كۆنگره‌ى یه‌كێتى له‌نێوان ئه‌زموونى دوێنێ و دیسكۆرسى سیاسی و فكرى ئه‌مڕۆدا

عبدلله‌ سه‌كرى - 16-12-2019 - 2835 جار خوێندراوەتەوە

یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان دواى كۆمه‌ڵێك جه‌ده‌ل و گفتووگۆو ڕاوێژ له‌نێو سه‌ر كردایه‌تى و كادره‌ باڵاكانیدا ، بڕیاریدا كۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى ببه‌ستێ.
كۆنگره‌ى چواره‌م بۆ یه‌كێتى، زه‌رووره‌تێكى مێژوویى و پێویستییه‌كى هه‌نووكه‌ییه‌، هه‌م بۆ سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ى سه‌ر كردایه‌تییه‌كى نوێ و نه‌وعى ، هه‌میش بۆ  داڕشتنه‌وه‌ى ستراتیجى سیاسى و پرۆگرامى حزبه‌كه‌

 

كۆنگره‌ى چواره‌م بۆ یه‌كێتى، زه‌رووره‌تێكى مێژوویى و پێویستییه‌كى هه‌نووكه‌ییه‌، هه‌م بۆ سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ى سه‌ر كردایه‌تییه‌كى نوێ و نه‌وعى ، هه‌میش بۆ  داڕشتنه‌وه‌ى ستراتیجى سیاسى و پرۆگرامى حزبه‌كه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كى نه‌خشه‌مه‌ندانه‌و عه‌قڵانى بۆ پێشهاته‌ سیاسیه‌ لۆكاڵى و ناوچه‌ییه‌كان ، چونكه‌ ئه‌مڕۆ شه‌پۆلێكى پڕله‌ گۆڕانكارى  له‌سه‌ر ئاستى ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تى له‌ ئارادایه‌و عێراقیش پشكى گه‌وره‌ى له‌م  گۆڕانكاریه‌ به‌رده‌كه‌وێت ، كه‌ هه‌ندێجار جڵه‌وى ئه‌م هه‌لچوون و داچوونه‌ به‌ده‌ست به‌ره‌یه‌كى ئانارشستییه‌وه‌یه‌و ، هه‌ندێ جاریش كۆمه‌ڵێك ڕه‌وت و كه‌سایه‌تى و ئاراسته‌ى چاكه‌خوازو  ڕیفۆرمیست ئومێدیان له‌سه‌ر ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تى  شه‌قامى عێراقى هه‌لچنیوه‌.
یه‌كێتى ده‌كرێ  له‌م كۆنگره‌یه‌دا،  خۆى بۆ دوو گۆڕانكارى  سازبدات 

 

یه‌كێتى ده‌كرێ  له‌م كۆنگره‌یه‌دا،  خۆى بۆ دوو گۆڕانكارى  سازبدات ، گۆڕانكارییه‌ك له‌ناو هه‌یكه‌لى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌ب و ئۆرگان و باقى دامه‌زراوه‌كانى ترى  ئه‌م حزبه‌و ، ئه‌مه‌ش به‌هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى كه‌سانى سیاسى و به‌تواناو عه‌قڵمه‌ند ده‌كرێ ، كه‌سانێك له‌ده‌ره‌وه‌ى خزم و عه‌تف و خاتر مه‌ندى  بن و  دڵسۆزبن بۆ خه‌ڵك و په‌رۆش بن  بۆ  ڕاستكردنه‌وه‌و به‌هێزبوونه‌وه‌ى حزبه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌و به‌شدارى راسته‌وخۆى كادرانى یه‌كێتى له‌ سیاسه‌تى گشتى یه‌كێتیدا  بۆ به‌هێزبوونى یه‌كێتى  هه‌م له‌ناو پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێم و عێراق و هه‌میش له‌سه‌ر ئاستى ڕۆهه‌لاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌.
ئاستى دووه‌مى گۆڕانكارى، خوێندنه‌وه‌یه‌كى نوێیه‌ بۆ بارودۆخ و پێشهاته‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى ناوچه‌كه‌

 

ئاستى دووه‌مى گۆڕانكارى، خوێندنه‌وه‌یه‌كى نوێیه‌ بۆ بارودۆخ و پێشهاته‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى ناوچه‌كه‌، كه‌ پێویست به‌وه‌ده‌كات یه‌كێتى   وه‌ك یه‌كێك له‌ حزبه‌ ناسیۆنال و دیاره‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌رێمى كوردستان، له‌هه‌مبه‌ر ڕووداوه‌كاندا گۆڕانكارى له‌ سیاسه‌ت و بیروبۆچوونه‌كانى بكات و خوێندنه‌وه‌یه‌كى بابه‌تیانه‌ى له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌بێت.

یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى مێژوویى و سیاسى گه‌وره‌ى له‌سه‌رشانه‌، كه‌ ده‌بێت جارێكى تر سیاسه‌تى گشتى خۆى، خوێندنه‌وه‌ى بۆ حكومڕانى و ئیداره‌دان، به‌شێوه‌یه‌ك   دابڕێژێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خواست و به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك یه‌كبگرێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌ ئومێدو هیواى جه‌ماوه‌رو كادرانى یه‌كێتیدا ڕه‌نگبداته‌وه‌.

ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ ڕستكردنه‌وه‌ى یه‌كێتى وه‌ك حزبێكى  كۆمه‌ڵایه‌تى و سه‌نگه‌رێكى به‌رگرى بۆ داكۆكیكردن له‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌ جیاجیاكانى خه‌ڵكى كوردستان، ده‌كرێ به‌ هه‌وڵى هه‌مووان و به‌ گرنگیدان به‌ ڕه‌خنه‌و بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنى كادره‌ پێشكه‌وتووه‌كانى  ئه‌م حزبه‌و به‌ پشتبه‌ستن به‌ مێژوو و باكگراوندى پڕ ته‌جروبه‌ى حزبه‌كه‌و چاككردنى كه‌موكوڕى و هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو، ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ تێپه‌ڕێنێ و  قۆناغێكى نوێى سیاسى ده‌ستپێبكات.
ده‌بێت ئه‌زموونى سیاسى یه‌كێتى، له‌سه‌ر ئه‌و هێله‌ فكرى و عه‌قڵانیه‌ بینابكرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى ئه‌م حزبه‌، به‌خه‌ڵك و دنیاى ده‌ره‌وه‌ى  ڕێكخستنه‌كانیه‌وه‌

 

ده‌بێت ئه‌زموونى سیاسى یه‌كێتى، له‌سه‌ر ئه‌و هێله‌ فكرى و عه‌قڵانیه‌ بینابكرێته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى ئه‌م حزبه‌، به‌خه‌ڵك و دنیاى ده‌ره‌وه‌ى  ڕێكخستنه‌كانیه‌وه‌، یه‌كێك بێت له‌ به‌هێژترین پره‌نسیپه‌ سیاسیه‌كانى ئه‌م حزبه‌،  ده‌كرێ یه‌كێتى دواى كۆنگره‌ى چواره‌م ، ئه‌و یه‌كێتیه‌بێت كه‌ ئاڵو گۆڕێك له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانى هه‌رێم دروستبكات و له‌ برى نابووتبوونى ئابوورى و نابه‌رپرسیارى له‌سیاسه‌تى ئیداره‌دان و سستى په‌یوه‌ندى خه‌ڵك و حزب و خراپى و تێكشكاوى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هاوڵاتیان و ده‌زگاكانى ئیداره‌دان، خۆشگوزه‌رانى و باشكردنى دۆخى ژیانى خه‌ڵك و گه‌شه‌پێدانى مه‌ده‌نى و مێنتاڵێتى جه‌ماوه‌رو  هه‌روه‌ها دنیا بینییه‌كى نوێى سیاسى بێنێته‌ ئاراوه‌، پشت به‌ستوو به‌ هه‌مان مێژووى  باكگراوندو ئیراده‌و ته‌جرووبه‌ى سه‌رده‌مى مام جه‌لال.

یه‌كێتى هه‌روه‌كو چۆن له‌ هه‌ناوى نائومێدى دواى نسكۆى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، وه‌كو زه‌روره‌تێكى حه‌تمى و مێژوویى هاته‌ مه‌یدان، ئه‌مڕۆش به‌ هه‌مان شێوه‌، وه‌ك پێویستییه‌كى گه‌وره‌ى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى، خوێندنه‌وه‌ بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌ى ئه‌م حزبه‌ ده‌كرێ، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ى سیاسى و هه‌روه‌ها  بۆ ئاینده‌ى گه‌له‌كه‌مان.

ده‌بێ هه‌مووان ئه‌م ڕاستیه‌ بزانن كه‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌گۆڕه‌پانى سیاسى عێراق و هه‌رێمدا، به‌ واتاى باشكردنى زۆرێك له‌ قه‌یرانه‌كان و به‌رقه‌راربوونى ئارامى خه‌ڵك و زامنكردنى ئاینده‌ى سیاسى گه‌له‌كه‌مان دێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP