بۆ داپۆشین و شاردنەوەی دەدرێت..."

ئانتوان چێخۆفی نووسەروپزیشک دەڵێ:
" خەتەرناکترین و پڕ مەترسیترینی مرۆڤەکان ئەوانەن، ئاستی تێگەیشتنیان یەکجارلە خوارەوەیەو بیروبروای (چەوتیان) بەھێزە"

نەوتراوەکان دەکرێ بوترێن و بورووژێنرێن، بەڵام ئەستەمە شتە وتراوەکان و نھێنیە درکێنراوەکان بۆ شوێنی خۆیان بگەرێندرێنەوەو بخرێنەوە دۆخی دەست لێنەدراوی و باری نھێنی و سرووشتیەوە.

چ گۆزە بە بەرددا بکێشی و چ بەرد بە گۆزەدا بکێشی، دواجار شکان و لەناوچوون ھەر بۆ گۆزەیە.

بەھیوای ساڵێکی جیاوازو دۆخێکی باشتر و ئاسوودەتر بۆ ھەموو لایەک.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP