ئامانجمان لە گۆنگرە

سەپان ئەنوەر - 8-12-2019 - 1255 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی ساڵانێکە بەدەست بێ پرنسیپ و دسپلینی حزبی دەناڵێنێ، هەر ئەمەشە یەکێتیی توشی شپرزەیی و ناکۆکی ناوەخۆی کردۆتەوە، بۆیە ناکرێ چیتر عەقل لەناو بریاری یەکێتیی غائیب بێ، بێ بوونی پلانی کورتمەوداو ستراتیجی درێژخایەن  چیتر یەکێتیی نابێتەوە حزبی جەماوەر و شەهیدان، بۆیە تاکە رێگەی سەرکەوتنی یەکێتیی ئەنجامدانی گۆنگرەیە لە کاتی دیاریکراوی خۆی و دواکەخستی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. 

رێگەی سەرکەوتن و دەربازکردنی یەکێتیی لەو دۆخەی ئێستای، نەهێشتنی ئەو پەڵە هەورە رەشەی کە بەفۆرمی جیاواز زەین و دیدی کادرانی تاریک کردوە ویژدانی لێسەندونەتەوە و بەڵام هێشتا هۆشیاری لای یەکێتییی یەکان ئامادەیە  کە چیتر درۆ پارەو فشار، تا دواسات سەروەر نابن، یەکێتیی ئامانجەکانی زۆر لەوەگەورەترە  کە کەسانێک بە هەڵپەی چوونەناوگۆنگرە بیانەوێ ئامانجە گشتییەکانی یەکێتیی لە خۆیان و چوونە ناو گۆنگرە کورت بکەنەوە، سەرپێخستنەوەو راستە ڕێکردنەوەی یەکێتیی پێویستە لەئامانجی هەرەپێشنەی ئەندامانی گۆنگرە و گشت هەڤاڵانی بەشداربوو بێت. 

یەکێتی خاوەنی بنەماگەلێکە کە دەکرێ هەموویان بکەینە خاڵی وەرچەرخان و نوێ بوونەوەو بوژانەوەی شادەماری یەکێتیی کە هەموو هەڤاڵان و جەماورە لەبن نەهاتووەەکەی پەیوەست بن بە مێژوو و بنەماکانی یەکێتیی، دەکرێ ڕەگە داکووتاوەکەی یەکێتیی بە خوێنی تازە ئاو بدرێتەوە سەر لەنوێ کوردستانی پێ سەوز بکەینەوە. 

بۆیە پێویستە ئاگامان لەو هۆکارو کەرستە مرۆییەی بەر لەکۆنگرە بێت چوونکە ئەوان لەبەردەم بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی سەرەکیدان نابێ ببن بەشێک لەو یەکێتییەی کە پێویستە لە هەموو خانەیەکدا بگۆڕدرێت و بەهانەش بۆ بەردەوامبوونی ئەو یەکێتییەی ئێستا نەهێنەوە چونکە  هەرئەوانن دەبنە هۆکارو ئەنجامی تموحەکانمان کە دەمێکە هەڤاڵانی یەکێتیی و جەماوەرە دڵسۆزەکەی خەوی پێوەدەبینن، گرنگە ئەندامانی کۆنفراسی مەڵبەندەکان ببنە بەشێک لە بونیاتنانەوەی یەکێتیی یەکی تەواو نەک ببنە بەشێک لە شتێکی ناتەواو، خۆیان و یەکێتیی نەکەنە قوربانی ئەو فکرو سایکلۆژیا نەخۆشەی کە یەکێتیی کوناودەر کردوە، بۆیە ئەوان لە پرۆسەیەکی دژوارو قۆناغی ئاڵوگۆردان زەرورە بە شێوەیەکی راستەقینە لە شتەکان تێ بگەن، بۆ نمونە ئەگەر ئاگر بەر شتێک بکەوێت کە لەبار بێت بۆ سوتان، ئەوا ئەوشتە هەردەبێ بسووتێت،بۆیە پێویستە نەهێڵین چیتر جەستەی یەکێتیی بسووتێت ، کە لەوەو پێش ئەوئاگرەی لەجەستەی یەکێتیی بەربووە بەشتێکی ڕۆتینمان زانیوە. هەر ئەوەشە حزبی کردۆتە سفرەو خوانێکی چەوری کۆمەڵێک سیاسی هەڵپەرست و بەرژەوەندخواز کە بازرگانی بەیەکێتیی یەوە دەکەن. 

یەکێتیی لەبەردەمی رووداوێک و تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە  ، کە ڕوودانی لەکاتی خۆیدا ئەستەم نیەو شتێکی گونجاو ئاساییە دەکرێ یەکێتیی بە بەئاسانی لێی دەرچێت ببێتە یەکێتیی یەکی نەوعی و  نمونەیی، چونکە باوەڕ بوون بەکۆنگرە بە دڵنیایی دەبێتە ئاسۆیەک بۆ کردنەوەی دەرگایەگ و پرکردنەوەی ئەو درزانەی لە واقعی جەستەی یەکێتیی دروست بووە. ئەوەی بۆ کادر لە دۆخێکی وەک ئەمڕۆدا ماوەتەوە درێژەدانە بە دیفاعکردن لە بەهاو بنەما گشتی و سەرەکیەکانی یەكێتییە، بۆیە کادری راستەقینە نابێ بواری شکست پەرستی هەبێت چونکە هێشتا یەکێتییە جوانەکە ماوە بەرگری لێ بکەین، وەک گرامشی دەڵێت "دەکرێت عەقل و بیرکردنەوە ڕەشبین بن، بەڵام ئیرادە هەرگیز رەشبین نیە" بۆیە کادر پێویستە بە ئیرادە بێت بەر لە هە موو شتێک، بۆ ئەوەی قوتاربین لە دەسەڵاتی ئارەزوو ئەمەش بەوە دەکرێ دەستبگرین بە دەسەڵاتی عەقڵ وە بۆ ئەوەی یەکێتیی  بگاتە کەناری هێمن و ئارامی .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP