هەواڵی ئەمڕۆ

دواپه‌یامه‌كانی ساڵی به‌رێ‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 31-12-2019 - 3432 جار خوێندراوەتەوە

1
دوا په‌یامی ئه‌مه‌ریكا بۆ شیعه‌
 
لێدانی باره‌گاكانی حیزبوڵڵا له‌ كۆتارۆژه‌كانی 2019 په‌یامێكی روونه‌ بۆ شیعه‌ی عیراق و باڵه‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی عیراقی كه‌ له‌ ئێران دوور كه‌ونه‌وه‌، په‌یامه‌كه‌ هیچ پێچ و په‌نای تیانیه‌و له‌ سه‌ر بنه‌مای كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریشه‌ ، به‌و زانیاریانه‌شه‌وه‌ كه‌ باس له‌ گوازتنه‌وه‌ی چه‌كه‌ قورسه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن بۆ عیراق.

حه‌شدی شه‌عبی له‌ عیراق هه‌ر دژی ئه‌مه‌ریكا نین، دژی هه‌موو هێزه‌كانی دیكه‌ن كه‌ له‌ سه‌ر خاكی عیراقن، دژی سونه‌ی عه‌ره‌ب و كوردیشن، ئه‌مه‌شیان نه‌شاردوه‌ته‌وه‌، یان لانی كه‌م زۆربه‌یان وان، به‌شێك له‌و گروپانه‌ش هه‌میشه‌ رێگری به‌رده‌م گۆڕانكاری ته‌واون، ئه‌مه‌ریكاش نایه‌وێت هه‌رواسوك و ئاسان عیراقیان بۆ به‌ جێبهێڵێت، بۆیه‌ ئه‌م په‌یامه‌ هه‌ر په‌یامی دواساته‌كانی 2019 نیه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی ئاینده‌دا ناكرێت مه‌له‌كه‌ مه‌لێكی ماقوڵ نه‌بێت.

حه‌شدو شیعه‌ هه‌رشتێ‌ بكه‌ن سه‌ری تێئه‌نه‌ن ئه‌گه‌ر ئاگادار نه‌بن.

2
دوا په‌یامی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كوردی 


داتایه‌كم بینی كه‌ له‌ فڕگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ دزه‌ی كردبوو چه‌ند راسته‌و چه‌ند وانیه‌ ئه‌وه‌یان شتێكی تره‌، به‌ڵام 11 رۆژی خشت پشوی سه‌ری ساڵ، به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت ئه‌و داتایه‌ راسته‌و درۆنیه‌، یانی لانی كه‌م زۆر له‌ راستیه‌وه‌ نزیكه‌، به‌ پێی ئه‌و داتایه‌ 130 پارله‌مانتار، وه‌زیر، راوێژكار، بریكاری وه‌زیر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌پرسی وڵات، هه‌ی فڕیان كردووه‌ بۆ ئه‌وروپاو توركیاو لوبنان و شوێنگه‌لی دیكه‌.

به‌ پێی داتاكه‌ 58 پارله‌مانتار له‌ سه‌فه‌رن، 30 وه‌زیرو بریكارو راوێژكار  چوونه‌بۆ ئه‌وروپا، چوار وه‌زیر له‌ لوبنانن، سێ‌ راوێژكار له‌ توركیان و ئیتر به‌و جۆره‌ ریزیان لێبه‌ستوه‌، ئه‌وانه‌ به‌پرس و ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمێكن ، كه‌ تا ئێستا ده‌یان موچه‌ی خانه‌نشین و فه‌رمانبه‌ر قه‌رزاره‌و دانه‌وه‌شی بووه‌ به‌ مه‌لی عه‌نقا.


3
دواپه‌یامی  گشت لایه‌ بۆ ئه‌ردۆغان 

دروست بوونی حزبه‌كه‌ی داود ئۆغڵو، هه‌ڵوه‌رینی ئاكه‌په‌و ده‌ست وه‌ردانی ئه‌ردۆغان له‌ لیبیاو سوریاو شوێنه‌كانی تر و، توڕه‌ بوونی ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا له‌ ئه‌ردۆغان، ئه‌وه‌ش په‌یامێكی روونی تیایه‌ بۆ ئه‌ردۆغان ، كه‌ ده‌شێت ئه‌م ساڵی دادێ‌ بۆ خۆی و حزبه‌كه‌ی ساڵێكی باش نه‌بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ هه‌ر بۆچوونه‌و مه‌رج نیه‌ وا بێت چونكه‌ هه‌موو جار له‌ دوا چركه‌ی یاریه‌كه‌دا ئه‌ردۆغان له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌یكات په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش سیاسه‌تێكی كۆنی ئێران و توركیایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP