لاھور شێخ جەنگی تروسکه‌ی دوای تاڵەبانی

کاروان عەلی شامار - 14-12-2019 - 9257 جار خوێندراوەتەوە

گومان له‌وه‌دا نییه‌ کە لەدوای کۆچی دوایی مام جەلال بۆشاییەکی گەورەی سیاسی و بەڕێوەبردن لەنێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا دروست بوو، ئه‌میش به‌هۆی نه‌بونی کاریزمایه‌کی هاوشێوه‌ی مام که‌ توانای ئیدارەدان و حه‌سمکردنی بڕیاره‌ گرنگ و چارەنوسازەکانی هه‌بێت، هه‌موو ئاماژه‌کان له‌دوای تا‌ڵه‌بانی ده‌ڕواننه‌ ڕۆڵ و کاریگەری گه‌نجێکی سیاسی دیپلۆماتکار کە خاڵی به‌هێزی ناوکۆی یه‌کێتیه‌و نه‌وه‌ی دوێنێ و ئه‌مڕۆی یه‌کێتیه‌کانی به‌یه‌که‌وه‌ گڕێداوه‌، واته‌ ئه‌وه‌ لاهوره‌ که‌ بووه‌ به‌ کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو کاسته‌که‌ بۆ بنیادنانی ئاینده‌یه‌کی باشتر بۆ یه‌کێتیه‌کان، له‌ ئاستی ده‌ره‌کیش وڵاتانی زلهێزی دنیا به‌گرنگه‌وه‌ له‌توانای لاهور ده‌ڕوانن، بینین و پێشوازی شاندەکان له‌ ئاستی باڵاو پێشوازیلێکردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆکی وڵاتانی زلهێزی دنیاو هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی ده‌یان دیبەیت و سمینار له‌ زانکۆ هه‌ره‌ گه‌وره‌و گرنگه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکاو ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن که‌ لاهور فیگه‌رێکه‌ له‌ لوتکه‌دا وه‌ستاوه‌ و که‌م سیاسی توانای کاریزمای و ده‌رکه‌وتنی وه‌ک ئه‌ویان هه‌یه‌. 
به‌هه‌وڵ و کۆششی لاهور شێخ جه‌نگی خه‌ریکه‌ جارێکی تر سلێمانی باوه‌ش بۆ شاندە‌ بیانیەکان‌ ده‌کاته‌وه‌

 

بۆ نمونە لە ئاستی دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندی ئیقلیمی، یه‌کێتی پاشەکشەیەکی زۆری کردوە، به‌جۆرێک له‌سه‌رده‌می تاڵه‌بانی شاندە بیانییەکان پێش گەشتنیان بە ھەولێرو بەغدای پایتەخت سەردانی سلێمانیان دەکرد، سلێمانی ببو به‌ ناوەندی چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی کێشەو ململانێ سیاسیەکانی عیراق و ناوچەکە، وه‌لێ به‌ داخه‌وه‌ نەتوانرا سود لەو پەیوەندییە فراوانەی مام وەربگیرێ، ماوەیەک سلێمانی ھێندە پەرگیرکرابوو تەنانەت شاندی پارته‌ سۆسیال دیموکراته‌کانیش نەدەھاتنە شارەکە‌، لێ به‌هه‌وڵ و کۆششی لاهور شێخ جه‌نگی خه‌ریکه‌ جارێکی تر سلێمانی باوه‌ش بۆ شاندە‌ بیانیەکان‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ ماوه‌یه‌که‌ ئاراسته‌ی سه‌ردانه‌کانیان به‌ره‌و هه‌ولێر گۆری بوو‌، به‌مه‌ش توانیویه‌تی جارێکی تر پەیوەندی و لینکه‌ سیاسی و دیپلۆماسیەکانی‌ یه‌کێتی رێک و فۆرمولەکاتەوە.

رێکه‌وتنی ده‌باشان ئه‌گه‌رچی به‌ئاماده‌بونی کۆچکردو مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان واژۆکرا وه‌لێ تا ئێستا هه‌نگاوه‌کانی له‌ ئاست خواستی جه‌ماوه‌ری هه‌ردولادا نییه‌

 

لە ئاستی نێوخۆیی و سیاسیشدا، یه‌کێتی هه‌نوکه‌ هێزێکی بێ پشتیوان و ته‌نیایه‌،‌ به‌جۆرێک که‌ نه‌یتوانیوه‌ شه‌راکه‌ت و دۆستایه‌تیه‌کی باشی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کاندا هه‌بێت، وه‌لێ لاهور جەنگی ھەمیشە‌ به‌و میتۆده‌ جیاوازه‌ کاری کردووه‌ که‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی (ی ن ک) له‌گه‌ڵ هیزو لایه‌ن سیاسیه‌کاندا باش و ئه‌رێنی بێ به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆراندا. رێکه‌وتنی ده‌باشان ئه‌گه‌رچی به‌ئاماده‌بونی کۆچکردو مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان واژۆکرا وه‌لێ تا ئێستا هه‌نگاوه‌کانی له‌ ئاست خواستی جه‌ماوه‌ری هه‌ردولادا نییه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی تاقمێکی ده‌سکه‌لاوه‌ که‌ ھەرجارەو بەشێوازێ رێگری و به‌ربه‌ستی بۆ دروست ده‌که‌ن، ئەوەندەى تێبینیم کردبێت ئەم گەنجە زیاتر له‌هه‌ر که‌سێک لەخەمی جێبەجێکردنی‌ رێکەوتننامەى نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕاندا بووە‌‌، چونکە باش دەزانێت ئاییندەى سنووری (سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گەرمیان و راپەڕین و که‌رکوک) تەنها و تەنها یەکێتی و گۆڕان بەرێوەی دەبەن. وێرای رێگرییه‌کان لەبەردەم ئەو رێکەوتنەدا، بەڵام ئومێدم وایە لاهور تاڵەبانی ئەو بنبەستانە بشکێنێت لەدەمکەلەوە ئاسۆ بهێنێت. یەقینم وایە ئەو شەونخونییەی بۆ ئەم رێکەوتننە مێژووییە دەستی داوەتێ بێبەرهەم نابێت و لەئاییندەدا ئەو دوو حیزبە بەھەر پێودەنگێک بێ دەبێ رێککەون و روئیاو ستراتیجیان یەکبخەن.

لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ک یه‌که‌م سه‌رکرده‌ی سیاسی و سه‌ربازی کورد سه‌رباری گرفت و له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌می توانی هاوکاری سه‌ربازی و لۆجستی پارچه‌کانی تری کوردستان بکا که‌ له‌سه‌روبه‌ندی روخاندابون

 

له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کوردانی پارچه‌کانی تری کوردستانیشدا، یه‌کێتی به‌هۆی مژوڵی به‌ کێشه‌ ناوخۆییەکانی و رێکخستنه‌وه‌ی نێو ماڵیه‌وه‌ وه‌ک پێویست نه‌یتوانی بوو پشتیوانی پارچه‌کانی تری کوردستان بکا، وه‌لێ ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بۆ کادیرانی یه‌کێتی که‌ شانازی به‌وه‌وه‌ بکه‌ن که‌ لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ک یه‌که‌م سه‌رکرده‌ی سیاسی و سه‌ربازی کورد سه‌رباری گرفت و له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌می توانی هاوکاری سه‌ربازی و لۆجستی پارچه‌کانی تری کوردستان بکا که‌ له‌سه‌روبه‌ندی روخاندابون. ئه‌و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنانه‌ی تریش که‌ به‌درێژایی سنوری یه‌کێتی زۆرترین بنکه‌و باره‌گایان هه‌یه‌و تاراده‌یه‌کی باش توانیویه‌تی له‌ هه‌ره‌شه‌ی هێزه‌ کۆلۆنیسته‌کانی دراوسێ بیانپارێزێ، هۆکاری ھەماھەنگی و باشی پەیوەندی نێوان یه‌کێتی و ئه‌و هێزانه‌ش به‌هۆی ئه‌و لینکه‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌وه‌یه‌ که‌ لاهور شێخ جه‌نگی دورستی کردووه‌ ئه‌م کاره‌ش هه‌روا به‌سانایی نه‌کراوه‌‌ وه‌لێ به‌هۆیه‌‌وه‌ ده‌یانجار ڕیسک به‌ ژیانیان کراوه‌و له‌ لێواری مه‌رگ گه‌راونه‌ته‌وه‌. 

له‌ دوای ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و عیراق تاراده‌یه‌ک لاهور شێخ جه‌نگی ئیعتیباری بۆ یه‌کێتی گه‌ڕانده‌وه‌و توانی له‌هه‌مبه‌ر زاڵبونی ھەژمونی نه‌یارانی یه‌کێتیدا بوه‌ستێ

 

خولاصە، له‌ دوای جیابونه‌وه‌ نێوخۆییه‌کانی یه‌کێتی، پارسەنگی ھێز به‌ ته‌واوی لە کوردستاندا گۆڕدرا ئه‌مه‌ش هیچ لە بەرژەوەندی خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌دا نەبوو، ئەم فاکتەش کاریگەری ھەبوو لەسەر پێگه‌ی یەکێتی، وایکرد که‌ سلێمانی له‌ چه‌قی بڕیاردانی‌ سیاسی  دوربکه‌وێته‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌که‌و کادیرانی یەکێتی رۆژانە دەرگیری دەیان گرفت و کێشەی ئیداری و سیاسی جیاواز دەکرانەوە، خزمه‌تگوزاری له‌ ناوچه‌که‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ پاشه‌کشه‌دابو‌، وەلێ له‌ دوای ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و عیراق تاراده‌یه‌ک لاهور شێخ جه‌نگی ئیعتیباری بۆ یه‌کێتی گه‌ڕانده‌وه‌و توانی له‌هه‌مبه‌ر زاڵبونی ھەژمونی نه‌یارانی یه‌کێتیدا بوه‌ستێ، بوو به‌ عه‌رابی هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌کێتی، هه‌نوکه‌ش کۆنگره‌یه‌کی چاره‌نوساز له‌ به‌رده‌م یه‌کێتیه‌کاندایه‌ یه‌قینم بە ئینسافەوە خوێندنەوەکی بابەتی بۆ دۆخی ئێستای یەکێتی بکرێ ئه‌وا لاهور ده‌توانێ یه‌کێتی بخاتەوە سەر شاڕێگەو سه‌رله‌نوێ بیکاته‌وه‌و به‌و یه‌کێتیه‌ی که‌ هه‌موو تاکێکی کورد شانازی پێوه‌ بکا. بەپێی ھەموو ئەو ئاکت پێودانگانه‌ش بێ لاھور شێخ جه‌نگی دەتوانێ له‌ داهاتودا ببێ به‌ تروسکه‌ی دوای تاڵه‌بانی و هه‌روه‌ها ده‌رچه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ر و ڕزگاربوونی یه‌کێتی له‌ ئاڵنگارییه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کانی.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP