مانگاکەی موسا و پلانەکانی تەندروستی

سیامەند خەلیل - 14-12-2019 - 2709 جار خوێندراوەتەوە

گەرچی لە نیوەدورگەی عەرەب و دەرکەوتنی ئایینی ئیسلامدا بەخێوکردنی مانگا باو نەبووە بەڵام درێژترین سورەتی قورئانی پیرۆز بەناوی مانگاوەیە. چیرۆکی ئەم مانگایە لە پیاوێکی دەوڵەمەندی سەردەمی موسا پەیامبەرەوە سەریهەڵداوە، ئەو پیاوە کە خاوەنی سامانێکی زۆربوە بەڵام هیچ منداڵێکی نەبوە تا بەمیرات سامانەکەی بۆ بەجێ بمێنێت، دواتر برازایەکی دەیکوژێت و بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی لە نزیک گوندێکی دیکە تەرمەکەی فڕێدەدات، بەمجۆرە لەنێوان ئەم دوو ناوچەیەدا ناکۆکی بەرپادەبێت، کەسوکاری کوژراوەکە گوایە زۆر عەوداڵی بەرژەوەندی گشتی و دەستنیشانکردنی بکوژەکە دەبن بۆیە پەنا بۆ موسا دەبەن، لەوەڵامیاندا خودا فەرمانیان پێدەکات مانگایەک بکەنە قوربانی بۆ دۆزینەوەی تاوانکارەکە بەڵام ئەوان خۆیان لە گێژی دەدەن و هەرجارە بیانویەک دەهێننەوە کە گوایا نازانن مەبەست کامە مانگایە. لە بەشە هەرە گرنگەکەی کەرتی تەندروستیدا کە بەشی پلاندانە هەمان چیرۆک دەگوزەرێت، هەرچی پلانێک کە مەبەستی سەرەکی دەستنیشانکردنی تەنگوچەڵەمە و بەرنامەرێژی بێت بۆ پێشخستنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان جێبەجێ ناکرێت لە رواڵەتیشدا ئەم بەشە هەمیشە لە گەڕان و پشکنین بەردەوامە. 
تۆمارکردنی سەرپێچی و دەستبەسەراگرتنی دەرمانی ئێکسپایەر و خۆراکی بەسەرچو لە ریزبەندی پێشەوەی هەواڵەکانی کەرتی تەندروستیدان و بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکان شانازیان پێوەدەکەن

 

تۆمارکردنی سەرپێچی و دەستبەسەراگرتنی دەرمانی ئێکسپایەر و خۆراکی بەسەرچوو لە ریزبەندی پێشەوەی هەواڵەکانی کەرتی تەندروستیدان و بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکان شانازیان پێوەدەکەن بەڵام مرۆڤ ئەگەر رۆژی دەیان چالاکی لەوانە بەر گوێ بکەوێت هێشتا ناتوانێت تۆسقاڵێک دڵنیابێتەوە کە ئەم دامەزراوانە لە ئاستی ئەوەدان تەندروستی هاوڵاتیان بپارێزن، ئەم حەقیقەتە تاڵە دەرئەنجامی دوو هەڵەی گەورەیە.

هیچ پلانێکی ستراتیژی و درێژخایەن نیە بۆ کەرتی تەندروستی و بێکارترین بەش لە نێو کەرتی تەندروستیدا بەشی پلاندانە ئەگەرنا دەبو ساڵانە بەرنامەی پێشوەختەی خۆی رابگەیەنێت 

 

یەکەمیان: هیچ پلانێکی ستراتیژی و درێژخایەن نیە بۆ کەرتی تەندروستی و بێکارترین بەش لە نێو کەرتی تەندروستیدا بەشی پلاندانە ئەگەرنا دەبو ساڵانە بەرنامەی پێشوەختەی خۆی رابگەیەنێت و پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رای گشتی بکات وەک ئەوەی لەسەر ئاستی زانستی، خۆپارێزی، هۆشیاری، بنیادنان، ئامێروپێشکەوتنەکان و گەشەپێدانی توانای مرۆیی بەرنامەی چیە و چی دەکات، ئەگەر ئەو کارەیان بکردایە ئەوکات دەرفەت دەبوو چین و توێژەکان پێشنیار و رەخنەی بنیادنەر پێشکەش بکەن و بێگومان چەندین رێکخراو  و دامەزراوەش هاوکاردەبون لە جێبەجێکردنیدا بەڵام کە ئەم بەشە گرنگە تەمبەڵانە کارەکانی کرد ئەوا پێویست بەوەدەکات هەر نەخۆشخانە و ناوەندێک لە روانگەی خۆیەوە و لەسەر بنەمای توانا کارگێڕیەکانی کارەکانی خۆی بەئیستیقلالیەتەوە ئەنجامبدات، ئەمەش دەکەوێتە سەر هەوڵی شەخسی بۆیە لە مەڵبەندێک تا مەڵبەندێکی تر و لەناوچەیەک تا ناوچەیەکی تر جیاوازی هەیە لە خزمەتگوزاریەکاندا.
لەبەرئەوەی بەشی پلاندان هیچ بەرنامەیەکی راگەیەنراوی ئەوتۆی نیە کەواتە ناونیشانی بەشی (بەدواداچون)ی بۆ زیاد دەکرێت و جارێکی تر لە بەتاڵیدا ئەم بەشە دەبێتە پۆلیس

 

دووەمیان: لەبەرئەوەی بەشی پلاندان هیچ بەرنامەیەکی راگەیەنراوی ئەوتۆی نیە کەواتە ناونیشانی بەشی (بەدواداچون)ی بۆ زیاد دەکرێت و جارێکی تر لە بەتاڵیدا ئەم بەشە دەبێتە پۆلیس بەرامبەر سەرجەم ناوەندە بچوک و گەورەکانی تەندروستی خوارخۆی کە زۆرجاریش رەنگە رێگربوبێت لە ئەنجامدانی هەر گۆڕانکاری و پێشخستنێکی خزمەتگوزاریەکان کە تاک لایەنە لەناو ئەو نەخۆشخانانەدا بەرنامەی بۆ دانرابێت.
پلاندانانی تەندروستی پێویستە جیاوازبێت لە چیرۆکی ئەوانەی کە لە روکەشدا پەرۆشبون بەڵام ئامادەش نەبون مانگایەکی خۆیان بکەنە قوربانی بەرژەوەندی گشتی

 

پلاندانانی تەندروستی پێویستە جیاوازبێت لە چیرۆکی ئەوانەی کە لە روکەشدا پەرۆشبون بەڵام ئامادەش نەبون مانگایەکی خۆیان بکەنە قوربانی بەرژەوەندی گشتی کە بەردەوام چارەسەرخوازان و ستافە تەندروستیەکان باجی نەمانی متمانەیەک دەدەن کە هیچ لایەکیان تێیدا بەرپرسیارنین و رۆژ لە دوای رۆژ کێشە و تەنگوچەڵەمەکانی نێوان پزیشک و کارمەندان لەگەڵ نەخۆش و کەسوکاریاندا زیاتر دەبێت و لە هەندێک باردا کێشەکان سەری کێشاوە بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەریەکتری وەک ئەوەی ئەم دوو پێکهاتەیە لە دوو کۆمەڵگەی دژبەیەکەوە هاتبن.
سادەترین ئەرکی بەشی پلاندانان لە تەندروستیدا، لەوێوە دەستپێدەکات کە  ژمارەی ساڵانەی پێشبینیکراو بۆ هەر نەخۆشیەک هەڵبسەنگێنێت و رێوشوێنی پێویستیان بۆ دابنێت

 

سادەترین ئەرکی بەشی پلاندانان لە تەندروستیدا، لەوێوە دەستپێدەکات کە  ژمارەی ساڵانەی پێشبینیکراو بۆ هەر نەخۆشیەک هەڵبسەنگێنێت و رێوشوێنی پێویستیان بۆ دابنێت، بۆ نمونە نەخۆشی شەکرە کە چارەسەری نیە ساڵانە ئەگەر سێ هەزار حاڵەتی نوێ تۆمار بکرێت ئەوا دوای دە ساڵی تر، کۆی دوچاربوانی شەکرە تەنها لە سلێمانیدا دەگاتە شەست هەزار کەس، شێرپەنجە دەگاتە زیاتر لە پەنجا و پێنج هەزار کەس، ئەگەر ئیدارەی کەرتی تەندروستی بەم چەشنەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا لە ساڵی ٢٠٣٠دا ژمارەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی قورسیان هەیە لە ژمارەی لەشساخەکان زیاتردەبێت.
لە نەبونی پلانی ستراتیژی بەشی پلانداندا، خوێنی هەزاران قوربانی دەکەوێتە ئەستۆی هەموی ئەوانەی پشتگیری لەم بەڕێوبەریەتیەی ئێستای کەرتی تەندروستی دەکەن 

 

لە نەبونی پلانی ستراتیژی بەشی پلانداندا، خوێنی هەزاران قوربانی دەکەوێتە ئەستۆی هەموی ئەوانەی پشتگیری لەم بەڕێوبەریەتیەی ئێستای کەرتی تەندروستی دەکەن و لە پێش هەموشیانەوە تاوانباری سەرەکی ئەو کەسانەن کە کەمتەرخەمی دەکەن لە چالاککردنی ئەم رەگەزە گرنگەی تەندروستی و ناکارایی و بێتوانایی لە دانانی پلان و پێشخستن بە ئەنجامدانی نمایشی لێپێچینەوە و بەدواداچون پەردەپۆش دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP