به‌ڵێ بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌هوشیار زێباری‌و ده‌ركردنی هه‌موو كورد له‌به‌غدا!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 28-08-2016 - 7521 جار خوێندراوەتەوە

عه‌تا قه‌ره‌داخی


هه‌ر متمانه‌سه‌ندنه‌وه‌ نا به‌ڵكو هیوادارم به‌رپرسانی كورد له‌به‌غدا به‌ر سزای‌ توندیش بكه‌ون له‌پای‌ خزمه‌تكردنی عێراقی عروبه‌.
ئاشكرایه‌ ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌به‌غدان پاره‌ی‌ مۆڵ به‌شه‌رعی‌‌و ناشه‌رعی وه‌رده‌گرن، به‌گشتی له‌پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان و حیزبه‌كانیاندا له‌وێن‌و له‌دوو رووه‌وه‌ هیچ سوودێكیان بۆ كوردو كوردستان نیه‌.
یه‌كه‌م له‌ڕووی‌ یاساییه‌وه‌ به‌هه‌موویانه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بچووكترین رۆڵیان هه‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنی بچوكترین خاڵ له‌ماده‌ی‌ 140.

به‌هه‌موویانه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ رۆڵیان هه‌بێت له‌وه‌ی‌ حكومه‌تی به‌غدا كه‌مترین ئیلتیزاماتی خۆی‌ به‌رامبه‌ر به‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان جێبه‌جێبكات.

به‌هه‌ر هۆو بیانوویه‌كیشه‌وه‌بێت ئه‌وه‌ زیاتر له‌دوو ساڵه‌ به‌غدا بودجه‌ی‌ خه‌ڵكی كوردستانی بڕیووه‌و به‌هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی‌ له‌به‌غدان له‌ئاغای‌ به‌ناو سه‌رۆك كۆمارو ئاغای‌ به‌ناو جێگری‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و ئاغای‌ وه‌زیری‌ دارایی‌و كۆی‌ ئاغاكانی تریشه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بایی ئه‌وه‌ قورسییان هه‌بێت كه‌ به‌غدا 100 هه‌زار دینارییه‌ك له‌موچه‌ی‌ خه‌ڵكی كوردستان بنێرێت، كه‌دیاره‌ به‌های‌ به‌ناو نوێنه‌رانی كورد ئێستا له‌به‌غدا بایی ئه‌و سه‌د هه‌زار دیناره‌ نابێت، ئیتر كه‌واته‌ سوودی‌ كورد چییه‌ له‌به‌غدا، ره‌نگه‌ هه‌ندێك ئه‌ندام په‌رله‌مان‌و خه‌ڵكی تریش بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان پاساو بهێننه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ڕۆژ له‌دوای‌ رۆژ كورد لای‌ به‌غدا سوكترو بێبه‌هاتر ده‌بێت، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانناكرێت بوونی ئه‌و هه‌موو كورده‌ له‌به‌غدا بچووكترین سوودی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانی بۆ كورد هه‌بێت. بۆیه‌ هیوادارم حكومه‌تی به‌غدا پیاوه‌تیه‌كی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ كورددا وه‌كو نه‌ته‌وه‌ بكات‌و سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا ده‌ربكات‌و به‌جۆرێكیش ته‌لاَقیان بدات ئاغای‌ سیستانی گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌و گه‌وره‌ موفتی سونه‌و هیچ مه‌لایه‌كی پایه‌به‌رزی‌ كوردیش بۆی‌ چاكنه‌كرێته‌وه‌و به‌شه‌رعی هه‌ندێك مه‌لای‌ ته‌ڵه‌كه‌بازیش ماره‌به‌جاشیش نه‌كرێنه‌وه‌.

به‌ڵێ هیوادارم به‌غدا ده‌رگای‌ خۆی‌ به‌ته‌واوه‌تی به‌ڕووی‌ كورددا دابخات له‌به‌ر دووهۆ:
یه‌كه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆی‌ ئه‌و به‌ناو نوێنه‌رانه‌ی‌ كورد ده‌ربكات‌و ئومێدیان به‌به‌غدا نه‌مێنێت.
دووه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ماره‌به‌جاشیش ئه‌و حیزب‌و كه‌سانه‌ وه‌رنه‌گرێت كه‌ به‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت گۆرانی به‌باڵای‌ به‌غدادا ده‌ڵێن‌و ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ زۆره‌ ئه‌زموونێكی تری‌ شێوه‌یه‌ك له‌جاشێتی له‌كوردستاندا رووبدات.

دیاره‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا به‌ته‌واوه‌تی كورد له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانه‌كه‌ی‌ ده‌ربكات‌و كورد ئومێدی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌مێنێت بچێته‌وه‌ ژێر سێبه‌ره‌ی‌ ئه‌و باوكه‌ جه‌لاده‌ یان ئه‌و مێرده‌ دڵڕه‌ق‌و توندوتیژه‌ی‌ كه‌هه‌ر رۆژه‌ی‌ به‌جۆرێك لاقه‌ی‌ ده‌كات، ره‌نگه‌ به‌ناچاری‌ بیرێك له‌خۆی‌ بكاته‌وه‌و ئه‌وه‌ش ناچاری‌ بكات بیرێك له‌ناوماڵی شێواوی‌ خۆی‌ بكاته‌وه‌و له‌ترسی له‌ناوچوون هه‌وڵی باشتركردنی ناوماڵه‌كه‌ی‌ بدات.
بۆیه‌ لێره‌وه‌ من ئاواته‌خوازم نه‌ك ته‌نیا متمانه‌ له‌هوشیار زێباری‌ بسه‌ندرێته‌وه‌، به‌ڵكو كۆی‌ به‌رپرس‌و نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا سواری‌ پشتی لۆری‌ بكرێن‌و له‌م دیووی‌ زنجیره‌ چیای‌ حه‌مرینه‌وه‌ هه‌ڵبڕێژرێن‌و نه‌هێلن پێبخه‌نه‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵكو به‌ناچاری‌ ده‌سته‌به‌رداری‌ به‌غدا ببن.

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP