لە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مڕۆڤ

ئەحمەد کامەران - 12-12-2019 - 1160 جار خوێندراوەتەوە

حەفتاو یەک ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژێکی  وەکو ئەمڕۆدا واتە لە 10|12  کە جارنامەی مافەکانی مڕۆڤ لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ئیمزاکرا ، کە هاوکاتیش هەموو ساڵێک یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە ، کە لەو یادەدا ئەوەمان پێی دەڵێت کە ئیتر لە پاش ئیمزاکردنی ئەو جارنامەیەوە، بووە دەستپێکێک بۆ پێشێلکردنی تەواوی مافەکانی مڕۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویەدا.

هەرچەندە لە جارنامەکەدا چەندین مادەی تێدایە کە هیچ کامیان بایەخی ئەوتۆی پێ نەدراوە بۆ مڕۆڤ، وەیەکێک لە مادەکان کە زۆر بەلامەوە جێگای تێبینەی ئەوەیە کە ئاماژە بەوە دەکات کە دەلێت:هەموو مڕۆڤەکان بە تەواوەتی لە بەردەم یاسا یەکسانن  وە نابێت هیچ جیاوازیەک بکرێت لە نێوانیاندا بەڵکو بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵیان بکرێت بۆ ئەوەی مافەکانی خۆیان وەربگرنەوە، بەڵام خۆی لە بنەڕەتدا ئەو مادەیە بە هەڵە نووسراوە چوونکە لە بیریان کردوە شتێکی بۆ زیاد بکەن کەئەویش تەنیا مڕۆڤە هەژارەکانە کە دەبێت لەبەردەم یاسا چۆک دابدەن و بە هەموو سزایەکی دادگاو یاسادا ڕازی ببن و نابێت دەنگ هەڵببڕن ئەگەرنا دەنگیان بەتەواوەتی کپ دەکرێت، بەڵام بۆ مرۆڤە دەست ڕۆیشتووەکان  کە بە مڕۆڤە گەورەکان دادەنرێن لە نێو کۆمەڵگا ئەوان بۆیان هەیە ئەگەر هەر سەرپێچیەک بکەن یاخود هەر خراپەیەک بکەن نابێت یاسا سزایان بدات کەچی خۆی لە بنەڕەتدا هەر خۆیانن یاسا بەڕێوە دەبەن و یاسا دادەنێن بۆ کەسانی هەژار و لێقەوماو ، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە دادپەروەیەکی ڕاستەقینە لەنێوان مڕۆڤەکان دا نیە خۆی لە بنەمایەکی ڕاستەقینەدا کە دەبێت بگوترێت ئەوەیە کە زۆر بەلاوە ڕوونەوە.

ڕۆژانەش لەپێش چاوی خۆمەوە بەهەزاران خراپی و گەندەڵی و پێشلکردنی مافی هەژاران دەکرێت کەچی یاسایەکی دادپەروەرنیە مافی لێقەوماوان وەربگرێتە ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وشەی دادپەروەری لەلایەن مڕۆڤە گەورەکان تیرۆر کراوە زیندەبەچاڵیان کردوە بۆئەوەی هەژارەکان بخەنە ژێر دەستی خۆیان وکە ئیتر بەهیچ شێوەیەک داوای مافەکانی خۆیان نەکەن لە یاساو هەربۆیە ئەم ڕێکخراوانەی بەناو مافی مڕۆڤ و یاخود نەتەوە یەکگرتوەکان کە ئەمانە خۆیان بە پارێزەری مافەکانی مڕۆڤ دادەنێن بەڵام هیچ کاتێک ڕاست نیە و تەنیا بەرژەوەندی خۆیان لە پێشەنگی کارەکانی خۆیان داناوە هیچ تر... چوونکە هەردەم و هەردەم هەژاران و بە تایبەتی چینی  کرێکار کە چینێکی گەورە ستەملێکراوە بەردەوام دەبێت لە پێشلکردنی مافەکانیان هەتاوەکو ئەو ڕۆژەی دەنگێکی ڕاستەقینەی دادپەروەر درووست نەبێت کە بتوانێت ڕووبەڕووی هەموو پێشلکاریەکان ببێتەوە کە لەبەرامبەر مڕۆڤە هەژارەکان دەکرێت. 

ئەگەر ئێستا نموونەیەکی بچووک بهێنمەوە کە لە سەردەمی ئێستادا دەبینین بە دەیان مڕۆڤی هەژار بێ حالە لە ماڵ و حالی خۆیان دەرکراون کەچی ئەگەر ئێستا یاسایەکی دادپەروەر بوونی هەبوایە ئەوا مافی ئەو مڕۆڤە هەژارانەی لە کەسە خراپەکان وەردەگرت کە خۆیان بە مڕۆڤی گەورە داناوە وەرگرتبایەوە ئێستا  ئەو جۆرە مڕۆڤانە ژیانیان وانەبوو بەڵام نیە نیە نیە بۆچی؟ نازانم!.

جیاواز لەم مادەیە کۆمەڵێک مادەی تری تێدایە کە یەکێکی تریان لەو مادەیە باسی ئازادی ڕادەڕبڕین دەکات بێگومان ئەم مادەیەش دووبارە هیچ خزمەتێکی بە ئازادی ڕادەڕبڕین نەکراوە بەڵکو بەردەوام پێشێلی تەوای ئازادی ڕادەڕبرینەکان دەگرێت لە نێوان مڕۆڤەکان لەسەر ئاین و ڕەگەز و نەژاد و ڕەخنەگرتن...هتد کە زۆرجاران ئەو مڕۆڤە بەرەو ڕیگای مردن دەبرێت بەڵام ئازادی ڕادەڕبڕین خۆی لە بنەڕەتدا دەبێت لە ناخی تاکەکانەوە هەڵ بقولێتەوە کە  بەخۆیان بڵین من مڕۆڤم بوونم هەیە لەسەر ئەم گۆی زەویەدا هەربۆیە من ئازادم و بە ئازادانە بیردەکەمەوە و بە ئازادانە دەژیم و لە هیچ کەسێک قەبول ناکەم سنور بۆ ئازادی بیڕوڕاکانم دابنێت بەڵکو ئەوە خۆمم کە چۆن سنور دادەنێم بۆ بیڕوڕاکانم نەک کەسێکی تری بەرامبەرم، کەسی بەرامبەر ئەرکی ئەوەیە کەتەنیا  ڕێز لە بیروڕاکانم بگرێت  وە بە پێچەوانەوەش منیش بیڕوڕاکانی بەرامبەر بە هەند وەربگرم و سووکایەتی پێ نەکەم ، کە ئەمەش وا دەکات یەکسانیەک لە نێوان مڕۆڤەکان درووست بێت.

خۆی لە بنچینەی مڕۆڤایەتی دا کاتێک  مڕۆڤ  دێتە سەر ئەم گۆی زەویەدا هەموو مڕۆڤەکان وەکو یەکن و  هیچ جیاوازیەکی لە نێوانیان دا بەدی ناکریت بەڵام بە تێپەر بوونی کاتەکان و سەردەمەکان مڕۆڤەکان ئاڵوگۆڕی مەترسیداریان بەسەردا دێت، کە هیچ کاتێک هەست بە بوونی خۆیان ناکەن یاخو ڕۆژێک لە خۆیان ناپرسن ئەو جۆرە مڕۆڤانەی کە بە شێوەیک دەگۆڕین کە لە پێستی مڕۆڤایەتی بوون دەردەچن و دەچنە قالبێکی پڕ لە نا مڕۆڤ بوونەوە، بیر لەوە ناکەنەوە کە بڵین ئێمە بۆچی وا گۆڕاوین چوونکە ئێمە مڕۆڤین وشەی مڕۆڤ واتە درووسکردنی هێلانەی خۆشەویستی لە نێوان یەکدی نەک درووستبوونی ڕق و کینەوە یەکتر لە ناوبردن کە ئەمە هیچ کاتێک سوود بە مڕۆڤایەتی بوون ناگەیەنێت، هەربۆیە دەبێت مڕۆڤ لەگەڵ خۆی دابنیشێت و دادگایی خۆی و دەروونی بکات نەک هەر بەشێوەیەکی هەڕەمەکیانە بیر لە ژیان بکاتەوە کە لە دەرئەنجامەکەیشی بە زیان دەشکێتەوە بەسەر خودی مڕۆڤایەتی بوون.

مڕۆڤ وشەیەکی ئاڵۆز و بێ سەرو بەرە

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP