بون بە ئەندام کۆنگرە بەرپرسیارێتیە

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 10-12-2019 - 3265 جار خوێندراوەتەوە


هەموو حزبێکی سیاسی پێویستی بە ریفۆرمی نێو خۆیی هەیە بۆ ئەبدەیت کردن و رێکخستنەوەی دیسپلینی کاری خۆی،بۆ ئەم مەبەستەیش  باشترین چارەسەر بە ستنی کۆنگرەیە.


کۆنگرەی حزب : کۆبونەوەی گشتی حزبی سیاسیە، پێک دێت لە نوێنەری ئەندامانی حزب، لەزۆربەی حزبەکاندا بەرزترین دەستەڵاتە، هەڵدەستێ‌ بە داڕشتنی سیاسەت‌و ستراتیژ وئامانجەکانی حزب و پەسەندکردنی پەیڕەو وپرۆگرام و هەڵبژاردنی سەرۆک و سەرکردەکانی حزب. 


کۆنگرە بڕیاردەرە لە چارەنوسی حیزبەکە و ستراتیژی حزب دیاری دەکات، چونکە حزب بەوشێوازەی ئەمڕۆی کە لە گۆرەپانی سیاسیدا هەیە، لەباشترین‌ و گونجاوترین‌ و سەرکەوتوترین‌ و چالاکترین بارودۆخیدا گوڕو تین‌ و جۆش‌ و خرۆشیدا تەنها بڕی چوارساڵ دەکات‌ و پاشان بەرەو لاوازی‌و داهێزران دەڕوات. ئەمەلەکاتێکدا حزبیش وەک زۆربەی مادە سروشتیەکان بەخاوبونەوەو پەنگ خواردن و قەتیس مان‌و وەستان بۆگەن دەکات، وتوانای گۆڕانکاری‌ و بەرەو پێشچون‌ و بەدیهێنانی ئامانجەکانی نامێنێ‌. گەر بەمجۆرە بەردەوامبێت دەگاتە هەڵوەشان‌ و لێکترازان تا ئاستی لەناوچون.

وەک چارەسەرێک بۆ هێشتنەوەی حزب لە بارودۆخێکدا کەبتوانێ‌ بەکارو چالاکیەکانی هەستێ‌، دەبێت کۆنگرە ببەسترێت


کەواتە..وەک چارەسەرێک بۆئەم کێشەوگرفتە‌و هێشتنەوەی حزب لە بارودۆخێکدا کەبتوانێ‌ بەکارو چالاکیەکانی هەستێ‌، دەبێت کۆنگرە ببەسترێت، بەستنی کۆنگرەیش ڕێوشوێنی یاسایی و حیزبی خۆی هەیە،بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ گۆڕانکاریەکی چارەنووساز و نوێ بوونەوە سەرەتا دەبێت لەرایەڵەی خوارەوە بەهەڵبژاردنی نوێنەرایەتی لە سەرجەم چین و توێژەکانی دەزگاکانی حیزب ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردرێت.


 ئەندامانی کۆنگرە دەبێت ئەوە بزانن هەڵبژاردنیان لەلایەن هەڤاڵە کانیانەوە وەک نوێنەری ئەوان  بۆ بوون بە ئەندام کۆنگرە بەر پرسیارێتیە بەقەد ئەوەی تەنها ناوێک بیت و پەیکەر ئاسا تەنها بوونی هەبێت،ناشبێت بهێڵی کەسانێک رۆبۆرت ئاسا بە ئارەزووی خۆیان بۆ مەبەستی کەسی و تایبەتی دەستەگەری هەڵیسوڕێنن. 

پێویستە بوێرانەو بەرپرسانە‌و نوێخوازانە زۆرترین گۆڕانکاری ئەرێنی بکەن

 


دەبێت ئەندامانی کۆنگرە ئەوە بزانن  کە ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری ڕیشەی وبنەڕەتی بکەن لە بەشداری کردنی کارایان لەخاڵ بەخاڵی بەندەکانی پەیڕەوو پرۆگرامی حیزبەکەیان،چونکە تەنها ڕێگای سەرکەوتن ‌وهەڵکەوتن‌و خزمەت‌و بەرەوپێش چون‌و داهێنان، ئەوەش تەنها بەوان دەکرێ‌‌ و ئەرک‌ و بەرپرسیارێتی ئەوانە، بۆیە پێویستە بوێرانەو بەرپرسانە‌و نوێخوازانە زۆرترین گۆڕانکاری ئەرێنی بکەن، وەهیچ بەهانە‌و پاساوێک لەم ئەرک‌و بەرپرسیارێتیە مێژوییە یان دودڵیان نەکات.


بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتی حیزبەکەشیان دەبێت ڕەچاوی ئەوەبکەن کە کادری گەنج و ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و کەسانی شارەزای بوواری سیاسەتی سەردەم هەڵبژێرن، چۆنکە  کۆنگرە چی لە ڕوویی ناوخۆیی حیزب یان لە دەروەی حیزب  چاوەڕوانی گۆڕانکاری ڕیشەیی لێدەکرێ.  بۆیە حیزب پێویستی بە سەرکردایەتیەکی  بەهێزو خاوەن بڕیاری جدیە کە بتوانێ بەر پرسیارێتی قۆناغەکە لە ئەستۆ بگرێ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP