له‌ كۆشكی سه‌لام چی روده‌دات؟

ئومێد قەرەداخی - 26-12-2019 - 14826 جار خوێندراوەتەوە

له‌ ئێستادا كۆشكی سه‌لام  بۆته‌ ناوه‌ندی هه‌ره‌گرنگی بریاری سیاسی ، له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا  گه‌رمترین و جدیترین گفتوگۆ سیاسیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ئایینده‌ی عێراق و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن و به‌ هه‌ندوه‌رگرتنی  خواستی خۆپیشاندانه‌كان له‌ كۆشكی سه‌لامدا به‌رێوه‌ چوه‌ ، ئه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌ كورده‌ی كۆشكی سه‌لام ئه‌یكات  به‌رجه‌سته‌كردنی ئیراده‌یه‌كی نیشتیمانی یه‌ له‌ پێناو به‌دیهێنانی چاكسازی و دادپه‌روه‌ری، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی راست و دروستی هێزه‌ هه‌ژموونگه‌ركان و خۆسه‌پێنه‌كانه‌ له‌ پێناو به‌رگری له‌ خواستی شه‌قامی عێراقی و دروستكردنی سیستمێكی حوكمرانی باشتر و دادپه‌روه‌رتر، له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا سه‌رۆك كۆمار له‌ ژێر فشاری توندی هه‌ندیك لایه‌نی ئیقلیمی و و ژماره‌یه‌ك لایه‌نی ناوخۆییدایه‌، ئامانجی ئه‌م فشارانه‌ ناچاركردنی سه‌رۆك كۆمار بوو  بۆ قبوڵكردنی یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانی كوتله‌ی بینا،  كه‌ سه‌ره‌تا قوسه‌ی سوهه‌یل و دواتریش ئه‌سعه‌د ئه‌لعێدانی بوو، ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌ به‌ ته‌واوی له‌لایه‌ن شه‌قامی عیراقی و  جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ری عیراقییه‌وه‌ ره‌ت ده‌كرێنه‌وه‌، به‌شیك نین له‌ خواستی خه‌ڵك و له‌گه‌ڵ ناوهێنانیان وه‌ك بژارده‌یه‌ك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران به‌ چه‌ندین شێوه‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ره‌تكرانه‌وه‌.

دوای زۆربوونی فشاره‌كان و ته‌واوبوونی  كاتی ده‌ستووری بۆ راسپاردنی كه‌سێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، فشاره‌كان زیاتری كرد و پرۆپاگه‌نده‌ی كارنه‌كردن به‌ ده‌ستوور بلاوكرایه‌وه‌، به‌لام سه‌رۆك كۆمار به‌رهه‌م ساڵح به‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هیز و وه‌ك به‌رپرسیارێتیه‌كی نیشتیمانی،  نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد ، له‌و نامه‌یه‌دا سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی هۆكاری ده‌ستنیشاننه‌كردنی ئه‌و دوو كاندیده‌كه‌ی كوتله‌ی بینای بۆ سه‌رۆكایه‌تی  ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رونكردۆته‌وه‌، ئاماده‌یی خۆیشی بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ راگه‌یاندوه‌ له‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی فشاره‌كان و هه‌وڵدان بۆ سه‌پاندنی كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی خواستی شه‌قام بۆ به‌پاكردنی چاكسازی، ئاماده‌یه‌ ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵویستیكی زۆر گه‌وره‌یه‌ و ئازایه‌تییه‌كی كه‌م وێنه‌یه‌، گوزارشت له‌ خه‌ونی راسته‌قینه‌ی سه‌رۆكیك ئه‌كات بۆ چاكسازی و به‌رپاكردنی عه‌داله‌ت، ناساندنی پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌ك هۆكاری پشتیوانی جه‌ماوه‌ر و خواستی ره‌وای هاوڵاتیان بۆ حوكمرانییه‌كی دادپه‌روه‌ر، ئه‌م هه‌ڵویسته‌ وه‌ڵامی پرۆپاگه‌نده‌ی ئه‌و ناحه‌زانه‌شی دایه‌وه‌ كه‌  پێیان وابوو  به‌رهه‌م ساڵح پێگه‌ و  پۆسته‌كه‌ی  له‌ هه‌موو شت به‌لاوه‌ گرنگتره‌، به‌ڵام به‌م هه‌ڵویسته‌ی نیشانیدا كه‌ پێگه‌ و پۆسته‌كه‌ی ئامرازی خزمه‌تكردن و به‌دیهێنانی چاكه‌ی گشتیه‌.

ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی به‌رهه‌م ساڵح  پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی له‌  شه‌قامی عێراقی و به‌شێكی به‌رفراوانی پارته‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ لێكراوه‌، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ساتی ئاراسته‌كردنی نامه‌كه‌ی بۆ  ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك  ئه‌لسائیرون و  ئه‌لحیكمه‌ و ئه‌لنه‌سر، پشتیوانی خۆیان بۆ سه‌رۆك كۆمار نیشانداو به‌ توندی دژی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌ستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی  خۆپیشانده‌ران و نوخبه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی عێراق به‌ چه‌ندین رێگا ئه‌م هه‌ڵویسته‌یان به‌ نموونه‌ی ئازایه‌تی و به‌رزی گیانی نیشتیمانپه‌روه‌ری  نیشاندا.

ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی   سه‌رۆك كۆمار  (وه‌ك به‌شێكی گرنگ له‌ تویت و پۆستی كه‌سایه‌تییه‌ عێراقیه‌كان ئاماژه‌یان پێكردوه‌ ) هه‌ڵویستێكه‌ بۆ مێژوو ئه‌مینێته‌وه‌ ، هه‌ڵویستێكه‌ له‌ عێراقی نوێدا نموونه‌ی پێكه‌وه‌گرێدانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌ به‌  خواستی  شه‌قام و خه‌ونی عه‌داله‌تخوازییه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی له‌ كۆشكی سه‌لام روو ئه‌دات، راستیه‌كی تری نیشاندایه‌وه‌، كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری  پۆستێكی ته‌شریفاتی نیه‌ وه‌ك هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌كرد، به‌ڵكو پۆستێكه‌  هه‌ندێكجار له‌ ناسكترین ساته‌وه‌ختی مێَژوویدا  ئه‌توانێت رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ چاره‌نوسی عێراقدا ببینیت و گه‌وره‌ترین كوتله‌كان كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ملیۆنه‌ها ده‌نگ ئه‌كه‌ن، چاوه‌ریی  بریاری  سه‌رۆك كۆمار ئه‌كه‌ن، وه‌ك چۆن ئێستا  تێكرای هێزو گروپه‌ سیاسیه‌كان، شه‌قام و مه‌رجه‌عیه‌ت، وڵاتانی هه‌رێمی، له‌ چاوه‌روانی بریاری سه‌رۆك كۆمارن بۆ دیاریكردنی  سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتو.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP